یادەوەرییەکان
مستەفا چاوڕەش
شەڕی کفری لە نێوان یەکێتی و بزووتنەوە
من لە سلێمانی بووم. مام جەلال ئاگاداری کردم کە بچم بۆ کفری. کێشەیەک ڕووی دابوو لەوێ. وتی مامۆستا شێخ محەمەد بەرزنجی لەگەڵ خۆت ببە و پێکەوە بچن و زوو چارەسەری بکەن. مامۆستا کە ئێستا پێشەوای کۆمەڵی ئیسلامییە، شاهیدە. هەردووکمان یەکمان گرتەوە، خۆمان حازر کرد و بەڕێکەوتین. شه و درەنگ دەوری نزیکەی سەعات دووی شه و بوو بۆ دەربەندیخان، لەوێشەوە بۆ کفری. شه و درەنگ گەیشتینە ئەوێ، هەردوو لایەنی شەڕکەرمان ئاگادار کردەوە کە هاتووین. سەردانی کۆمیتە و بارەگای بزووتنەوەمان کرد. هەر لایەش هێزی خۆی ئامادە کردبوو و سەربانەکان گیرابوون.
ئەوەی بۆمان کرا، چارەسەری کێشەکەمان کرد. برایانی بزووتنەوە وتیان چەکی شەهیدەکانمان فەوتاوه و داوایان کردەوە. هەر بۆ چارەسەری کێشەکە من لەوێ چوار چەکم لە پاسەوانەکانی خۆم وەرگرت و تەسلیم بە برایانی بزووتنەوەم کردەوە لەباتی ئه و چەکانەی کە فەوتاوە. له و شەڕ و جەنجاڵیەدا کێ دەزانێ چەک کێ بردوویەتی و لای کێیە، شڕەخۆر زۆرە. لەگەڵ مامۆستا لە کفرییەوە بەڕێ کەوتین بۆ ئەوەی بێنەوە بۆ سلێمانی. شەهیدەکانمان لەگەڵ خۆمان هێنا، یەکێکیان خەڵکی کەلار بوو. تەسلیممان کردەوە بە کەسوکاریان و دووەمیان خەڵکی دەربەندیخان بوو، ئەویشمان بردە مزگەوت و تەسلیم بە کەسوکاریان و بزووتنەوەمان کردەوە. سێهەمیان لە زەڕایەن تەسلیممان کردەوە بە بارەگاکەیان کە لەسەر جادەکە بوو و لە مەخفەرەکەی زەڕایەندا بوون. کەسێکیان هەندێ قسەی ناشیرینی کرد. لەبەر حورمەتی مامۆستا (شێخ محەمەدی بەرزنجی) وەڵامم نەدایەوه. شەهیدێکی ترمان پێبوو، پێکەوە هێنامانەوە بۆ بارەگای بزووتنەوە و تەسلیممان کرد. بارەگا لەسەر شەستیەکەی سلێمانی بوو، شەهیدەکەش خەڵکی ڕانیە بوو. پاش ئەوەی ئیشی هەردووکمان تەواو بوو، سوپاسی یەکترمان کرد و خواحافیزیمان کرد. هەر ئه و ڕۆژە لە هەولێر دەبوایە بچوومایە بۆ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی، پێشتر بڕیاری لێدرابوو.
کۆبوونەوەی سەرکردایەتی لە هەولێر
لە هەولێر لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا کۆبوونەوە بە سەرپەرشتیی مام جەلال دەستی پێکرد. لە ناوەڕاستی کۆبوونەوەکەدا بووین بروسکە هات بۆ مام جەلال کە لە شاری ڕانیە بزووتنەوەی ئیسلامی پەلاماری کۆمیتەی ڕانیەیان داوه و داگیریان کردووه، پێنج لە هەڤاڵانمانیان شەهید کردووە: لێپرسراوی کۆمیتەکە مامۆستا محەمەد سوڵتان بوو، عەلی مام قادر، سلێمان فەخری، بەختیار محەمەد مەجید، عەزیز شێخە.
چوونەتە سەر بارەگا و لەناو بارەگاکەدا شەهیدیان کردوون، ئەوەی لە کفری کوژراوە من و مامۆستا شێخ محەمەد کە هێناومانەوەتەوە بۆ سلێمانی و ئەوانیش ڕەوانەی ڕانیەیان کردۆتەوە، لە ڕانیە بە خۆپیشاندان بە ناو شاری ڕانیە و بەردەم کۆمیتە ڕانیەدا بردوویانه، لەوێ دەستیان کردووە بە هاوار و قسەی ناشیرین و شعاری ئیسلامی و دژی یەکێتی و حەماسی خەڵکەکەیان هەڵساندووە. ئه و لێپرسراوانەی لەوێ بوون، بەرنامەیان داناوە بۆ تۆڵەکردنەوە. بە شەرتی مامۆستا محەمەد نەیهێشتووە فیشەکێک بتەقێ، پیاوێکی نەرم بوو و بڕوای نەبووە ئه و کارە بکەن. خۆشیان بۆ هیچ ڕووداوێک ئامادە نەکردووە، بێجگە لە شەهیدکردنی ئه و هەڤاڵانە، هەرچیش لە کۆمیتە بووە، گرتوویانن و به دیلی بردوویانن.
ئیتر کۆبوونەوەکە کۆتایی هات. دەبوو هەریەکەمان بچێتەوە بەلای جێگەی خۆیەوە و ئاگاداری وەزعەکە بین، بزانین ئەم ڕووداوە لە کوێی تر سەر دەردەهێنێ، خۆشمان ئامادە بکەین بۆ هەر ڕووداوێک و ئەگەرێک.
ئێمە هیچ بەرنامەیەکی شەڕمان نەبوو. ئەوانەی سلێمانی و کەرکووک و ڕانیە دەبوایە بهاتینایەتەوە بۆ کۆیە. لەسەر شاخی هەیبەت سوڵتان بزووتنەوە بازگەیەک یان بڵێین بارەگایەکیان هەبوو، بە گەورەی (لا اله الا اللە)یان لەسەر نووسی بوو. نەمانتوانی لەوێوە بگەڕێینەوە، چووینەوە شەقڵاوە و لەوێوە گەڕاینەوە بۆ سلێمانی و گەرمیان.
بارەگای سەرەکیی بزووتنەوە لەسەر ئەشکەوتان لە بێتواتە بوو
بارەگای شێخ عوسمان کە ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، لەوێ بوو. بەنیاز بوون لە حەوزی پشدەر و بیتوێن و تاکو کۆیە دەوڵەتی ئیسلامی دروست بکەن، یان ئیعلانی بکەن. غروریان بێسنوور بوو. وەڵامی کەسیان نەدەدایەوە و لە بازگەکانیش ڕانەدەوەستان. لە ڕانیەش پاش شەهیدکردنی محەمەد سوڵتان، شەڕ دەستی پێکردبوو، دیارە لە پای ئەمەی کردوویانە، دەبێ حسابی وەڵامدانەوەش بکەن. هەڤاڵ جەبار فەرمان لەبەر ئەوەی سەرلەشکری یەکی سلێمانی بوو، لێپرسراویەتیی هەبوو بەرامبەر ئەم ڕووداوە. بۆ ئەم مەبەستە ئێمەش لەگەڵ هەڤاڵانی مەڵبەندی سلێمانی بۆ چارەسەری ئەم کارەی هاتۆتە پێشەوە، کۆبووینەوە. دیارە شەڕ هەموو ئه و جێگەیانەی گرتەوە کە بزووتنەوەی لێبوو. لە ماوەی دوو ڕۆژدا هەموو بارەگاکانی بزووتنەوە گیرا بە بێتواتەشەوە. لە سلێمانیش بەهەمان شێوە بارەگاکانیان گیرا، چونکی ئەوان گەورەترین هەڵەی سیاسییان کرد کە هاتن بەگژماندا، نە قۆناغەکە پێویستی دەکرد، نە شەڕیش پێویست بوو. ئەم غرورە لەپای چی؟ لە هەردوولاش کوژراوێکی زۆر هەبوو، دەست بەسەر هەموو بارەگاکانیان گیرا و ڕایان کرد بۆ ئێران. مەلا عوسمان و ئەوانەی لەگەڵی بوون لەکاتی هەڵاتن لە دۆڵی شاورێ گیران، هەر بۆ نمونە عومەر چاوشین کە سەر بە حکومەت بوو، چوار پێشمەرگەی شەهید کردبوو لە سلێمانی، لای ئەوان داڵدە درابوو، ئەویش لەلای دارەبەن لە دۆڵی شاورێ کوژرا.
ئیتر لەسەر داوای برایانی پارتی و جەنابی کاک مەسعود بارزانی مەلا عوسمان تەسلیم بەوان کرا و ناردیان بۆ مەسیف. دیارە لە هەورامانیش شەڕیان کرد، بەڵام لەوێش شکان و خۆیان کرد بە ئێراندا. ماوەیەک هێزەکانمان لە تەوێڵە مانەوە، ئەمەش هەمووی بە شەڕ بوو، بارەگایان نەما و چوونە ئێرانەوە. لەوێش ڕادیۆیەکیان دانا و دەستیان کرد بە بەرنامەی خۆیان