یادەوەرییەکان
مستەفا چاوڕەش
پاش ماوەیەک سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری دا ببمە پارێزگاری کەرکووک. هەر دوای هەڵبژاردن لە 19/5/1992 هەموو وەزارەتەکان دانران، پارێزگارەکان دیاری کرابوون. منیان بۆ کەرکووک دانابوو. ئەوەی ڕاستی بێ، حەزیشم دەکرد تۆزێک لە کۆڵ پێشمەرگایەتی ببمەوه، و ئەم تاقیکردنەوەیەش بکەم.
پاش چەند ڕۆژێک بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەرچوو. ئەو کاتە دکتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆک وەزیران بوو. بڕیارەکە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا بڵاو کرایەوە. مستەفا قادر مەحموود دانراوە بە پارێزگاری کەرکووک. کەس به و ناوەوه نەیدەناسیم. بۆ ڕۆژی دوایی کوردستانی نوێ نووسییەوە مەبەست لە مستەفا قادر مستەفا چاوڕەشە، لەبەر ئەوەی من هەر به و چاوڕەشەوە ناسراوم. دوای ئەوە چووم بۆ لای دکتۆر فوئاد مەعسوم، ئامۆژگارییەکانم لێوەرگرت کە چی بکەم. چونکی پارێزگای کەرکووک وەک سلێمانی و هەولێر و دهۆک نییە، ئه و پاریزگایە لە باری سیاسییەوە بڕیاری لێدراوە. خۆ ناوشاری کەرکووک بەدەست ڕژێمی بەعسەوە بوو. ئه و جێگەیانەی کە لە ڕابوردوودا سەر بە کەرکووک بووە، چەند قەزایەکە، بەڵام بۆ ئەهمیەتی ئەم قەزایانە خرانە سەری: چەمچەماڵ، خانەقین، کەلار، کفری، دەربەندیخان. دەربەندیخان لە ڕابوردوودا سەر بە سلێمانی بوو، خرایە سەر کەرکووک بۆ ئەوەی پارێزگا لەوێ بێت.
رۆیشتنم بۆ دەربەندیخان
ڕۆژی چوونم بۆ دەربەندیخان دیاری کرا. جێگرەکەم سیروان کاکەیی بوو لە هەڤاڵانی پارتی بوو، قائمقامەکانیش له بەینی پارتی و یەکێتیدا دابەش کرابوون. بۆ ڕێزنان لە من و لە ئەهمیەتی کەرکووک زۆر لە هەڤاڵان لە سلێمانییەوە لەگەڵم هاتن. لەمدیوو تونێلی دەربەندیخان خەڵکی دەربەندیخان و حیزبەکان پێشوازییان لێکردم، بۆ منیش ئەمە یەکەم تاقیکردنەوەی ئیشی ئیدارییە. کە چووینە دەربەندیخان، ئەوانەی هاتبوون بۆ پێشوازیم، لەبەردەم لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان قسەم بۆ کردن. زۆر سوپاسم کردن و بەڵێنم دا کە وەک پێشمەرگایەتی لە خزمەتیاندا بم، چونکی لەکاتی پێشمەرگایەتی من ساڵی 1979 تاکو 1982 ئامرهەرێمی 5ی قەرەداغ بووم، کە هەموو سنووری کەرکووکی دەگرتەوە بە دەربەندیخان و خانەقین و کفری و کەلارەوە.
پارێزگا بڕیار لێدرا و هاتینە دەربەندیخان، بەڵام جێگەیەک نییە بۆ بینا پارێزگا. چەند ڕۆژێک لە لقی3ی پارتی بووین، خەڵک دەهاتن بۆ پیرۆزبایی، لەوێ پێشوازیم لێدەکردن و لەسەر بەرنامەی ئیشکردنم قسەم بۆ دەکردن. بۆ مێژوو دەیڵێم به و هەست و ڕۆحێکی یەکسانیخوازییەوە دەستم به کارەکان کرد، بێ ئەوەی جیاوازی لەبەینی هیچ کەسێکدا بکەم جا ئیتر لە هەر حیزبێک بێت. لەبەر ئەوەی ئەم پارێزگایە هیچی نەبوو، مام جەلال ئامبولانسێکی تازەی دامێ کە بەکار نەهاتبوو، هەروەها 100 کڵاشینکۆفیشی دامێ، کاک مەسعود بارزانیش 100 کڵاشینکۆفی دامێ. بۆ ئەوەی کەموکووڕییەکانی پۆلیسی پێ پڕ بکەمەوە، منیش کەموزۆر دابەشم کرد. ئەو کاتەش کاملی عەلی کاکی مدیر پۆلیسی کەرکووک دەستنیشان کرا. ئەویش دەوری باشی بینی و شارەزایی هەبوو، هەندێک لە چەکەکان ئه و بەسەر پۆلیسدا دابەشی کردن، چونکی نەک هەر چەک، وەک هەر شوێنێکی تری کوردستان هەموو شتەکان لە کاتی ڕاپەڕیندا تاڵان کرابوو. له و ماوەیەدا پەیوەندییەکی توندوتۆڵمان لەگەڵ خەڵک و حیزبەکاندا بەبێ جیاوازی هەبوو. خۆشم بە حوکمی تەمەنی خەبات و پێشمەرگایەتی کەسێکی نەناسراو و غەریب نەبووم لایان. هەموو هاوکارییان دەکردم، منیش وابووم بۆ ئەوان. پاش چەند ڕۆژێ گەڕاین بۆ ئەوەی جێگەیەک بۆ پارێزگا بدۆزینەوە.
بینای قائمقامیەتمان هەڵبژارد
ئەم بینایە کەڵکی نەبوو، دەرگا و پەنجەره و پێویستیی زۆری دەویست. دەستمان کرد بە چاککردن و پینەوپەڕۆی، بۆ ئەوەی دەست بکەین بە ئیشکردن و کاری ڕۆژانە خەڵکی ببەین بەڕێوه. باش بوو لە ماوەیەکی کەمدا جێبەجێمان کرد و چووینە ناو بینای پارێزگاوە.
بەشی پێویست کارمەندمان دابین کرد. لەگەڵ جێگری پارێزگا (سیروان کاکەیی) برایانە کارەکانمان بەڕێوە دەبرد. من لای خۆمەوە جیاوازیم نەدەکرد، چونکی حکومەتەکەمان نیوەبەنیوە بوو، ئەم بەڕێزانەش وەک قائیمقام له بەینی پارتی و یەکێتیدا دامەزران.
1- شەفیق ئەمین کارگێڕی خۆجێیەتی
2- جەبار یاوەر قائمقامی چەمچەماڵ
3- سەرتیپ جاف قائمقامی کەلار
4- عەدنان حەمەی مینه قائمقامی دەربەندیخان
5- فاروق قادر حەمە ساڵح قائمقام خانەقین، لە مەیدان دادەنیشت
6- مەلا سەعید قائمقامی کفری
پارێزگای کەرکووک
دیارە کە دەڵێن پارێزگا، هەر ناوەکەی و کەسە دیاریکراوەکانی هەبوو، ئەگینا تاکە بەڕێوەبەرایەتییەکیشی نەبوو. یەکەمجار بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیمان دامەزراند، کە دکتۆر عسام بوو. شارەوانی نەبوو، کشتوکاڵ نەبوو، کارەبا نەبوو، هەموو بەشەکانی تر، چونکی ئەمانە هەمووی لە مەرکەزی کەرکووک بوو و لەژێر دەسەڵات ڕژێمدا.
هەموو ڕۆژێک کە دەچوومە دەوام، خەڵکێکی زۆر لە هەموو شوێنەکانەوە دەهاتن بۆ پیرۆزباییکردن و پشتیوانیی خۆیان نیشان دەدا. له و جێگەیانەوە دەهاتن، کە بە حساب سەر بە کەرکووک بوو، هەروەها له و شوێنانەی ئاوارەی کەرکووکی لێبوو. بۆ نمونە ڕانیە، دارەتووی لای هەولێر، بنەسڵاوە، هەولێر، سەربازگەی سەلام لای سلێمانی، شانەدەری، چەمچەماڵ و جێگەکانی تریش. هەر هەمووشیان دەرکراو و ماڵوێران و کەمدەرامەت بوون، ژیانێکی مەمرە و مەژییان بەسەر دەبرد. هەموویان لە کەرکووک دەرکرابوون، بۆ نمونە لە شانەدەری ژیانیان لە کابینەدا بەسەر دەبرد، دووپشک و مار هەراسانیان کردبوون، پارێزگاریش هی خۆیانە. ڕۆژانە دەهاتن داوای چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانیان دەکرد و منیش دەستم کورت و بێئیمکانیات بووم. ئەگەرچی لە ڕابوردوودا وەزیفەم نەبینی بوو، بەڵام ئیدارەیەکی باشم دەکرد هەر بەقسەی خۆش. ئەگەر شتێکم پێبکرایە، بۆم دەکردن. ئه و ماوەیەی لەوێ بووم، به هۆی کارمەندێک کە پوورزام بوو، لە شاری کەرکووک خوێندبووی و ژیابوو بە ناوی ئازاد تۆفیق عەزیز لە ئەسڵدا خەڵکی کورەداوێ شارباژێڕ بوو، سەرمان کرد بەهەموو ئه و ڕێکخراوانەی هاتبوونە کوردستان بۆ هاوکاریی خەڵکی. بە ڕاستی ئازاد دەورێکی زۆر باشی بینی، خۆشی دەرچوی زانکۆ بوو. لە ڕابوردوودا وەزیفەی بینیبوو، هیمەتێکی باشی کرد بۆ ئاوارەکان، وەک ئازووقە و جلوبەرگ و چادر و شتی تر. لەگەڵ ڕێکخراوەکان پەیوەندییەکی باشی دروست کردبوو، بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییەدا به هۆی نەخۆشی وەفاتی کرد. ڕۆژانە ئەوەندەی بۆمان کرابێت، لەگەڵ سیروان کاکەیی و باقیی برادەرانی تر لە کاردا بووین بۆ سەرخستنی پارێزگای کەرکووک و کارەکانی.
له و ماوەیەدا ناوبەناو سەردانی هەموو ئه و جێگەیانەم دەکرد کە سەر بە پارێزگاکە بوون، وەک قائیمقامیەتەکانی کەلار، کفری، خانەقین، کە لە مەیدان داماننابوو، چونکی خانەقین لەژێر دەسەڵات ڕژێمدا بوو، بەڵام دێهاتەکانی سنوورەکەی لەبەردەستی خۆماندا بوو، هەروەها چەمچەماڵ، لەبەر ئەهمیەتی کەرکووک قەزای دەربەندیخانیان خستبۆوە سەر کەرکووک لە ئیدارەی سلێمانی. له و ماوەیەدا جێگە نەما سەری پێدا نەکەین، لەگەڵ خەڵکی سنوورەکە دادەنیشتین و گوێمان لە داوا و پێویستیەکانیان دەگرت. چەند جارێکیش سەردانی ئەنجومەنی وەزیرانم کرد. ئەوەی ڕاستی بێت، به هۆی ئازادەوە ڕێکخراوەکان ئەرکی سەرشانی منیان سوک کردبوو. ئازاد درێغیی نەکرد لە هاتوچۆیان بۆ پەیداکردنی پێویستی بۆ پارێزگا. خۆشم پەیوەندییەکی باشم هەبوو لەگەڵ حیزبەکانی سنوورەکە، بەتایبەت لەگەڵ برایانی پارتی. ئەو کاتە بەڕێز مەسعود ساڵەیی لێپرسراوی لقی حیزبی بوو.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پارێزگایە بێکەموکوڕی و بێکێشە نەبوو، هەر له و سەردەمەی من لە پارێزگای کەرکووک بووم، کێشەیەک دروست بوو لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی، خەریک بوو گەورەترین شەڕی لەسەر دروست بێ. شاری دەربەندیخان شاهیدن زۆر بە هۆشیاری و هەستیاری چارەسەرمان کرد و کۆتایی هات، خەڵکیش سوپاسیان کردین. ئێستاش خەڵکی دەربەندیخان باسی دەکەنەوە.