بێدار شاعیرێکی ناوداری ناوچەی گەرمەسێر و کوردستانە، لە ڕێی شیعرەکانییەوە خزمەتێکی زۆری بە بواری کەلتووری کوردی کردووە.
بابا عەلی کوڕی شێخ عەبدوڵڵا کوڕی شێخ عەلی ناوی تەواوی ئەم شاعیرەیە لە جیهانی ئەدەبدا بە بێدار ناسراوە.
ساڵی 1894 لەدێی ئاوایی گەورەی ناوچەی بنکورەی سەربە شارۆچکەی #خانەقین# لەدایک بووە.
لای باوکی و پیاوە ئایینەکانی سەردەمی خۆی خوێندوویەتی و هەر لە سەردەمی لاوێیتەوە بەدنیای ئەدەب ئاشنا بووە و دەستی بەهۆنینەوەی شیعر کردووە.
بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی شیعری نووسیوە. بێدار کەسێکی کوردپەروەر بووە و ئەندامی حزبی هیوا بووە و بێدار ناوی نهێنی بووە لەو حزبەدا و دواتر بووە بەنازناوی شاعیری.
لەو سۆنگەیەوە بەشێکی شیعرەکانی شیعری نیشتمانین و ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی خەمە نەتەوەییەکان بوون.
بێجگە لەوە بێداری شاعیر شیعری بۆ عەشق و خۆشەویستی نووسیوە.
بێدار شیعری زۆری نووسیوە، بەڵام بەهۆی دۆخی سیاسییەوە بەشی زۆری شیعرەکانی لەناوچوون.
ئەو شیعرانەی کە ماونەتەوە لە ساڵی 2003 لەدوو توێی دیوانێکدا لەچاپ دراون.
بەداخەوە ئەم شاعیرە ناسراوەی کوردستان لە 22ی تەمووزی 1949لە تەمەنی 55 ساڵیدا بۆ دواجار لە نەخۆشخانەی دارولسەلسی بەغدا چاوەکانی لێکنا و ماڵاوایی کرد و چووە ڕیزی نەمرانی نیشتمانەوە.[1]