بۆ یەکەمجار کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ڕۆنی #زەیتون# لە #هەڵەبجە# دەستی بەکارکردن کردووە، پلانیش هەیە لە ساڵانی داهاتوودا ڕووبەری چاندنی زەیتون لە هەڵەبجە زیادبکرێت، پسپۆڕێکی بواری خۆراکیش باس لە سوەکانی ڕۆنی زەیتوون دەکات و دەڵێت، کە بەکارهێنرا نابێت زۆر گەرم بکرێت.
لە شاری هەڵەبجە، ماوەی چەند ڕۆژێکە یەکەم کارگەی ڕۆنی زەیتون دەستی بەکار کردووە، کە لە توانایدا هەیە لە 24 کاتژمێردا 120 تۆن زەیتون بکات بە زەیت و ڕۆژانە بڕی 35 هەزار لیتر ڕۆنی زەیتون بخاتە بازاڕەوە.
کارگەی ڕۆنی زەیتون لە هەڵەبجە کارگەیەکی کەرتی تایبەتە سەرپەرشتیار و ئەندازیارانی کارگەکە ماوەی چوار مانگە سەرقاڵی کارکردنن بۆ ئەوەی بیخەنە کار، ئەوەش یەکەم کارگەی لەو جۆرەیە، کە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە دەست بەکار بکات و بەرهەمی زەیتونی باخە زەیتونەکانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و ڕۆنی زەیتونی لێ بەرهەم بهێنێت.
وەک ڕێبین مەحمود، سەرپەرشتیاری کارگەی ڕۆنی زەیتون لە هەڵەبجە، بۆ ڕۆژنیوزی باسکرد، کردنەوەی ئەو کارگەیە ئەنجامی داواکارییەکی زۆری جوتیارانی سنوورەکە بوو، بۆیە هاندەرێکی باش دەبێت بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان بە گشتیی و جوتیارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە تایبەت، بۆ ئەوەی کە زەوییەکانیان بە زەیتون بچێنن، چونکە دڵنیان کە لەمەودوا کارگەیەک هەیە بەرهەمەکانیان لێوەردەگرێت و لەبەرامبەردا ڕۆنی زەیتونی سروشتییان پێدەدرێت.
کارگەکە لەتوانایدا هەیە لە ماوەی 24 کاتژمێردا بڕی 120 تۆن زەیتون لە جوتیاران وەربگرێت، ئەگەر کوالێتی زەیتونەکەش باش بێت، ئەوا ڕۆژانە دەتوانن نزیکەی 35 هەزار لیتر ڕۆنی زەیتون بخەنە بازاڕەوە، بۆ هەر تۆنێک زەیتونیش بڕی 150 هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگرن و دواتر ڕۆنی زەیتونیان پێدەدەنەوە، هەموو پرۆسەکەش بە بەرچاوی جوتیارەکانەوە ئەنجام دەدرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ڕووبەری 378 هەزار دۆنم زەوی بە زەیتون چێندراوە، بۆیە سەرپەرشتیارانی کارگەکە، پلانی تایبەت بەخۆیان هەیە بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا ئەو ڕووبەرە زیادبکەن، ئەوەش بە هاندانی جوتیاران بۆ چاندنی زەیتون لە زەوییەکانیادا.
لەبارەی کاریگەریی بەکارهێنانی ڕۆنی زەیتون لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، د. هەڵگورد عەلی، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستی خۆراک لە زانکۆی پزیشکیی تاران، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: زۆرێک لە کێشە تەندروستییەکانی مرۆڤ و سەرهەڵدانی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر لە جەستەی مرۆڤدا، سەرچاوەکەی بۆ بەکارهێنانی ڕۆن و چەوریی ناتەندروست دەگەڕێتەوە.
ئەو پسپۆڕەی بواری خۆراک، ئاماژەی بە باشیی ڕۆنی زەیتون کرد و وتیشی:مەرج نییە ڕۆژانە بڕێکی زۆر لە ڕۆنی زەیتون بەکاربهێنین و ترسمان لەوە نەبێت کە زیانی نییە، بەڵکو هەموو خۆراکێک ئەگەر بڕێکی زۆری لێ بەکاربهێنرێت، ئەوا لەبری ئەوەی سوودی هەبێت زیانی دەبێت، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی و بەگوێرەی پێوەری جیهانی، لە کۆی گشتیی دوو هەزار کالۆری، ڕۆژانە مرۆڤێکی ئاسایی پێویستی بە 400 تا 700 کالۆری هەیە، کە لە چەورییەوە وەریبگرێت، دەشبێت سەرچاوەی ئەو چەورییانە سروشتی بن و دووربن لە ڕۆن و چەوریی دروستکراو.
ئەو پسپۆڕە زانیاریی ئەوەشی دا، کە بەکارهێنانی ڕۆنی زەیتون مرۆڤ لە چەند نەخۆشییەک بەدوور دەگرێت، وەک بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکر، هەروەها زۆربوونی کێشی لەشی مرۆڤ، پێویستیشە لە کاتی بەکارهێنانی ڕۆنی زەیتون لە دروستکردنی خواردنەکاندا، ڕۆنەکە زۆر گەرم نەکرێت بۆ ئەوەی بەها خۆراکییەکانی خۆی لەدەست نەدات، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤەکان هەتا خۆراک و بەرهەمە سروشتییەکان بەکاربهێنن، زیاتر بە دوور دەبن لە گرفتە تەندروستییەکان.[1]
#15-11-2018#