کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەند گرووپێکی ئاژاوەگیڕ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، بەناوی خۆپیشاندانەوە پەلاماری شوێنە گشتییەکان و دامەزراوە حکومی و حزبییەکان و پەلاماری ماڵی هاووڵاتیان و دوکاندارو بازاڕی خەڵکیشیان داوە. بەسووتاندن و تێکدان و تەنانەت بەشڕەخۆریش، ڕەوشێکی نالەبارو دژواریان لەناو شارەکاندا دروستکردووە، دیمەنێکی شێواویان لەسەر ژیانی ئاسایی خەڵک دروستکردووه و بوونەتە مەترسیی لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستانیش.
ئێمە وەک #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لەکاتێکدا پابەندبوونی خۆمان بە پرەنسیپەکانی ئازادیی و دیموکراسی و مافی خۆپیشاندان و داخوازی ڕەوای کۆمەڵانی خەڵک دووپات دەکەینەوه و خۆمان بەپێشەنگی چەسپاندنی ئه و پرەنسیپانە لە یاساو بنەما سیاسییەکانی حزبەکەمان دەزانین، ڕایدەگەیەنین ئەم کردەوه و ڕەفتارە ناجۆرانە لە تێکدان و سووتاندن و ئاژاوەگێڕیی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی مەدەنی و یاسایی ناگونجێت. ئێمەش کە خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین لە بەرامبەر پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاووڵاتیان و موڵکی گشتی و دەزگا خزمەتگوزراییەکانی شارو شارۆچکەکان بەتایبەتی و خزمەتگوزاریی وێستگەکانی ئاوو کارەبا لەم بارودۆخە دژوارەی زستاندا لەژێر هەر ناونیشان و پاساوێکدا ئەم جۆرە ڕەفتارە نادیموکرات و ناشارستانی و ئاژاوەگێڕییە قبوڵ ناکەین، و بەتوندی ڕەتی دەکەینەوە. پێمانوایە داوای ڕەواو شەرعیی و دادپەروەرانە سەبارەت بە مووچه و گوزەران و ژیانی شایستە بۆ هاووڵاتیان و تێکەڵکردنی ئەمانە لەگەڵ کاروکردەوەی ناڕەواو تێکدەرانه و ئاژاوەگێڕانە و ڕەفتارێکی ترسنۆکانەیە و زیان بە داخوازییە ڕەواکانی خۆپیشاندەرانی ئاسایی دەگەیەنێت.
هەروەها ئەوەش ڕادەگەیەنین کە هاندان و دنەدانی میدیا ئاراستەکراوەکان بۆ ئاژاوەگێڕیی بەناوی ئازادیی کاری میدیاییەوە هەرگیز پەسەندکراو نییە. خوێنی هەموو ئه و کەسانەش کە دەکرێنە قوربانی بەهۆی هاندانی نابەرپرسانەوە لە ئەستۆی ئه و کەناڵانه و ئەوانەدایە کە بە ئەجێندای ئاژاوەگێڕیی لەپشتیانەوەن.
داوامان لە دادگاو دەزگا یاسایی و دامودەزگا بەرپرسەکانە کە بەرپرسیارێتی وەزیفی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان بەرامبەر بە هاووڵاتیان و شارو شارۆچکەکان لە ئەستۆی خۆیان بگرن و ئیجرائاتی قانونی ڕەواو پێویست دژی ئاژاوەگێڕان و گرووپی پشتیانەوە بگرنەبەر.
به و بۆنەیەشەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک داواشمان کردووە ڕوو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ باشترکردنی گوزەران و سیستمی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت بەگشتی بخاتەگەڕ، بەتایبەتیش هی مامۆستایان و هەروەها هی پێشمەرگه و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش کە پارێزەری ئاشتی و پارێزەری سەروماڵی هاووڵاتیانن و دوو ڕۆژی ڕابردوو ئەرکی زۆریان بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتیی لەئەستۆ بووە.
داوا لە هەڤاڵان و تێکۆشەران و جەماوەری سەربەرزی یەکێتیش دەکەین کە خۆیان و کەسوکاریان هەزاران هەزار قوربانیان بۆ ئازادیی کوردستان داوە، وەک هەمیشە داکۆکیکاری سەرسەختی ڕێبازی نیشتمانی و دیموکراسی حزبەکەیان بن، کە ڕەوتی دەیان ساڵەی خەباتەکەی سەلماندوێتی هەر ئەوە لەتەنگانەدا پارێزەری دیموکراسی و ئازادی و مافی مەدەنی و نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵکی کوردستانه و حزبەکەتان و ئۆرگانەکانی لەگەڵ حزبەکانی تر کە نیشانەی فرەییە، بپارێزن. بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان لەئاسوودەیی و ئاسایشدا بژین و دیموکراسی و ئازادیییەکەیان پارێزراو بێت لەدەست ئەوانەی سەلماندیان مانای دیموکراسی و ئازادی و فرەیی نازانن.
داواش لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، کە دیمەنی دیموکراسیی کوردستان پێکدێنن، بەرپرسانە سەنگەری خۆیان لە بەرەی پاراستنی ئەم ئەزموونەی کوردستان پتەوبکەن و بەشداربن لە پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە هەر هەڕەشەیەکی ئاژاوەگێڕانە و تیرۆریستانی خۆ مەڵاسدەر کە ئەجێندای دوژمنانی گەلەکەمان جێبەجێ دەکەن.
پاراستنی ئه و ئەزموونە بەبەشداریی هەموومان هەلومەرجێکی لەبارتر بۆ چوون بەره و هەڵبژاردنێکی دیموکراتی و پاک و بێگەرد فەراهەم دەکات، بۆ هێنانەکایەی حکومەتێکی نوێ کە لەگەڵ خواستی قۆناغێکی نوێی گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکاندا بگونجێت کە حکومەتێکی دیموکرات و خزمەتگوزار بێت.
ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#19-12-2017#