ئامادەکردنی: #ناسری ڕەزازی#
وشەی (فەرمان و فرمان) لە زمانی کوردیدا
زمانی کوردی، له و زمانه کۆنانەیە کە هەرچەند کەم خزمەتی کراوە، بەڵام هەتا ئێستا به هۆی کۆمەڵێک خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرەوە توانیویەتی لەسەر ڕەوتی خۆی ڕاوەستێ و بمێنێ.
ئەم زمانە لەبەر ئەوەی کە شێوەزار و بنزاراوەی زۆرە، هەر به و پێیە، وشەی هاوڕیز (مترادف)ی زۆرە و ئەمەش بۆ ئێمەی کورد مایەی سەربەرزی و شانازییە لە لایەک و لە لایەکی دیکەش، دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەگەر بۆ وشەیەک گیرمان کرد و لە شێوەزارێکدا نەبوو، لە شێوەزارێکی دیکەدا بتوانین وە دەستی بێنین و کەڵکی لێ وەر گرین. ئەم فرەزاراوەیییە هەندێ جار بۆتە هۆی ئەوە کە وشەیەک لە ناوچەیەک واتایەکی دیکە بدا و لە ناوچەیەکی دیکە واتایەکی دیکە. ئەمە شتێکی خۆزایە و پێم وایە کە لە هەموو زمانەکاندا هەیە.
بۆ ئەم مەبەستە من لێرەدا دوو وشە بە نموونە دێنمەوە و باسیان دەکەم کە چۆن ئەم دوو وشەیە لەبەر ئەوەی کە شکڵ و بێژەیان لەیەک نزیکە، کەچی واتاکانیان تێکەڵ کراوە.
$یەکەم: وشەی (فەرمان)$:
فەرمان لە زمانی کوردیدا واتای (امر و حکم)ی عەرەبی دەدا کە لە فارسیشدا بەکار دەچێ، بەڵام وشەی فەرمان (بە ڕێنووسی فارسی: فرمان) لە فارسیدا سەرەڕای ئەوەی کە بۆ (امر و د ستوور و حکم) بەکار دەچێ بۆ سوکانی ماشێن و ترۆمبێلیش بەکار دەبرێ. پاشان لە وشەی فەرمان (بە ڕێنووسی فارسی: فرمان) کە کردارە، بە یارمەتیی هەندێ پاشگری دیکەی بکەر، دەیان ناوی دیکەیان لێ داڕشتووە کە ئەمڕۆ لە زمانەکەیاندا کەڵکی لێ وەر دەگرن، وەکوو:
$فرمان + دار = فرماندار$
$فرمان + بردار = فرمانبردار$
$فرمان + ده = فرماندە $
$فرمان + بر = فرمانبر$
$فرمان + ڕوا = فرمانروا$
و هتد..
(تێبینی: لەو نموونە فارسییانەدا، وشەی فرمان بە زمان و ڕێنووسی فارسی نووسراوە، بەڵام بە شێوەی فەرمان بێژەی دەکەن.)
فەرمان لە زمانی کوردیدا بەتایبەت لە شێوەزاری سۆرانیدا واتای (امر و حکم) دەدا، وەکوو:
دادگە محکمە فەرمانی گرتنی کاروانی دەرکرد و گرتیان. دیسان نموونە: فەرمانی دادوەرە و ناتوانین جێبەجێی نەکەین! وەلێ فەرمان لە زاراوەی کرمانجیدا بۆ کوشتاری بەکۆمەڵ قتل عام بەکار دەبرێ، بۆ نموونه:
حەتا نوها حەفتێ و پێنج جاران فەرمان هاتییە سەرێ مە ئێزدییا، واتە هەتا ئێستا 75 جار ئێمە بەکۆمەڵ کوژراوین، واتە: قەتڵعام کراوین.
لە پارێزگای کرماشان وشەی (فرمان) لە ناو کەڵوڕزوواندا واتای: خاسەنۆکەر، کارەکەری تایبەت، بەردەست دەدا، کە لە فارسیدا پێی دەوترێ: پادەو؛ بەڵام لە پارێزگای سنە بە شارۆچکەکانیەوە، وشەی (فرمان) واتای کار و خەبات دەدات. لە هەورامیدا ئەم وشەیە دەبێتە: هەرمان؛ هەرمانیش کە لە هەورامی و سۆرانیدا دەکار دەکرێ، دوو واتای جیاوازیان هەیە: هەرمان لە سۆرانیدا واتای: نەمر، زیندوو، هەرگیز لەناونەچوو دەدا؛ بەڵام وەک وتمان، لە هەورامیدا واتای ئەرک و کار خەبات دەدا؛ هەرمان لە سۆرانیدا وشەی داڕێژراوە و لە دوو وشەی ئاوەڵناوی (هەر) و پاشگری (مان) پێک هاتووه و بۆ ناوی منداڵ بەکار دەچێت؛ بەڵام لە هەورامیدا وشەیەکی سەربەخۆیە. نموونە:
ئارۆ هەرمانێوما هەنه. (ئەمڕۆ کارمان هەیە.)
سەوای هەرمانت چێشەنە؟ (بەیانی کارت چییە؟)
دەشێ (فەرمان) لە زاراوی جیاوازدا واتای جیاوازی هەبێت بەڵام پێم وانیە ئەم نموونەیە بچێتە خانە بەڵگەوە، ڕاستە لێرەدا بە واتای کۆمەڵکوژی هاتووە وەلێ ئاماژەکەی ڕوونە: ئەوەندە جار (فەرمان)ی کۆمەڵکوژی ئێمە دەرچووە و پەلاماردراوین، لە ڕاستیدا ئەوە فەرمانی پاشایە و فەرمانی دەسەڵاتە، بەڵام لە کوردیی کرمانجیدا بووە بە فەرمان لە جێگای ڕەشەکوژی دانراوە. ئەوجا بەگشتی، هێشتا (فرمان) و (فەرمان) چ بە ناوەڕۆک و چ بە شێواز ئەوەندە نێزیک دێنە پێش جاو و بەر هۆش، کە جیاکردنەوەیان سەخت دەکەوێت. بە کورتی هەر دەڵێی فەرمانە و به ملەوەیە، چ کار و خەبات بێت و چ فەرمان و بەڵای ناگەهانی کۆکوژی.
کە وابوو ئێمە نابێ (فرمان و فەرمان) بە یەک بزانین و واتاکانیان تێکەڵ بکەین. بەداخەوە لە چەند شوێنێکدا هەندێ نووسەر واتای ئەم وشەگەلەیان تێکەڵ کردووە، لە کاتێکدا لە باشووری کوردستانی گەورە واتایەکی دیکەی هەیە و لە باکووریش واتایەکی دیکە.