هەموتان دەزانن کە جوڵانەوەی #نەوەی نوێ# ماوەی دوو مانگە دامەزراوە و دروست بوە، بەڵام ئێستا بۆتە یەکێک لە کاریگەرترین هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمە بە قسە نا، لە خۆیشمانەوە واهی ناڵێین، بەڵکو کارەکان و هەروەها کاردانەوەکانی گشت حیزبە سیاسیەکان و بەپیرەوەهاتنی وڵاتانی زلهێز، وامان پێ دەڵێن.
- نەوەی نوێ دەتوانێت بە پشت بەستن بە هێزی گەل و جەماوەر، خۆپیشاندانی فراوان ساز بکات، بێ ترسان لە گرتن و هەرەشە.
- نەوەی نوێ دەتوانێت کۆبونەوەی جەماوەری و سیمینار و کۆڕ ببەستێت لە هەمو شار و شارۆچکەیەک و دەتوانێت هەزاران هاوڵاتیان کۆبکاتەوە.
- نەوەی نوێ دەتوانێت سەردانی وڵاتانی دەرەوە بکات و دونیای دەرەوە لە تاوان و کەموکورتی دەسەڵاتی کوردی ئاگادار بکاتەوە.
- نەوەی نوێ دەتوانێن نمونەیەکی جیاوازی حیزبایەتی نیشان بدات و سەرکردەکانی شار بە شار بگەرێن.
- نەوەی نوێ تاکە حیزبی کوردیە کە سەرکردەکانی شار بە شار لە سۆران و بادینان، لە زۆنی زەرد و سەوز دەگەڕێن و کۆبونەوە دەکەن و دەچنە ناو خەڵک، تاکە هێزە کە توانیوێتی سنوری شارێک جێ بهێڵێت و بازنەی حیزبە لۆکاڵیەکان تێبپەرێنێت و ببێتە جوڵانەوەیەکی سیاسی کە لە هەمو هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم، قورسایی هەبێت و هاوڵاتیان بەرەوپیری ئەم جوڵانەوە بێن.
-نەوەی نەوێ بێ ئەوەی لە ئێستادا هیچ کورسیەکی پەرلەمانی هەبێت، بەڵام قورسایی لە نێو کایەی سیاسی و لە لای وڵاتانی زلهێز، لەو هێزانە زیاترە کە دەیان کورسی پەرلەمانیان هەیە.
- نەوەی نوێ،جگە لە خەڵکانی بە تەمەن و خاوەن ئەزمون، هێزێکی گەورە و لە بن نەهاتوی گەنج و ژنی لەگەڵدایە، کە لە هێزەکانی تردا ئەم تایبەتمەندیە بە دی ناکرێت.
لە کۆتا خاڵیشدا لە بیرتان نەچێت کە نەوەی نوێ هەمیشە کاری کردوە و هێزەکانی تر لە کاردانەوەن بەرامبەر بە ئێوە، هەمیشە نەوەی نوێ پلانی هەیە بۆ داهاتو و خەریکی داهاتوە، بەڵام هێزەکانی تر بە ئێمەوە مەشغوڵن، بۆیە گرنگە کە ئەم تایبەتمەندیە لە دەست نەدەن و قەت نەکەن بکەونە وەڵام و وەڵامدانەوە.
قەت نەکەن خەریکی ئەوان بن، بە پێچەوانەوە، هەمیشە دڵخۆش بن کە حیزبەکانی تر لە خەمی ئێوەدان و باسی ئێوە دەکەن، چونکە ئەمە گەورەیی ئێوە دەردەخات، ئێوە قەت نەکەن بیر لەوان بکەنەوە یان ناویان بهێنن یان باسیان بکەن.
قەت نەکەن وەک حیزبەکانی تر خۆتان بە شتی لاوەکی خەریک کەن، بەڵکو خەریکی بابەتە ستراتیژیەکان بن، قەت نەکەن خەریکی جنێو و تەشهیر و یەکتر ناشیرین کردن بن، بەڵکو خەریکی پەروەردەی جوان و دروستکردنی پارادایمێکی نوێی سیاسی بن، قەت نەکەن لە سۆشیال میدیا و پەیجی بێ دایک و باوک وەڵامی خەڵک بدەنەوە یان جنێو بە خەڵکی بە بدەن، بەڵکو چیتان هەبوو ئازایانە بە ناوی خۆتانەوە بڵاوی کەنەوە و مەترسن.
لە کۆتاییدا دەمەوێت کە پێتان بڵێم ئێوە تەنها بە یەک شێوە سەرکەوتوو دەبن و خەڵکی و هاوڵاتیان ڕیزتان لێ دەگرن، ئەویش ئەوەیە لەم حیزبانەی تر جیاواز بن، وەک ئەمانە مەکەن، کارێک مەکەن کە ئەمان پێشتر کردویانە، وە هەمو ئەوانە بکەن کە ئەمان نەیانکردوە و ئەنجامیان نەداوە لە ڕابردودا.
کوردستان ماوەیەکی زۆرە دەناڵێنێت بە دەست کۆمەڵە حیزبێکی تەقلیدی و کۆمەڵە سیاسیەکی کۆنەوە، کە هەمیشە خەریکی یەکترن و هەروەها خەریکی جنێودان و یەکتر ناشیرین کردنن، وە هیچ کات خەریکی پرۆژەی گەورە و خەونی گەورە نەبوون، نە بۆ خۆیان، نە بۆ میلەتەکەیان، بۆیە زۆر زەرورە کە ئێوە وا نەبن، هەر کات وەک ئەوان نەبوون، ئەوا دڵنیا بن کە سەرکەوتوو دەبن.
وە لە هەڵبژاردنی داهاتودا، هەمویان توانا و هێز و حەجمی ئێوەیان بۆ دەردەکەوێت، هەمویان لە خەوە خۆشەکەیان خەبەریان دەبێتەوە، چونکە هێشتا ئەوانە پێیان وایە کە دەیان ساڵ، یان لایەنی کەم چوار ساڵی حوکمڕانیان لە ناو حکومەت دەتوانن بەردەوام بن و گاڵتە بە هاوڵاتیان بکەن و هیچ خزمەتێکی خەڵکی خۆیان نەکەن، بەڵام خەڵکی هەمو ئەمانەی لە بیر دەچێتەوە و لە کاتی هەڵبژاردنا دیسانەوە دەنگیان پێ دەدەنەوە، ئەمانە هێشتا هاوڵاتیان بە کەم سەیر دەکەن و وای دادەنێن کە ساویلکەن و ئەم حیزبانە هەرچی بکەن، ئەوا خەڵکی دوایان دەکەوێت، نازانن کە هاوڵاتیان و خەڵکی زۆر زۆر لەوە زیاتر هۆشیارە و هەروەها نازانن کە گۆڕانکاری گەورە چاوەڕوانیان دەکات و لەم هەڵبژاردنەدا لە خەوە قوڵەکەیان خەبەریان دەبێتەوە و کۆتایی دێت بە ئەزمونی ناشیرینی ئەو چەند سەرکردە و دەموچاوە سواوەی ناو هەمو حیزبەکان.
بۆیە خۆتان ئامادە بکەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتو و لە چەند مانگی داهاتو بە ژمارە و داتا وەڵامیان بدەنەوە، نەک بە شەری لاوەکی خۆمان خەریک کەین.
هەر سەرکەوتوو بن
#شاسوار عەبدولواحید# - سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
#19-01-2018#