فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوکیدا ئیدانەی دەستگیرکردنی سیاسەتمەدارانی هەدەپە دەکات لە تورکیا و باکوری کوردستان و دەڵێت: پێمانوایە ئەو هەڵوێستەی دەوڵەتی تورک بەردەوامبوونە لە سیاسەتی پاکتاوکردنی گەلی کورد و پاڵپشتی داعش و گروپە تیرۆریستیەکان.
ماوەی دوو ڕۆژە لە چەندین شاری تورکیا و باکوری کوردستان، پۆلیسی تورک دەستیکردووە بە دەستگیرکردنی ئەندامان و سیاسەتمەدارانی کورد و هەدەپە و هاوسەرۆکی شارەوانیەکان.
فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ ڕۆژنیوز هاتووە هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو ڕەشبگیریەی دژ بە سیاسەتمەدارانی کورد لەتورکیا نیشانداوە و دەڵێن: ماوەی دوو ڕۆژە لە چەندین شاری تورکیا و باکوری کوردستان، پۆلیسی تورک دەستیکردووە بە دەستگیرکردنی ئەندامان و سیاسەتمەدارانی کورد و هەدەپە و هاوسەرۆکی شارەوانیەکان، ڕژێمی ئەردۆغان بەمەبەستی چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی ڕایگشتی ناوخۆی تورکیا و پشتگیریکردنی داعش و گرووپە تیرۆریستیەکان، بەردەوامە لە سیاسەتی پاکتاوکردنی کورد لە کوردستان و تورکیا، لە چوارچێوەی شاڵاوە بێکۆتاکانی هێزەکانی ڕژێمی تورکیا دژ بە ئەندام و لایەنگر و سیاسەتمەدارانی هەدەپە.
هەروەها هاتووە: ڕۆژی هەینی 25 سێپتێمەبەری 2020 دەیان سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی و ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورک دەستگیرکران، بەپێی زانیارییەکان دەوڵەتی تورک بە تاوانی پشتگیرکردنی بەرخۆدانی کۆبانێ دژ بە داعش کە شەش ساڵ لەمەوبەر بەرخۆدانی کۆبانێ سەرکەوت، ئەو شاڵاوەی دژ بە ئەندامانی هەدەپە دەستپێکردووە.
لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان، دەستبەسەرکردنی کوردان لە باکوری کوردستان و تورکیا ئیدانە و مەحکوم دەکەین، پێمانوایە ئەو هەڵوێستەی دەوڵەتی تورک بەرەوامبوونە لە سیاسەتی پاکتاوکردنی گەلی کورد و بەردەوامبوونە لە پاڵپشتی داعش و گروپە تیرۆریستیەکان، دەستپێکردنی ئەو شاڵاوە لە 25ی سێپتێمبەر کە سێیەمین ساڵیادی بە ڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆمی باشوری کوردستانە، نامەیەکی ڕوونە بە کوردانی چواربەشی کوردستان، دووژمن وەک یەک قەوارەی نەتەوەیی دەڕوانێتە کوردانی چوار بەشی کوردستان.
لە کۆتایشدا هاتووە: کوردی ئەمڕۆ جیاوازە، کورد ئەمڕۆ خاوەن هێزی خۆیانن، سیاسەتی پاکتاوکردن و دەستبەسەرکردن ناتوانێت کورد لەناوببات، باشترە بۆ ڕژێمی ئەردۆغان کێشەکانی ناوخۆی تورکیا چارەسەربکات و هەتا زووە لەو زۆنگاوە سیاسیەی لە گەڵ ووڵاتانی جیهان تێیکەوتووە کیشەکانی چارەسەر بکات و ڕایگشتی ناوخۆی تورکیا بە دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەدارنی کورد چەواشە نەکات، داواکارین لە هەموو مرۆڤدۆست و ئازادیخوازێک دژی پاکتاوکردن و دەستبەسەرکردنی کوردان لە دژی سیاسەتەکانی ئەرۆغان خاوەن هەڵوێستبن.[1]