(یوسف حاجی محەمەد مەلا ڕەسوڵ خەیات)، ناسراو بە (یوسف محەمەد بەرزنجی) لە 30/9/ 1966 لە دەڤەری بەرزنجە، لە گوندی شوکێی شارباژێڕ، لە دایکبووە.
قۆناغەکانی خوێندنی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە.
لە ساڵی 1981وەک هەستکردن بەئەرکی سەرشان و خەمی نیشتمان و تینو بۆ ئازادی ڕزکاری تێکەڵاوی بزوتنەوەی(ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان) بووەو چۆتە نێوڕێکخستنەکان و ڕیزەکانی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) ەوە، لە ڕێکخراوی سلێمانی کۆمەڵە، لە نێو ئەو ڕێکخراوەدا کاری، نهێنی و سیاسیی ئەنجام داوە، لە کەرتەکانی شەهید شەهاب، شەهید ئارام، شەهید شوان، شەهید جەمال تاهیر، شەهید وەستا ئەنوەر، شەهید جەمالی عەلی باپیر.. بە ناوی نهێنی، (جوامێر)، (شیاو)، (ڕەهێڵ)...، زۆر کاری جۆرا وجۆری لێپرسراوێتی بینوە لە نێوڕێکخستنەکانی کۆمەڵەدا، تا هەڵوەشاندنەوەو لە باربردنی کۆمەڵە. زۆر جاربە شێوەی جواروجۆروسوتفەو سەر سوڕمانەوە لە بۆسەو داو تەلبەندی مەرگ دەرچووەو لەدەستی ڕژێم و بەعسییەکان ڕزگاری بووە.
زیاتر لە پێنج ساڵ کاری پڕمەترسی و گران و مەزنی تەتەری بۆ ڕێکخراوی سلێمانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ئەنجام داوە، بۆ مەکتەبی سیاسیی و ناوەندی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، لە شارەوە بۆ شاخ و بەپێچەوانەوە.
دەیان هاوڕێی پێشمەرگەو ڕێکخستنی شەهید بووە، بەڵام ئەوان هەمیشە لە ڕۆح ویادیا بە زیندوویی دەژین.
سەرچاوەی سەرەکی بابەتی ڕۆشنبیری و ئەدەبی سیاسی و بڵاوکراوەکانی شاخ بووە، هێنانیان بۆ شار و بڵاوکردنەوەیان.
پەیوەندی بەتینی لەگەڵ هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردستانیەکان، کەسایەتی و توێژی ڕووناکبیران بەگشتی هەیە.
هاوکارێکی گرنگی یەکێتی نووسەرانی کوردستان بووە لە شاخ و شار.
لە ساڵی 1987 ە وە نووسین و بەرهەمەکانی بڵاوکردۆتەوە.
ئەوینێکی مەزنی بۆ مێژوو بەڵگەنامەو ئەرشیفکردن و پاراستنی شوێنەواروشوێنە دێرینەکانی گەلەکەمان هەیە، بە ئەرکی نیشتمانیی دەزانێت بەرگرییان لێ بکات. لە چەندین کەمپین و کۆکردنەوەی سەدان واژۆبۆبەرگری لەمێژوو کەلەپوو و پاراستنی شوێنەوارە دێرینەکانی کورد بەشداری کردووە.
وەک وەفاویەک چەندین وتاری بەڵگەنامەیی لە سەر هاورێیانی شەهیدو نووسەران و ئەدیبان و هونەرمەندان نووسییوەو بڵاوی کردونەتەوە تا لە بیرنەچنەوە.
لە ساڵی 1991وە، ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کوردە.
لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوی کوردستانێکی سەوزەوە بوە بە ئەندام، لە پێناوی پاراستنی ژینگەدا.
پاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991 تا ساڵی2000 لە مەڵبەندی ڕێکخستنی سلێمانی وەک کادرێکی دڵسۆز کاری کردووە. لە نێوەندی ڕووناکبیری و ڕاگەیاندن دا خزمەتی پێشکەش کردووە، خاوەنی بەرنامەی ڕووناکبیری بووە لە ڕادیۆی سلێمانی و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ڕاگەیاندنی مەڵبەند و ڕادیۆیی سلێمانی لە ساڵی 1992دا کە بۆ بانگەشەی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دامەزرا، لەگردی عەلی ناجی شاری سلێمانی.
لە ساڵی 1998 وە تا ئێستا لەیەکەم پاڵاوگەی پترۆڵ و نەوت و کانزاکانی سلێمانی فەرمانبەرە.
ساڵی 2013تا نیوەی ساڵی 2017 لە تاقیگەی سووتەمەنی عەربەت کاری کردووە.
ساڵی 2017 چۆتە تاقیگەی کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری سوتەمەنی باشماخ تا ساڵی 2019
ا 8/4/ 2017 لە لایەن کۆمەڵە و کەلەپووری کوردەوە بە بۆنەی یادینەورۆزە وە لە بۆنەیەکدا ڕێزێزلێنانی پێبەخشراوە.
لە 25/2/ 2020 بەبۆنەی یۆبیلی زێڕین و یادی دامەزراندنی یەکێتیی نوسەرانی کوردەوە، ڕێزلێنانی لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەردا پێ بەخشراوە.
لەم گۆڤارو ڕۆژنامانەدا بەرهەمی ئەدەبی و ڕەخنە و لێکۆڵینەوە و وتاری سیاسی و فکریی بڵاو کردۆتەوە:
ڕۆژنامەی هاوکاری, ڕۆژنامەی ئاسۆ، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ڕۆژنامەی بەرەی کوردستانی، ڕۆژنامەی خەبات، ڕۆژنامەی ئاسۆی کتێبخانە، ڕۆژنامەی ڕۆژنامە، ڕۆژنامەی ڕێبازی ئازادی، ڕۆژنامەی زانکۆ، ڕۆژنامەی ژیانەوە، ڕۆژنامەی هاووڵاتی، ڕۆژنامەی گڕی نەورۆز... گۆڤاری مەدەنیەت، گۆڤاری پەیڤین، گۆڤاری هەواڵنامە، گۆڤاری جگەرگۆشەکان، گۆڤاری چیا، گۆڤاری بانە ڕۆژ، گۆڤاری سلێمانی، گۆڤاری ڕۆژی سلێمانی، گۆڤاری ئاری، گۆڤاری ڕۆڤار، گۆڤاری ماڵ، گوڤاری شارباژێڕ....
سایدەکانی ئەنتەرنیت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
بەرهەمە چاپکراوەکانی:
1/ سەدام ودادگای نێودەوڵەتی، لێکۆڵینەوە، ساڵی چاپ 1994.
2/ چارەنووسی کورد، پترۆڵ وەک مەسەلەیەکی ستراتیژی، لێکۆڵینەوە، ساڵی چاپ 2013، دەزگای جەمال عیرفان
3/ کەرکووک و سیاسەتی تەعریب، بەڵگەنامە، ساڵی چاپ 2013، ئەکادیمیای هوشیاری و پێگەیاندنی کادیران.
4/ زێوەرەکانی نێوئاوێکی ڕوون، ووتاری ئەدەبی، ساڵی چاپ 2014، یەکێتی نووسەرانی کورد.
5/ ئارام شەهیدێک لە بناری کەڵەوێدا، سیاسی، بەڵگەنامە، ساڵی چاپ 2015.چاپخانەی کارۆ.
6/ لە شنروێ وە بۆ ستۆکهۆڵم، بیرەوەری، حەمەی فەرەج هەڵەبجەیی، ساڵی چاپ 2015ئامادەکردن، چاپخانەی کارۆ.
7/ لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، کتێبی یەکەم، سیاسیی بەڵگەنامە، ساڵی چاپ 2016، دەزگای ئایدیا.
8/کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، لە چەند بەڵگەنامەیەکی سیاسیی و مێژوویی و تیۆریدا ساڵی چاپ 2017 چاپی دووەم کتێبی یەکەم.
9/ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆمەڵێ بەڵگەنامەی ساڵی 1975/1983دا چاپی یەکەم 2017
10/ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، لە چەند بەڵگەنامەیەکی سیاسیی و مێژوویی و تیۆریدا کتێبی2 ساڵی چاپ 2019 چاپخانەی حەمدی.
11/ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆمەڵێ بەڵگەنامەی ساڵی 1984/ 1990دا کتێبی دووەم چاپی یەکەم، ساڵی 2019، چاپخانەی حەمدی
بەرهەمەکانی ئایندە، ئامادە بۆچاپ:
1/ نووسەری کوردستان شاخ هەموو ژمارەکانی5بەرگ، پترترلە2500 هەزار لاپەڕەیە. ساخکردنەوەو ئامادەکردن.
2/ ئەم دیوو ئەودیوی سنوور، بەرهەمەکانی عەبدوالقادری دەبباغی.
3/ کۆمەڵێک ووتاری ئەدەبی بەڵگەنامەیی.
4/ کۆمەڵێک ووتاری سیاسی.
5/ بەرهەمەکانی شەهید شێخ حەمەئەمین شێخ عەلی، ناسراو بە شەهید شەماڵ، ئەمین پۆڵا.
6/ لەزیندانی فاشیستەکانەوە، کۆمەڵێک بەڵگەنامەو نامەی شەهیدانە پێش لەسێدارە دانیان.
7/ بەرنامی خۆڕۆشنبیرکردن، کرۆپسکایا، وەرگێڕانی ڕئوف حەسەن، ئامادەکردن.[1]