#کارۆ کاوە مەحمود#
.هەندێک شه و هەن، چەند ساڵێک ڕۆح و دەروونی مرۆڤ پیر و هیلاک دەکەن، لەم شەوانەدا مرۆڤ هەست بە تەنیایی کوشندە و نادیاری ئایندەی خۆی دەکات، لەم شەوانەدا دەروونی مرۆڤ لەنێوان بیرکردنەوە لە یادگارییەکان و وەستانی عەقڵیدا دەکەوێته جەنگەوه لەگەڵ خۆیدا.
هەر لەم شەوانەدا بۆت دەردەکەوێت کە ئەوەی هەمیشە لەگەڵتدا دەمێنێتەوە، تەنها و تەنها خودی خۆتە لەناو ژوورەکەتدا، بەڵێ هەمان ئه و ژوورەی کە پێش ئەم شەوە چەندین شەوی دیکەی پڕ لە پلان و ئاڵوگۆڕی ڕاز و نیازت لەگەڵیدا بەسەربردووە.
ئه و شەوانە ئەوندە شیرین و ئارامکەرەوەبوون کە ئاگات لە خۆت و کات نەدەما، هێندەت ئەزانی بەرەبەیانە، بەڵام لەمەیاندا تەواو پێچەوانەیە، تێپەڕینی هەر کاتژمێرێکی شەوەکە، دەیان ساڵ ڕەشایی و تاریکی دەخاتە سەر دەروونت.
نازانم هۆکار چیە بەڵام زۆرجار هەستێکی تەنیایی کوشندە یەخەم دەگرێت و هەستدەکەم دیواری ژوورەکەم بەرە بەرە دێنەوە یەک بۆم و دەمخنکێنن.
زۆر هەوڵدەدەم بیر له و بۆشایە گەورەیەی ژیانم نەکەمەوە کە بە ڕۆیشتنی دروستبوو، بەڵام هەندێک شه و هەن لە ژیانم کە ئه و شەپۆلی تەنیایەی ئەوم بۆدێت، دەبێتە کارەسات بۆ من، ئەوەی پێی دەڵێن بیر و هۆشی دروست لای من دەڕوات و ئەوەی پێی دەڵێن درز و ڕزینی دەروون سەردانم دەکات.
له و کاتانەدا هەوڵدەدەم نامە یان پەیوەندی پێوەبکەم، بەڵام کەرامەت و غرورم ڕێگام پێنادات، باجی ئەمەش چەند هەنگاوێکە لە پیربوونی دەروونم.
نازانم ئەویش هەندێک شه و وای لێدێت یان نا، زۆر گرنگ نیە لام، ئەوەی گرنگە لام پاراستنی دووری و بێدەنگی نێوانمانە.
سەیرکە چەنێک سەیرە، ئێمەی مرۆڤ شەوان بە پیربوونی دەروونمان باجی هەڵەکانی دڵمان دەدەین، کەچی بۆ بەیانییەکی بە خەڵکی دەڵێن ئێمە چەنێک خۆشبەختین!.
خۆشبەختن ئه و کەسانەی تووشی ئەم شەوانە نابن لە ژیانیاندا، ئەوانەی تووشیان بەم شەوانەوە دەبێت، عاشقانی سەردەمەکەی خۆیانن.
دوای چەند ساڵێک بەسەر تێپەڕینی ئەم شەوە لەنێوان دوو عاشقی نیشتمانەکەم، شاهێدی ئه و ئێوارەیە بووم کە هەردووکیان یەکدیان تێدا بینیەوە، هەروەکو یەکەم دیداریان لە شەرم و خۆشیدا ئەلەرزین، هەر وەکو یەکەم دیداریان بە نیگاکانیان ڕۆحی یەکدیان ماچ ئەکرد و لە ناخەوە بەساقە و بە قوربانی دڵی یەکتری دەبوون، بەڵام ئەم دیمەنە زۆری نەخایاند و هەریەکەیان بە بانگردنیان لەلایەن هاوسەر و منداڵەکانیان بە ئاگاهاتنەوە، هەتا دووریش کەوتنەوە هەر زوو زوو ئاوڕیان لە یەکدی ئەدایەوە و بەیەکدیان ئەوت ئەم چارەنووسە بۆچی؟. [1]