یەکێک لە کێشە گەورەکانی نەتەوەی کورد، تۆمارنەکردنی زانیارییە لەسەر شوێن و کەسایەتییەکانی خۆی لە ئێنتەرنێت، گەورەترین و گرنگترین کارێک کە کورد بیکات ناردنی زانیارییە بۆ ئێنتەرنێت، ماقووڵ نییە من لە گوگڵ دەنووسم دابان هەلاج، پێشمەرگە لەوێ گەورەترین داستانی تۆمار کرد، کەچی هیچ زانیارییەکم لەسەری دەست ناکەوێت! کورد دەڵێی بەشەر نییە، هیچ دەزگایەکی داتا و ڕوپێوی و ئەنترۆپۆلۆژی نییە، بە کوردی پەتی بنووسە کوردستان زانیارییەکی شیاوت دەست ناکەوێت، کەچی بە یابانی بینووسە سەدان داتات لەسەر خۆت دەست دەکەوێت، هەزاران جار بۆ وەرگرتنی زانیارییەکی بچوک لەسەر کورد بە فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی سێرچم کردووە، هەر بەڕاست ئێوە کەی دەبن بە بەشەر؟
کورد یەک گۆرانیبێژی ماقوڵ و ژیری نییە کە چانێڵێکی یوتیوبی هەبێت و گۆرانییەکانی بە تێکست و ناوی تراکەکانیەوە دانابێت، دەیان گۆرانی مەزهەری خالقی هەیە هەتا ئێستاش نازانم ئەڵێت چی، دوو کەلیمەی ئەوەڵی لەگەڵ دەڵێمەوە و لاژە لاژ بەدەم مۆسیقاکەی بە تلی لی و لو لو لو دەیڵێمەوە، هەتا ئێستاش نازانم زەکەریا چی دەڵێت؟ دیاری قەرەداغی چی دەڵێت؟ تەڕەماش و تەڕەساز چی دەڵێت!
کەسێک هەیە من یەک جار بینیومە و پێیان ناساندم، ناوی #هاوڕێ باخەوان#ە، بەلای منەوە ئەم کەسە بەقەد هەزار شۆڕشگێڕ خزمەتی بە نەتەوەی کورد کردووە، بەرپرسی ماڵپەڕی (#کوردیپێدیا#)یە، تۆ لە گوگڵ ناوی شاخێک، ناوچەیەک، کەسایەتی و کتێبێک دەنووسیت، ئەو لە ماڵپەڕەکەیدا تۆماری کردووە و بە ئاسانی دەستت پێی ڕادەگات، ئەم ماڵپەڕە هاوشێوەی (ویکیپیدیا)یە، یەکێکە لە ماڵپەڕە گرنگەکان و دەشێت بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نەتەوەی کورد لە ئێنتەرنێت دابنرێت، دیارە هەشت نۆ ساڵ پێش ئێستا کاک هاوڕێ باخەوان ناوی منیشی وەک ڕۆژنامەنوسێک لەکوردپیدیا داناوە، تەنیا نەتەوەیەک کە لەم بوارەدا بووە بە بەشەر فارسە، بڕۆن سەیری گوگڵ بکەن، هەر تۆ بڕۆ بنووسە گو، دنیایەک زانیاریت لەسەر گو دەست دەکەوێت، لەو ڕۆژانەدا ڕاپۆرتێکی فارسیم بەرچاوکەوت لەسەر شێوەکانی گو، هەربەجدیمە لەسەر گو سەدان ڕاپۆرت بە فارسی نوسراوە! باوەڕکەن ئێمە بەشەر نین، بەخوا یەک حەفتە گوگڵم ژێرە و ژوورکرد لەسەر بومەلەرزەکەی پێنجوێن هیچم دەست نەکەوت، ناچار یەک کتێبم خوێندووەتەوە تابزانم ئەو بومەلەرزەیە کەی و چ ساڵ و ڕۆژ و چەند کەسی تیا مرد!
بەخوا هەتا ئێستاش تێکستی ئەو گۆرانییەی ئەیاز زاخۆیم نەدۆزییەوە (دادێ لانکێ بهەژینە...) کورە بیلاهی کورد بەشەر نییە، لەپێشی هەموویانەوە خۆم! بە دەیان کەسم وتووە وەرن با دەزگایەک دروست بکەین و داتا و زانیاری بخەینە ویکیپیدیاوە، کەس تاقەتی نییە، بەڵام تاقەتیان هەیە 24 سەعات شاتە شات و چەقە چەق بکەن!!
#بەرزان عەلی حەمە#
#11-06-2018#
Denna post har skrivits in (کوردیی ناوەڕاست) språk, klicka på ikonen
för att öppna objektet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Denna post har tittat 5,935 gånger
Skriv din kommentar om den här artikeln !