شیرین عەتیشی ئێزدی 53 ساڵان لە کەمپێکی شاری #دهۆک# کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. سەرچاوەیەکی نزیک لە ڕووداوەکی ڕاگەیاند ئافرەتێکی ئێزدی بەناوی شيرين عەتيش خۆی سووتاندووە و گیانی لەدەستداوە. ڕووداوەکە ڕۆژی 16-09-2020 لە کەمپی خانکێی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک ڕوویداوە.
شیرین لە ساڵی 2014وە هاوژین و شەش لە منداڵەکانی لەلایەن ڕێکخراوی #داعش#ەوە ڕفێندراون و تاوەکو ئێستا کەسیان ڕزگارنەکراون.
هەروەها سیپان قائیدی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کەمپی باجد کەنداڵ ڕاگەیاند شەوی 04-09-2020 گەنجێکی ئێزدی دانیشتووی کەمپەکە بەناوی (نەشوان شەڕەف) لەناو کەمپەکەدا خۆی خنکاندووە، لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
رێکخراوە تایبەتمەندەکانی بواری دۆخی ئێزدییەکان، لە ڕاپۆرت و داتاکانیاندا دەریانخستووە 150 ئافرەتی ئێزدی تەمەن جیاواز، خۆیان کوشتووە، ئەمەش پاش ئەوەی لەلایەن چەکدارانی داعش لە 03-08-2014 ڕفێندرابوون.
لە کۆی شەش هەزار و 417 ئێزدیی ڕفێندراوی دەستی داعش، 2880 ڕفێندراوی کوردی ئێزدی هێشتا چارەنووسیان نادیارە.
نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی کوردانی ئێزدی ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا 3537 کوردی ئێزدی ڕفێندراوی دەستی داعش ڕزگارکراون، بەڵام هێشتا 2880 ڕفێندراویان چارەنووسیان نادیارە.[1]