عەدێ و مەدێ 09
تازە نانی نیوڕانێم خوارد بوو، لە دەرکەی درا، مندار چوون کردیانەوە، هاتەوە و گۆتی : بابە، عەدێ و مەدێ هاتینە ! گۆتم : خوایە بە خێری بگێڕی، دەبی لۆ هاتبن ! هەستام چووم، هەر گەیشتمە دەرکەی، پێکەوە گۆتیان : سەلامو عەلێک ! گۆتم : عەلێکومەسەلام بەخێر بێن، فەرموون بابچینە ژۆرێ ! گۆتیان : وەختی هەندێ نیە، بڕۆ جلکت لەبەرکە بابڕۆین ! گۆتم : خێر ! مەدێ گۆتی : مامۆژنەکی خەسووی ئامۆزای مەسوولەکی گەورە مردیە، با بڕۆین و بەسەر قەبران ڕابگەین ! گۆتم : بابە ئەوەی ئەنگۆ دەرێن خزمی سەپانی شێخیە، ئەوجە باشە ئەمن لۆ بێم، نە دیتیتم و نە دەیناسم ! عەدێ گۆتی : کورە ماخران، ئەمە خۆ بە توو هەرەدەینەوە لە جێیان، ئەتووش دەرێی نایێم ! گۆتم : ناوەڵلا نایێم و ئەنگۆ بڕۆن و شینی حەسەن و حوسێنیش بگێڕن لەوێ ! هەر دووکیان تێکڕا گۆتیان : بە تەراقم دێی، بە تەراقم دێی، بە تەراقم دێی ! بەینەکی تەماشام کردن، یەکەم جار بوو گێم لەو نەوعە تەراق خواردنەی بی، گێم لێبووە سێ بە سێ تەراق بووخرێ، بەران هەرسێکی بە تاک تاکم گێ لێ نەببوو، فکرم کردەوە و گۆتم : ئەو دوو زەلامە زۆر کەرن، هەونکە نەچم، هێوارێ بێنەوە ژنەکانیان دەنێرنەوە ماری بابیان، لۆیێ پێم لە جەرگی خۆم ناو گۆتم : ئەوە لەبەر خاتری ئەو تەراق خواردنەی دێم، دەنا نە دەهاتم، گۆتیان : دە زووبە بڕۆ جلکت لەبەرکە و وەرە !
جلکم گۆڕی و هاتمە دەرێ و سواری تڕومبێلی بووین و وەگەریان کەتم، مەدێ تڕومبێلی دەهاژووشت، ئەمن لە پێشەوە دانیشتبووم و عەدێش لە پشتەوە، لە سەری کۆرانێ ئاوا بووین و دەستیان بە بەندان کرد، عەدێ دەیگۆ و مەدێ لێی وەردەگرتەوە، گۆتم : بابە عەیبە ئەمە دەچینە سەر قەبران، ئەو هەموو گۆرانی گۆتنەتان لە چیە ؟ مەدێ گۆتی : فشەیە فشە، ئەمە بەس لۆیێ دەچین مەسوولەکە بمانبینی هاتینە سەر قەبران، نەکوو سەگبابەک تەقریرمان لە سەر بنووسی و برێ عەدێ و مەدێ نەهاتبوونە تازیەت، بە خۆت دەزانی مستی لە کەرێ دەی تەقریر نووس دەردەپەڕی !
بەینەکی باش ڕۆیشتین، گۆتم : باشە دەبی لە کێی بشارنەوە ؟ عەدێ گۆتی : لە قەبرستانی شێخ ئەعمەدیە، لەوێ جێی تایبەت بە خۆیان هەیە و شورەیان لێ هەرینایە ! گۆتم : ئەوجە دەبی چووبنە سەر قەبران ! مەدێ گۆتی : با تەلەفۆنەکی بکەم بزانم، مۆبایلی دەریناو تەلەفۆنی کرد و بەگێی وەنا، وەختەکی گۆتی : هەڤاڵی تێکۆشەر کوی ؟ ئەعوارت ؟ ئەمە باشین و ورەمان بەرزە، هەرچەند مردنی ئەو خزمەی خارم ئاگری لە هەناوم بەردایە، دەستی بە فنگە فنگێ کرد ! ئەمن هەر تەماشام دەکردێ و پێم عەنتیکە بوو، ئەو هەموو فرمێسکانە کوو هات، ئاخر تازە لەگە عەدێی برای بەندیان دەگۆ !
مەدێ مۆبایلەکەی قەپات کرد و گۆتی : بەڕێ کەتینە لۆ سەر قەبران، دەبی بچینە سەر قەبران، عەدێ گۆتی : زۆر باشە، مەدێی برام بتبینم لەوێ چ دکرەکی دەکەی ! مەدێ گۆتی : خەمت نەبی، ئەوە ئیشی خۆمە، ئەمن پسپۆڕم لەو ئیشانە !
مایتی.[1]
Denna post har skrivits in (کوردیی ناوەڕاست) språk, klicka på ikonen
för att öppna objektet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Denna post har tittat 710 gånger
Skriv din kommentar om den här artikeln !