بیر لەوانی تر بکەرەوە
دەق: مەحمود دەروێش
وەرگێڕانی: #زریان عەلی#
کاتێ نانی بەیانی ئامادە دەکەیت، بیر لەوانی تر بکەرەوە
ژەمی کۆترەکانت بیرنەچێت.
کاتێ لە شەڕەکانتدا ڕۆدەچیت، بیر لەوانی تر بکەرەوە
ئەوانەت لە بیرنەچێت کە داوای ئاشتی دەکەن.
کاتێ پارەی پسووڵەی ئاو دەدەیت، بیر لەوانی تر بکەرەوە
ئەوانەی تەنها هەورەکان ئاویان دەداتێ.
کاتێ دەگەڕێیتەوە ماڵ، ماڵەکەت، بیر لەوانی تر بکەرەوە
خەڵکی ژێر چادرەکانت بیرنەچێت.
کاتێ دەتەوێت بخەویت و خەریکیت ئەستێرەکان دەژمێریت، بیر لەوانی تر بکەرەوە
کە پەنایەکیان دەستناکەوێ بۆ خەوتن.
کاتێ ئازادی بە خۆت دەدەیت لە بەکارهێنانی وتەی خوازراو، بیر لەوانی تر بکەرەوە
کە مافی قسەکردنیان زەوتکراوە.
کاتێ بیر لەوانە دەکەیتەوە کە دوورن، بیر لە خۆشت بکەرەوە
بڵێ: خۆزگە مۆمێک بوومایە لە تاریکیدا.[1]