زنجیرەی دۆسێیە فەرهەنگی و فیکریەکان
دۆسێی ژمارە (8)
کورد لە نێوان دۆزی فەڵەستین و ئیسڕائیل دا
نووسینی: #محەمەد هەریری#
چاپی ئەلکترۆنی یەکەم: جونی 2019
دیزاینی بەرگ و ناواخن: هادی هونەر
لەوەتی هەین، ئێمە لە هەر بۆنەیەک بۆمان لوا بێت، لەبەرەی فەلەستین جەنگاین لە دژی ئیسرائیل. لەوەتی حزبی سیاسی کوردی دروست بوە بە چەپ وڕاستەوە، وعەلمانی وئیسلامیەوە لە پەیڕەو وپڕۆگرامەکانیان دەبێت باسی دۆزی فەلەستین بکەن، وەک پیرۆزترین کێشەی سەر زەوی، وپێویستیەتی پاڵپشتی کردنی بە هەر ڕێگایەک بکرێت. کەچی فەلەستینیەکان لەوەتی هەن، بە عەلمانی وئیسلامی و ڕاستڕەو و چەپڕەوەوە، بە دەگمەن نەبێت لە هیچ بۆنەیەک قسەیەکی چاکیان بۆ کورد نەکردوە، لەوەتی هەن هەر پشتگیریان لە دوژمنانی کورد کردوە، لەوەتی هەن هێندە بێ ئیحساسن بەرامبەر دۆزی کورد، وەک بڵێی هەرگیز جەور وستەمیان نەدیبێت!
چاکترین نمونەی یارمەتی ئیسڕائیلیش کاتی ڕیفراندۆمەکە بوو، کاتێ ئیسڕائیل کوردی خستە ناو دەمی شێر بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە پشتگیری کرد، کە ئەو هەڵوێستە کاردانەیەوەکی زۆر خراپی دژی کورد هێنایە ئاراوە، دەبوایە ئیسڕائیل بەهەمان ئاشکرایی و ڕاشکاوی و بوێری بەرگری لە کوردستان کردبا! من ناڵێم سوپای ناردبا، بەڵام تۆ بتوانی ئەمریکایەکی وا زلهێز بۆ بەرژەوەندی ئیسڕائیل، بە پێچەوانەی هەموو بەرژەوەندیەکانی لە جیهانی عەرەب و ئیسلامی بەریت، بەڵکو هەتا بە ناڕەزایی زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکانیش، بڕیارێکی وا هەستیار ومەترسیداری پێ بدەیت، بۆ ناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسڕائیل، بۆ نەتتوانی کارێکی واش بکەیت ئەمریکا ڕازی نەبێت بە هێرش کردنە سەر کوردستان؟!