کتێبی ڕەش و کۆتا مرۆڤی سپی
#نەجات نوری#
ئیستانبوڵ وەک چۆن خوێنەرەکانم هەستیان پێ کردووە، بە هەمان شێوە بە ڕیسوایی دەژیا.تاکە ڕێگەیەک مرۆڤ بتوانێت لێوەی ببێت بە خۆی ئەوەیە، پێویستە ببێت بە کەسێکی تر یاخود لەناو چیرۆکی کەسێکی تردا ون ببیت.
(#کتێبی ڕەش#) ڕۆمانێکی(ئورهان پاموک)ە و (#سامان کەریم#) لە تورکییەوە لە نێوان 644 لاپەڕەدا وەری گێڕاوە. ئەم دەقە دەتباتەوە بۆ سەر باوەڕ و بیری زۆر لەو نوسەرانەی کە لایان وایە دونیا و شار ڕەشاییەکە زۆر مرۆڤ ناتوانێت تێیدا بژی، تەمەن کتێبێکی ڕەشە تێیدا جگە لە مەینەتی ئیتر بەهیچ ناگەین. بۆ پاموک هەم شار و هەم ژیان ڕەشاییەکە تێیدا یەکە یەکە ون دەبین، لەگەڵ خۆماندا چیرۆک و یادەکانمان دەبەین و لەو ڕەشاییانەدا بۆ هەمیشە ناگەڕێینەوە، دەبێت مرۆڤ لە سەردەمی خۆیدا بیر لە خۆی بکاتەوە، تا لە گەروی شارە جەنجاڵ و لەناو هەزاران مرۆڤدا ون نەبێت، بەڵام لەلای پاموک مرۆڤ و شار پێکەوە ون دەبن، لەیەک یاخی دەبن، یەکتری تێکدەشکێنن، بەیەک ناگەن، ئەمە تا ئەو کاتانەی کە شار کۆنی و سیمای ڕابووردووی خۆی لە دەست دەدات و بە خێرای گەشەدەکات، ئیتر هەموو حیکایەت و وێنەکۆنەکان و کۆڵان و شەقام و گازینۆکان و چیرۆک و یادەکانی جاران لەگەڵ خۆیدا دەباتە ناو وێنە تازەکانی خۆیەوە و بە فەرامۆشیان دەسپێرێت، ئیستانبوڵ بۆ پاموک دەکاتە شارێک لەم دەقەدا کە بە خێرایی گەشەدەکات، ئیتر هەموو بەها جوانەکانی کۆنی خۆی دەکاتە قوربانی بەها نوێیەکان و تێیدا مرۆڤ خراپ ون دەبێت ونبوونێک کە دەتباتە سەر ڕێگاکانی مەرگ و بەدخویی و تاوان و کێشمەکێشمە گرانەگانی ژیان. بۆ پاموک لە ناو بەهای کۆن و کۆڵان و ماڵی کۆندا مرۆڤ دەتوانێت ئاشنای خۆی و خەڵکی تریش ببێت، دەتوانێت ئازادانە بژی و فێری عەشق و جوانی و نووسین ببێت، هەموو کەسێک چیرۆکی خۆی دەبێت، هەموو پرد و درەخت و مەل و کۆڵان و شەقامە کۆنەکان حیکایەتی خۆیان دەبێت. لەم دەقەدا لە هەر لاپەڕەیەکدا لەگەڵ گەڕانەکانی (غالب)دا بۆ دۆزینەوەی (ڕویا)یی هاوسەری و جەلالی هاوڕێی دا کە گۆشە نووسێکی بەناوبانگە، تووشمان دەبێت بە تووشی ئەو چیرۆکانەوە کە دەمانبەنەوە بۆ قووڵایی ئیستانبوڵی کۆن و سەردەمەکانی تریش، لای پاموک بەو چیرۆکانەوە مرۆڤ مرۆڤە، بۆ هەر یەکەیان بیرێک و تێڕامانێکی قووڵ هەیە، ئاوڕدانەوەیەکی جدی هەیە بۆ کۆنی شتەکان، گەڕانەوەیە بۆ بەهای ئەو مرۆڤ و کەرەستانەی کە لەو چیرۆکانەدا دەردەکەون. مرۆڤ کاتێک کە خۆیی و دۆست و هاوڕێکانی لەگەڵ نوێگەریدا وندەکات، ئیتر وردە وردە لە ژیاندا دەمرێت، هیچی بۆ ژیان پێ نامێنێت، ئەوەی وادەکات لەگەڵ بوونی تازەگەریدا ون ببیت هەر خۆت نیت بە تەنیا، بەڵکو ناوەخنی نووسینەکان و شار و خەڵک و خزمەکانیشت ون دەبن، دەبنە شتی بێ نرخ و هەموو ڕۆژێک بەشێک لە ڕۆح و گیانیان لە دەست دەدەن. مرۆڤ بەهای خۆی لەگەڵ شارە نوێیەکاندا دەدۆڕێنێت، بۆ هەندێک مرۆڤ بۆ ئەوەی ون نەبن، دەبێت ببنە کەسانی تر، وەکو چۆن غالب لەم دەقەدا وەها دەژی کە بۆتە ڕۆحی جەلال، بۆتە نووسەری گۆشەکەی ئەو، ڕێک جەلال خۆیەتی نەک کەسێکی تر، دەبێت بە ئەو بێ کەم و زیاد تا هەر دووکیان نەمرن و بتوانن چیرۆکەکان بگێڕنەوە، بەرگەکانی ئەو دەپۆشێت، لە ماڵی ئەودا دەژی، یان دەبێت ببیتە پاڵەوانی چیرۆکی کەسانی تر، بەمە مرۆڤ دەبێتە ئەو کەسەی کە دەتوانێت خۆی لە ون بوون ڕزگاربکات چونکە ژیان کتێبێکی ڕەشە ئەگەر زوو بە فریایی خۆت نەکەویت تێیدا ڕەشایی ڕاتدەماڵی...
تاکە ڕێگەیەک مرۆڤ بتوانێت لێوەی ببێت بە خۆی ئەوەیە، پێویستە ببێت بە کەسێکی تر یاخود لەناو چیرۆکی کەسێکی تردا ون ببیت.
ئەم دەقە لە هەر بەشێکدا دەتباتە ناو دونیایی ئەو مرۆڤە ون بووانەوە کە هەریەکە دەیان چیرۆکی ون بووی خۆیان هەیە، دەبێت درەنگ یان زوو لەگەڵ هەموو نوێگەریەکدا بگێڕدرێنەوە تا نەبینە قوربانی بەها پڕوپووچەکانی شار و بیروباوەڕە نوێیەکان، تا مرۆڤە نا بچووک و نەزانەکان نەمان کوژن لە پێناو شتی پووچدا. بەو چیرۆکە کۆنانە مرۆڤ لە گەروی ژیانێکی ڕەشدا دەکرێ سپێتی خۆی بپارێزێت، ئەوە نووسینەوەی ئەو چیرۆکە ون بووانەیە کە وا دەکەن لە قووڵایی کتێبێکی ڕەشدا هەست بە دڵنەوایی بکەین.[1]
Denna post har skrivits in (کوردیی ناوەڕاست) språk, klicka på ikonen
för att öppna objektet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Denna post har tittat 946 gånger
Skriv din kommentar om den här artikeln !