#کارۆ کاوە مەحمود#
چ هێزێک، بەربەستەکانی نێوانمان ئەشکێنێ.
چ ڕووناکییەک، تاریکی ڕێگامان ڕۆشندەکاتەوە.
لەناو گۆڕستانی خەونەکاندا، چ پارچە زەوییەک دەبێتە مەڵبەندی چنینەوەی خەونەکانمان.
من و تۆ لەناو هاوکێشەیەکی دیکەی زۆر ئاڵۆزی ژیانداین، کە بە ئەنگوستیلە و چوار دیوار هاوسەنگ ناکرێتەوە.
دووانەیەکی ئاسایی نین تا وەکو ئەوان چاو لەزۆر شت بپۆشین و سەرمان لە ئاستی ڕاستییەکان نەوی بکەین.
بریا ئێمەش تەسک بین و کەم زان-بووینایە، بۆ ئەوەی وەکو ئەوان بە خۆشباوەڕییەوە بۆ ژیان و داهاتوو بمان-ڕوانیبایە.
جگە لە چاڵەکانی ژیان، من و تۆ قوربانی بیرکردنەوە کانمانین. بیرمە لە یەکەم ژوانمان، لەبەردەم تیری نیگا و نازکردنێکی جوانی کچانەتەوە، پێت وتم: ئەزانم تۆ وەکو ئەوانی دی نیت، هەرئەمەشە وایکرد کە تۆم بچێتە دڵەوە، خاڵی بەهێزی نێوانمان جیاوازبوونمانە لە ئەوانی دی.
نازانم چ قەدەرێک چاوەڕوانمانە، بەڵام هەبوونی کەسێکی وەکو تۆ لە ناو ژیانمدا جوانیی و ئارامییەکی زۆرم دەداتێ. ئیدی گرنگ نیە دووری نێوانمان چەندە.
وەک ڕۆمی دەفەرمووێت (لەنێوان من و تۆدا هیچ ڕووینەداوە، بەڵام لەنێوان دڵی من و تۆدا زۆر شت ڕوویداوە).[1]