دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ستراتیژی ئاهەنگ و چالاکییەکانی نەورۆزی ڕاگەیاندووە، چاوڕێ دەکرێت ژمارەی گەشتیارانی ئەمساڵ زۆر زیاتربێت و ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماربکرێت، هۆتێل و میوانخانەکانیش ئامادەکارییان بۆ لەخۆگرتنی زۆرترین گەشتیار کردووە.
ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە هۆتێل و مۆتێلەکانی هەرێمی کوردستان ژوور و شوێنی مانەوەیان گرتووە مژدەی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەدات بەگوێی بەرپرسانی کەرتەکەدا، چونکە کەم هۆتێل ماوە ژوور و شوێنی مانەوەیان بە بەتاڵی مابێت بۆ نەورۆز.
نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە ڕووداوی ڕاگەیاند: لە ئێستاوە ستراتیژی نەورۆزمان ڕاگەیاندووە، کە پلانێکی ستراتیژییە بۆ ماوەی پێنج ساڵ، ئەم پلانە کاری لەسەر دەکرێت، ئەمساڵ یەکەم ساڵە دەمانەوێت لەڕووی ڕاگەیاندنەوە کارێکی باشی بۆ بکەین و زیاتر بیناسێنین. ساڵانی داهاتوو هەنگاوی دیکە و باشتری بۆ بهاوێژین، چاوڕێ دەکرێت ژمارەی گەشتیارانی ئەمساڵ زۆر زیاتربێت و ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماربکەین.
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 63 هۆتێل و مۆتێل و گوندی گەشتیاری هەیە کە 760 یان خاوەن ئەستێرەی گەشتیارین و ئەوانی دیکە هۆتێلی میللین، بە هەمووشیان 70 هەزار سەرینیان هەیە و لەکاتی فشاری زۆری گەشتیاراندا دەتوانرێت زیادبکرێت.
ئێستا بەشی زۆری ژوور و سەرینەکانی هۆتێلەکان بۆ نەورۆز داواکراون، بەڵام بە نرخی زیاتر لە جاران.
زۆری ژمارەی گەشتیار وایکردووە نرخی ژوور و شوێنی مانەوە لە هەندێک شوێن دوو هێندەی نرخی پێشتری بەرزبێتەوە، بەڵام بۆ کابینە گەشتیارییەکان نرخەکە زۆر زیاترە و نزیکبووەتەوە لە 500 دۆلار بۆ یەک شەو، بەڵام کۆمەڵەی میوانخانەکان دەڵێن ''نرخ جێگیرە و ئەگەر جوڵەیەکیش هەبێت کاتییە''.
شکور عەزیز، جێگری سەرۆکی لقی #هەولێر#ی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی کوردستان دەڵێت: بەگوێرەی هاتنی گەشتیاران و ئەوەی پێشبینی دەکرا هیچ دەستکاری نرخەکان نەکراوە لەوانەیە کەمتربێت زیاتر نییە لەپێشتر، زۆربەی زۆری هۆتێلەکان بەمەوە پابەندن لەبەر ئەوەی پێشبڕکێیە لەنێوان خۆیان، هەرکەسە و دەیەوێت زۆرترین گەشتیار ڕابکێشێت
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان نەورۆزی ڕابردوو 243 هەزار گەشتیار هاتبوونە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمساڵ چاویان لەوەیە ژمارەکە بۆ نزیکی دوو هێندە بەرزبکەنەوە.[1]
#16-03-2019#