ناوی چواریی: بورهان عەلی ئیسماعیل عومەر
ساڵی لە دایکبوون 1969 گوندی پۆڕیجە-ناحیەی #قوشتەپە#-#هەولێر#.
مام بوڕهان قوتابییەکی زیرەک بووە لە ڕۆژگاری خۆی، بەڵام بە هۆی نەبوونی ناوەندیی و ئامادەیی لە گوندی پۆڕیجە، هەر توانیویەتی تا شەشیی سەرەتایی لە قوتابخانەی پۆریجە بخوێنێت، وەکوو لە زاری بنەماڵەکەی مام بوڕهانیش بیستمان، ڕۆژگاری خۆی یەکێک لە ناسیاوەکانی بە مام بوڕهانی گوتووە: دەرنەچووی، ئەوەش دەبێتە هۆکارێکی دیکە کە بە یەکجاری ئومێدی بەردەوامییدان بە خوێندن فەرامۆش بکات، ساڵی 1994 دووای ئەوەی ڕێوشوێنە یاساییەکان جێ بە جێ دەکات بۆ دامەزراندن، لە پەروەردە دووچاری حەپەسان دەبێت، کاتێک بڕوانامەکەی وەردەگرێتەوە و دەزانێت لە سەر ئاستی قوتابخانەکەی (پۆڕیجە) لە دووای کوڕی مەلای گوندی بە دووەم دەرچووە، ئیدی ئەو ڕۆژە دەگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆیی و ئاخ و حەسرەتێکی زۆر هەڵدەکێشێ و فرمێسک بە چاوەکانی دا دێنەخوار.
مام بوڕهان ساڵی 1993 بەشداری بەرنامەکانی ڕادیۆ دەکات، بە تایبەتیش ڕادیۆی ڕێگای کوردستان (ئازادی) و بەرنامەی (پلکەهەمین)، بە بابەتیی کۆمەڵەیەتی و قسەی نەستەق، مام بوڕهان ساڵی 1994 پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامداوە و خودانی چوار منداڵە بە ناوەکانی:
1-رەنگین
2-یوسف
3-رێبین
4-رێژین
تەمەن درێژیی و تەندروستیی باش و بەختەوەریی بۆ خانەوادە بەڕێزەکەی دەخوازین.
مام بوڕهان کۆمەڵێک هەوڵ و کوششی هەبوون، یەکەم ئەزموونی لە کەناڵی دیموکراسیی بوو لە ساڵی2009 لە پاشان لە کەناڵی سرووشت بەرنامەی (دیوەخانی سرووشت) و بەرنامەی (گەشتی گوند) و بەرنامەی (هەگبە) پێشکەش دەکات، هەروەها چەن سروودێکی ئایینی تۆمارکراوی هەیە و هەندێک لەو سروودانە کلیپش کراون و لە تیڤییەکان ڕۆژانە پەخش دەکرێن، یەکەم سروودی ساڵی 2009 تۆمار کردوو بڵاو کردەوە لە سەر مانگی ڕەمەزان بوو، بەڵام ئەو سروودەی کە مام بوڕهان پێی ناوداربوو (شیرینە چەن شیرینە)یە، مام بوڕهان 13 بەرهەمی بڵاو کردۆتەوە، کە پێکهاتوون لە سروودی ئایینیی و نیشتمانیی، بەشێک لە تێکستەکانی ئەو سروودانە خۆیی هۆنیویەتییەوە و بەشێکیش شاعیرانی تر وەکوو: ئاری ئاغۆک و سەرهەنگ مەلا موحممەد و قادر میرانی و چەن دانەیەکیش تێکستی فۆلکلۆرین، مام بوڕهان ئەندامی کۆمەڵەی قورئان خوێنان و کۆمەڵەی خوێنبەخشان بوو، هەروەها چەن ساڵێک لەگەڵ تیپی سێپدە وەکوو مولوودخوێن بەشداری بۆنە و مەراسیمە ئایینییەکانی کردووە، مام بوڕهان مرۆڤێکی مەجلیش خۆش و خزمدۆست بوو.
خەونی مام بوڕهان زیارەتکردنی مەککەی پیرۆز و مەدینەی منەووەرە بوو، بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، بۆیە ناوی خۆیشی بۆ ئەو ئەرکە ئایینییە تۆمار کردبوو، بەڵام بە داخەوە تا لە زیندەگیی بوو ناوی نەگەڕایەوە، دووای کۆچکردنی لە 15-12-2019، ناوی بۆ ئەو سەفەرە گەڕایەوە، ئەویش بە داخەوە مەرگ دەرفەتی نەدا و ئەو ئاواتەی لەگەڵ خۆی بردە ژێرگڵ، دەستی نزا بەرز دەکەینەوە و داواکارین بەخشندە و ئاگادار بە نیازی دڵەکان ئەو ئاواتەی بۆ هەژمار کردبێت و جێگەی و مەئوای فیردەوسی بڵندبێت.[1]
ئامادەکردنی: هیوا کەریم مەلا
سپاس بۆ هاوکاری بنەماڵەی مام بوڕهان پۆڕیجەیی خوا لێ خۆشبوو