بە بونیادنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک بەرەو یەکێتی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران
شەشەمین کۆنگرەی #پژاک# لە ڕێکەوتی 10 و 11 مارسی 2020، بەرامبەر 20 و 21 ڕەشەممەی 1398 هەتاوی بە دروشمی بە بونیادنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک بەرەو یەکێتی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران لە ماوەی دوو ڕۆژدا و بە بەشداری ئەندامانی کۆنگرە لە چێاکانی کوردستان بەرێوەچوو. کۆنگرە لە ماوەی دوو ڕۆژەدا، خەبات و تێکۆشانی سێ ساڵەی پژاکی خستە بەر باس و نرخاندن. هەروەها بە مەبەستی تێپەڕاندنی گرفت و کۆسپەکانی بەردەم خەبات و چالاکییەکان لە چوارچێوەی بۆچوون و ڕێنموونیەکانی ڕێبەر ئاپۆدا باس و گفت وگۆی بەنرخ و سازدەری ئەنجامدا، کە دەبنە هۆی کرانەوە لە ڕەوتی خەباتی داهاتووماندا. کۆنگرە وێڕای پێشکەش کردنی ڕەخنەداین بە گەلەکەمان سەبارەت کەموکووڕی و لاوازییەکان وەدیهاتوو لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، بەرنامە و پرۆژەی خەباتی داهاتووی لەسەر بنەمای پارادایمی مۆدێڕنیتەی دیمۆکراتیک داڕشت و پێشکەشی کرد. بە مەبەستی بەشداری چالاکانەتری ئەندامان، دامەزراوە و کۆمیتەکانی پارتیمان و چۆنێتی خەباتیان چاویان پێداخشێندراوە و بە پێی پێداویستیەکانی تێکۆشان لە داهاتوودا، ڕێکخستن کرانەوە. کۆنگرە ئەندامانی مەجلیسی پژاکی کە بە گشتی لە 16کەس پێک دێت، هەڵبژارد و بە زۆرینەی دەنگ هەڤاڵ سیامەند موعینی و هەڤاڵ زیلان وەژینی بۆ دوویەمین جار وەک هاوسەرۆکایەتی پژاک ئەرکدار کرد.
لەو قۆناغە میژووییەی ئێستادا کە شایەدی گۆڕانکاری بنەڕەتی و چارەنووس سازین لە ئاستی کوردستان و هەرێمەکەدا، بەڕێوەچوونی شەشەمین کۆنگرەی پژاک بە هەنگاوێکی گرینگ، بەنرخ و واتادار دەزانین. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە کاتێکدا کۆنگرەی شەشەمی خۆی بەڕێوەبرد کە 15 ساڵ بە سەر خەبات و تێکۆشانیدا تێدەپەڕێ و خاوەن پاشەکەوتێکی بەنرخە لە ئەزموون و لێهاتوویی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. بە هێز و توانستێک کە لە فەلسەفە و ئەندێشەی بەبەرهەمی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدانی سەربەرزی ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی گرتوومانە و بە وەدەست خستنی ئەو ڕێنموونیانەی کە دەرئەنجامی شیکاری و قووڵبوونەوە لە سەر کار و خەباتی ڕابردوومانن و لە تەک ئایندەبینی ئاوێتەبوون، پێداگر، بڕوامەند و بەئیرادە هەنگاومان ناوەتە مەیدانی خەباتەوە. ئەو ڕەوتە دەرئەنجام گەلێکی بەنرخی لە تەک خۆیدا هێناوە کە هەنگاونانەوەمان لە ڕێگای تێکۆشاندا پتەوتر و بەهێزتر دەکات.
کۆنگرە دۆخی سیاسی جیهان و هەرێمەکە و ڕووداو و پێش هاتەکانی لە سۆنگەی جیاوازەوە خستە بەر باس و نرخاندن. لەسەر ئەو بنەمایە، ڕەوتی ڕووداوەکانی سەدەی بیست ویەکەم تاکوو ئێستا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم سەدەیە بۆ گەلی کورد وەدیهێنەری دەرفەتگەل و زەمینەخۆشکەری گۆڕانکاری ئەوتۆ و بنەڕەتین. گەلی کورد لە سایەی تێکۆشان و بەرخۆدانی هەمەلایەنە و بێ وچان و بە تێگەیشتن لە دۆخی هەیی و بەهرەمەندی لە ئەزموونەکانی مێژوویی، نە وەک ئاکتەر بەڵکوو وەک ئاکتەرگەردانێک لە مەیدانی گۆڕانکارییەکانی جیهانی و هەرێمیدا ناوی دەرکردووە. بەستێنی سیاسەت کردنی وەدیهێناوە و نەبۆتە هەڵگری سیاسەتی هیچ لایەنێک و هەنگاوی بەرەو ئازادی ناوەتەوە. لە کەناری ئەوەدا بە بەرزکردنەوەی ئاستی توانستی خۆی لە بواری ڕێوەبەری و چارەسازیدا، بۆ هەموو گەلانی چەوساوە و بندەستی هەرێمەکە بووە بە پێشەنگ و سەمبولی بونیادنان و دامەزراندنی سیستەمی ئاڵترناتیوی ڕژێمەکانی ناکارامە و ئاریشاوی لە هەرێمەکەدا.
لە بەرامبەردا هێشتاش زهنییەتی پاوانخواز، ناوەندگەرا و ڕەگەزپەرست کە لە پێکهاتەی دەوڵەت- نەتەوەدا وەک ستوونی سەرەکی پەرگالی جیهانی بە سیستەم بووە، پێداگرە لەسەر مانەوەی. ئەو سیستەمە بە مەبەستی پتەوکردنی پێگەی خۆی، هێرشی هەمەلایەنە و پلان داڕێژراو بە ئامانجی تواندنەوە و لەناوبردنی فیزیکی و فەرهەنگی جیاوازیگەلی هەرێمەکە بەڕێوە دەبات. دۆخی قەیراناوی هەرێمەکە بە ڕوونی ئەو بابەتە نیشان دەدا. لە بەرانبەرکێ لە تەک ئەو دۆخەدا، بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لە ئاستی هەرێمی و جیهانیدا، فەرهەنگی بەرخۆدانی پێگەیشتوو و ڕێکخستنی، نموودی بەرچاوی پەیدا کردووە و لە ناو گەلانی هەرێمەکە لە گەشەسەندن دایە. بێ گومان بە گەشەکردن و هەڵدانی ئەو فەرهەنگە، کەلەبەری وەدیهاتوو لە سیستەمی دەسەڵاتی جیهانیدا، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرێن تر دەبێتەوە. ئەوەش بەستێنی هەڵدان و پشکووتنی جیاوازییەکان و کەشی پێکەوەژیان دەئافرێنێ. پەرگالی جیهانی ئەو پێشەنگایەتیەی گەلی کورد دەبینێ و لەبەر ئەوەش هێزەکانی داگیرکەری کوردستان بە چرای سەوز و لە ژێر پەڕاوێزی ئەمنی ئەواندا، زیاتر لە هەموو دەمێک بە ئامانجی لەناوبردنی کۆمەڵگای کورد و دەسکەوتەکانی هاتوونەتە مەیدان. بە کوشتار و تاڵان، هەوڵدەدن کە پێشی لە سەرکەوتنی گەلەکەمان بگرن.
هێزە هەژمۆنە جیهانیەکان سیاست و پرۆژەکانیان لە سەر بنەما و فەلسفەی نیولیبڕاڵیسم دادەڕێژن و بۆ وەدەست خستنی بەرژەوەندی زیاتر بەردەوام لە کێشمەکێش دان. بۆیەش هەبوونی هیچ هێزێکی دیکە لە هەرێکەدا قەبووڵ ناکەن. پەرگالی داگیرکاری و کولۆنیالیستی ئەورووپایی خاوەن بنەمای دەوڵەت- نەتەوە کارامەیی خۆی لە دەست داوە و بەرەو داڕمان دەچێت. هێزەکانی هەرێمی بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان سەردانی هەر ڕێکار و کردارێک دەکەن. بە واتایەکی دیکە پەرگالی جیهانی بە مەبەستی مانەوە و بەردەوامی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووەتە مەیدانی ململانێ و بەستێنی شەڕە نوێنەرایەتی و ڕاستەوخۆیەکان.
کۆنگرە وێڕای جەخت کردن لەسەر ئەو خاڵە کە لە ئێراندا، هەبوونی گەندەڵی سیستەماتیکی سەرچاوەگرتوو لە دەسەڵاتی ڕەهای گەندەڵیهێن و ڕێوەبەری ناکارامە و لەکەلک کەوتوو هۆکارێکی دیکەی پووکانەوەی ڕژیمە و قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە دیاری کرد؛ ڕژیم بۆ داپۆشینی دەستەوەستانی و ناتوانییەکانی و هەروەها ئاوەژوو نیشان دانی بابەتەکان، لە گشت شوێنەکانی ئێران و تەنانەت شارەکانی ناوەندی، دەستی داوەتە سازدانی پرگالێکی سەربازی(پادگانی) و ملیتاریزە کردنی وڵاتی خستووەتە پلانەوە. دەکری لەو بوارەدا ئاماژە بە هەرێمی وەک کوردستان، بەلووچستان و خووزستان بکرێ کە بەردەوام بە سێدارە، تیرۆر و دەستگیری و دەست بەسەرکردنی بە کۆمەڵ، تاقەتیان لە کۆمەڵگا بڕیوە. ئەوەش ڕەوایی لە دەست چووی ڕژیمی لە جاران زیاتر خستووەتە ژێر پرسیار و ڕیسوای کردووە. بایکۆتی بەرفراوانی هەڵبژاردنەکانی پاڕلەمانی کۆماری ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە لایەن گەلانی ئێرانەوە، میناکی بەرچاوی ئەو دەنگ هەڵبڕینانەن سەبارەت بە ناڕەوایی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران. هەل ومەرجی باسکراو، ئەگەرچی کەشێکی ژاراوی و بەستە و کپی دروست کردووە، بەڵام دژایەتی کردنی ڕژیم وەک بابەتێکی ڕۆژانە و ئاسایی لێهاتووە و دەنگی دژایەتی لە هەموو شوێن و چین و توێژێکانی وەک؛ ژنان، جوانان، مامۆستایان. خوێندکاران، کارگەران، جووتیاران، کارمەندان و...، بەرزە بووەتەوە، هەموویان دەستیان داوەتە بەرخۆدانێکی هەمەلایەنە و شانبەشان و هاوهەنگاو لە گۆڕەپانی تێکۆشاندا ئامادەن. هەرێم و بەتابەت ئێران پێویستیان بە ئاڵوگۆڕی جیدی هەیە و بێ گۆڕانگاری بنەڕەتی دەرفەتی وەدیهاتنی دیمۆکراسییەکی چالاک و سەرقامگیر مومکین نییە.
هاوکات لەتەک قەیرانی کۆرۆنا، قەیرانی ناکارامەیی ڕژیم دەبینین. لاوازی و کەمترخەمی ڕژێمی داگیرکەری ئێران لە ڕووبەرووبوونەوەی لە تەک ڕووداو و بوویەرە سروشتی و چاوەڕوان نەکراوەکانی وەک بوومەلەرزە، لافاو و پەتای کۆرۆنا دەریخست کە ڕژیم لە پاراستنی کۆمەڵگا و دابین کردنی سڵامەتیدا تا چ ڕادە نابەرپرسیار نزیک دەبێتەوە. پەڕتووکاوی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ڕێوەبەری و خزمەت گوزاری ڕژیم لە بەشەکانی تەندروستی و دەرمان و ئابووریدا، کۆمەڵێ دەرئەنجامی خراپ و نالەباری لێکەوتەوە و سەرمایەی مرۆیی یەکجار زۆری بەرەو نەمان و مەرگ برد. ئەو دۆخە نیشان لە سەرەتانی بوونی ڕژیم و هەروەها پەرگالی جیهانی سەرمایەداری و ستوونی سەرەکی ئەو واتە دەوڵەت- نەتەوە دەکات، کە بەردەوام بە پێداگری لەسەر فاشیسم و دیکتاتۆری، پێکهاتەی کۆمەڵگا بەسەریدا دەڕووخێنن. بۆ هەموو کەسێک ڕوون بۆتەوە ئەو جیهانەی کە تێیدا دەژین لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە پەرگالێکی پێکەوەژیان بە پاڕادایمی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک، ئێکۆلۆژیک و لەسەر بنەمای ئازادی ژن هەیە.
هەل ومەرجی ئەوڕۆی جیهان، پێویستی بە هەبوونی سیستەمی خۆڕێوەبەری پشت بەستوو بە هێزی جەوهەری کۆمەڵگا و بەدەر لە چوارچێوەی نەزمی دەوڵەتی دەسەپێنێ. بۆ ئەوەی لەو چوارچێوەیەدا گەلان و کومەڵگاکان هەل ومەرجی ژیان و هەڵدان و گەشەکردنی خۆیان دیار بکەن و هاوسەنگی نێوان کۆمەڵگا و سروشت لە نوێوە بونیاد بنێن. خەبات و چالاکییەکانی بەڕێوەچوو لە لایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە شێوازی خۆبەخش لە ڕووداو و بوویەرە سروشتیەکانی ماوەی ڕابردوو، وەک بوومەلەرزەی #کرماشان#، لافاوەکانی #لوڕستان# و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها قەیرانی کۆرۆنا، گوزارش لە توانست و هێزی گەلان و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەکا لە بواری خۆبەڕێوەبەریدا. دەتوانین ئەو دەسکەوتانە وەک سەمبولی تێپەرین و وەلانانی پەرگالی دەوڵەتی بەناوی بکەین. ئەو مژارە ڕوانگەی ئێمە سەبارەت بە پرۆژەی خۆڕێوەبەری گەلان دەسەلمێنی. ئەو کار و چالاکیانەی گەلەکەمان و گەلانی دیکەی ئێران لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەدا بوو بە جێگای ئومێد و ئیلهام.
تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی پژاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی چارەسەری پرسی کورد و پرسی گەلانی ئێران بۆ پێکهێنانی پەرگالێکی دیمۆکراتیک، هەڵگری ئەزموونی گرینگ و سەرکەوتوانەیە. لە ڕێگای بەئەنجام گەیاندنی ئەو پێشەنگایەتیە، گەلێک لە هەڤاڵان و هاوسەنگارانمان گیانی خۆیان فیدا کردووە و ئێستاکەش بە سەدان تێکۆشەر لە زیندان و بەندیخانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن بەرخۆدان دەکەن. ئێمە لە تێکۆشانی 15 ساڵەی خۆماندا، بەردەوام سەبارەت بە چارەسەری پرسی گەلی کورد ڕوانگەیەکی کراوەمان هەبووە و بە شێوازێکی فرەڕەهەند ڕوانیومانەتە بابەتەکە و لەو سۆنگەیەوە پرۆژەی دیار و کارناسانە و ڕێکاری گونجاومان لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا پێشکەش کردووە. بەرنامە و نەخشەڕێ و پرۆژەکانی پێشکەش کراو لە لایەن ئێمەوە کاتی و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو نین و ئەو گەڵاڵە و پرۆژانە بەرهەمی لێکۆڵینەوەن و بە شێواز و ڕوانگەی ستراتژیک ئامادە کراون. توانستی دابەزاندن و پێکهێنانیان لە پێواژۆی هەستیاری ئێستادا بۆ هەر کەسی ڕوونە.
لە ئەنجامی تێکۆشان و فیداکارییەکانی ئەو قۆناغە، فەرهەنگێکی بەرخۆدان شکڵی گرتووە و ڕوانگەی کلاسیکی دەوڵەت- نەتەوە و دەسەڵات خوازی دووچاری تەنگەژە کردووە. تێکۆشان بۆ گەیشتن بە پەرگالێکی چارەسازی پشت بەستوو بە هێزی زاتی، بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە. ئاشکرایە کە ئامانج و پرۆژەکانی پژاک لایەن گەلەکەمانەوە پێشوازی لێدەکرێ. یەکێتی و یەکگرتوویی گەل لە دژوارترین دۆخەکان و ئەو بەرخۆدانانەی کە بە شێوەی مەیدانی دەیانبینین، سەلمێنەری ئەو بۆچوونەمانن. ئەو خۆڕاگرییەی خەڵک بووە بە پاڵپشت و ورە و هێزی دڵ مان لە تێکۆشاندا و بەردەوام هاندەرمانە لە بەرەوپێش بەردنی چالاکییەکانمان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا. پێویستە وەبیربهێنینەوە کە ڕەخنە و پێشنیارەکانی گەیشتوو لە لایەن گەلەکەمانەوە لەو کۆنگرەیەدا خرانە بەر باس و گفت گۆ و کرانە ڕێنموونی بە مەبەستی بڵندکردنی ئاستی تێکۆشان لە داهاتوودا. لە سەر ئەو باوەڕەین و خاوەن ئیدعاین کە بە ڕەخنە و ڕەخنەداین سەبارەت بە وەلانان و تێپەڕاندنی لاوازی و کەم وکووڕییەکان لە بەڕێوەبردنی بەرنامەکان و شێوازی ڕێکخستن کردنی ڕابردوو، دەتوانین بەهێزتر و بە ئەوپەڕی ئامادەیی لە ڕێبازی خەباتدا هەنگاوی تۆکمە هەڵگرین. بۆ ئەو مەبەستە، پێداچوونەوەمان بە خەباتی هەموو کۆمیتە و دامەزراوەکانی پژاکدا کرد. بۆ ئەوەی کە بتوانن بە شێوازیکی کاریگەرتر و کارامەتر لە قۆناغی نوێدا ئەرکەکانیان بەجێ بهێنن، سەرلەنوێ بەڕێکخستن کرانەوە. لە کۆنگرەی شەشەمی پژاکدا، ئامانجی سەرەکی واتە شۆڕشی ڕزگاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دیمۆکراتیزەکردنی ئێران، جەخت و پێداگری لەسەر کراوە. پژاک لە پێناو بونیادنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک، ستراتژی خۆی لەسەر سێ ستوونی سەرەکی، گەشەپێدانی سیاسەتی دیمۆکراتیک، بەرەوپێشبردنی یەکێتی و یەکڕیزی نەتەوەیی و یەکگرتوویی دیمۆکراتیک کەگەڵ گەلانی ئێران دادەڕێژێ. لەسەر ئەو بنەمایە و بە پێی ئەو شیکاری و شرۆڤانە کە ئەنجامدران کۆنگرە ئەو خاڵانە ڕادەگەیەنێت؛
1- پژاک لە پێناو تێکشکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی لە ئاستی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناونەتەوەییدا چالاکانە تێدەکۆشی و خەباتی خۆی بە ئامانجی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بە هەموو هێزەوە بەرەوام دەکات. هەر جۆرە ڕەفتارێک لە بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ وەک کردارێک لە هەمبەر ئێرادە، شوناس و هەبوونی نەتەوەی کورد دەزانێ و خاوەن هەڵوێستی گونجاو دەبێت. پاڕادایم و پرۆژەی ڕێبەر ئاپۆ واتە کۆنفدڕاڵیسمی دیمۆکراتیک و نەتەوەی دیمۆکراتیک دەکاتە بنەمای تێکۆشانی خۆی و بە مەبەستی بە ئەنجام گەیاندنی، هەموو توانستی خۆی دەخاتە مەیدانەوە.
2- پژاک، بونیادنانی خۆڕێوەبەری دیمۆکراتیکی گەلان وەک ڕێگای دەرکەوتن لە قەیرانی هەیی دەزانێ. لە سەر ئەو بنەمایە لەگەڵ هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کە لە چوارچێوەی ڕێزلێنانی بەرامبەر و دابین کردنی بەرژەوەندی هاوبەشدا بەرنامە و پرۆژە پێشکەش دەکەن لە سەر بنەمای خەتی سێیەم هاوکاری دەکا. لە مەڕ هەڵگرتنی ئاستەنگی و لەمپەرەکانی سەر ڕێگای چارەسەری پرسی کورد و دەرکەوتن لە قەیرانی هەرێمەکە بێ جێگرتن لە گەمەکانی دەسەڵات و جەمسەربەندی هێز، بە هەموو توانایەوە و بەوپەڕی جدییەت تێدەکۆشێ. بێ گومان لە حەوزەی سیاسەتی دیمۆکراتیک دا ڕۆڵی پێشەنگایەتی ئایدۆلۆژیک و سیاسی خۆی بەئەنجام دەگەیەنێ.
3- بۆ چارەسەری دیمۆکراتیکی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دیمۆکراتیزاسیۆنی ئێران، یەکێتی و یەکگرتوویی گەلان بە بنەما دەگرێ و بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی تێدەکۆشێ. بۆ ئەو مەبەستە خاوەن بەرنامە و پرۆژەی ئامادە و دیارە و ڕێکخستنی کۆمەڵگا بە مەبەستی دەرکەوتنی ئیرادە و هێزی سیاسی سەربەخۆ بە ئەرکی خۆی دەزانێ. لە پێناو تۆکمەکردن، پتەوکردن و گەشەپێدانی بەرێکخستنی بوون هاوکاری هەموو لایەنەکان و جیاوازییەکان دەکات.
4- پژاک یەکێتی نەتەوەیی گەلەکەمان تەوەری سەرەکی تێکۆشانی خۆی دەزانێ و بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە بەرامبەر هێرشی داگیرکەران لە سەر گەلی کورد، چ ئەرک و بەرپرسیارێتی بکەوێتە سەر شانی پێکیدە هێنێ. لەو چوارچێوەیەدا خۆی بە بەرپرسی بەئەنجام گەیاندنی پرۆژەی یەکێتی نەتەوەیی دەزانێ.
5- بە ئامانجی گەیشتن بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوتەریب لە تەک پارتە سیاسییەکان، هەموو چین و توێژ و جیاواییەکانی کۆمەڵگا وەک، نوێنەرانی چالاک و کارای ڕێکخراوەکانی ژنان، جوانان، کارگەران، مامۆستایان، بازاڕیان و هەروەها کەسایەتیە کۆمەڵایەتیەکان، ڕێبەرانی ئایینی، ڕۆشەنبیران و هونەرمەندان وەک بەردەنگ دەبینی. بۆ وەدیهێنانی بەستێن و زەمینی لەیەک تێگەیشتن، گفت وگۆ و بەشداریکردن بۆ هەموو لایەنەکان بە مەبەستی بەرسازدانی هێزێکی یەکانگیر، بە توانا و کارامە بێ وچان تێکۆشان دەکا.
6- ئامادەیی خۆی بۆ خەباتی هاوبەش لە پێناو دیمۆکراتیزە کردن و یەکێتی گەلانی ئێران و بەرەوپێشبردنی سیاسەتی دیمۆکراتیک لە تەک هەموو جیاوازییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی هەیی لە ئێران دەردەبڕێ و بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی دیمۆکراتیک تێکۆشان دەکا.
7- پژاک، خەبات لە پێناو ئازادی ژنان وەک ڕەهەندی بنچینەیی پارادایمی خۆی دەزانێ و لە گۆڕەپانەکانی تێکۆشان و خەباتی کۆمەڵایەتی وەک بڕیارستاندن و بەڕێوەبەری، ئیرادەی ژنان و بەشداری هاوشێوە و بەرامبەر بە بنەما دەگرێ. لە هەمبەر ڕەگەزپارێزی کۆمەڵایەتی تێکۆشانی فرەڕەهەند و بەکاریگەر بەڕێوە دەبا. بۆ ئەوەی کە ژنان لە گۆڕەپانەکانی سیاسەتی دیمۆکراتیک بە پێی شوناسی تایبەتیانەیان بەشداری بکەن، کۆسپ و لەمپەرەکانی زهنییەتی و پێکهاتەیی لەناو دەبات.
8- بۆ سڕینەوەی زهنییەتی ناوەندگەرای پیرسالار، ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەداتە جوانان. پێداگرە لەسەر دروستکردنی بەستێنی بەڕێکخستن کردن، بەشداری و چالاکبوون و خۆدەربڕین بۆ جوانان لە هەموو مەیدانەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە تایبەت گۆڕەپانی سیاسەتی دیمۆکراتیک.
9- لە کاتێکدا کە گەلی کورد و گەلانی ئێران لەتەک هێرشی فیزیکی و فەرهەنگی جۆراوجۆر ڕووبەڕوون، لە تێکۆشانمان لە دژی داگیرکاری، چەوساندنەوە، دەستدرێژی و تاڵان و هەڵاواردن، وێڕای پاراستنی هەڵوێستەکانی ڕابردوومان، پێداگرین لەسەر ڕووکردی پاراستنی ڕەوا و لەو چواچێوەیەدا وەڵامدەرەوە دەبین.
10- بەشێکی مەزن لە گرفت و پرسگرێکەکانی هەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەرئەنجامی بێ مشووری کاربەدەستانی ڕژیمە و نەبوونی سیاسەتی دیارە لە بەشی ژینگەدا. پژاک بە تێگەیشتن لە کارەساتی ژینگەیی، هەموو هەوڵدانی خۆی بۆ پەروەردە و ڕێکخستن کردنی کۆمەڵگا و هاوکاری لەتەک ڕێکخراوەکانی مەدەنی بە مەبەستی بەربەرەکانی لەتەک سیاسەتە کاولکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری ژینگەدا دەخاتە گەڕ.
لە کۆتاییدا دەبێژین کە پژاک پێداگرانە لەسەر بنەمای چارەسەری دیمۆکراتیک و یەکێتی گەلانی ئێران بەردەوامی بە تێکۆشانی خۆی دەدا و بڕوامەندانە هەنگاو دەنێتە ئەو ڕێگایەوە. بە وەلانانی کەم وکووڕییەکان و لاوازییەکانی لە چۆنێتی تێکۆشانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێویست دەبینێ کە بە ڕۆحی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە و بە هەموو ورە و هێزی ڕێکخستنی لە گۆڕەپانەکانی خەبات و چالاکی و بەربەرەکانێدا ئامادە بێت و گەیشتن بە سەرکەوتن تاکانە ئامانجی بێ. پژاک کۆنگرەی شەشەمی خۆی لە ڕێبەری گەلی کورد، ڕێبەر ئاپۆ، شەهیدانی سەربەرزی ڕێگای ئازادی، گەلی کورد و گەلانی ئێران، ژنان، جوانان، زیندانیانی سیاسی، بنەماڵەی شەهیدان و هەموو ئازادیخوازان و حەقیقەت خوازان پیرۆز دەکات. هەروەها لە هەر تاکێکی کۆمەڵگا و هێز و لایەنە دیمۆکراتیکەکان دەخوازین کە بۆ بنەبڕکردنی هەرچەشنە داگیرکاری و ستەمکاری و فاشیسم و پاوەنخوازی لە بەرەی دیمۆکراتیکدا جێگە بگرن؛ لە ژێر چەتری ڕێکخستنێکی تۆکمە و سەربەخۆ، بە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانە بەشداری تێکۆشانی هاوبەش ببن.
بژی ڕێبەر ئاپۆ
بژی ئازادی و دیمۆکراسی
بژی یەکێتی دموکراتیکی گەلانی ئێران
بژی گەلی کورد و کوردستان
بمرێ دیکتاتۆری و فاشیسم
بمرێ داگیرکەری
سڵاو و ڕێزی شۆڕشگێڕی
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - پژاک
#02-06-2020#