سەگ بە بەلاش ناوەڕێ
مستەفای حاجی ساڵحی خاڵم خەڵکی گوندی ئیلنجاغی گەورەی وراتی کۆیەیە ، بەکاری جوتیارییەوە خەریکبوو، تا لەشینگ و قوەتی خۆی بوو، بەتراکتۆرەکەی بژێوی خۆیی و ماڵ و مناڵی دەردەهێنا و ناوە ناوەش کاری چەرچیەتی و چێواری و جەڵەبی ئاژەڵی ووردەی مەڕوماڵاتی دەکرد، ڕۆژێک سەردانی گوندیم کرد و سەرێکم لێدا، ماڵیان لە بڵندۆکەیە(برندۆکە)، سەگێکی سپی گەورەیان هەبوو، لەکاتی بەڕێکردنم سەگەکە هەر نزیک دەبۆوە و دەوڕی تا ئاستی پەلامار و گەزە گرتن، گوتم: خاڵە ئه و چییە؟ ئەتوش لێرەیی و دەنگی دەدەی(چەغە چەغە) کەچی هەر دەحەپێت و دەوڕێت، خاڵیشم ووتی: کوڕم بایی نانەکەی دەحەپی، هەڵبەت ئه و گێرانەوەیە بۆ ڕوونکردنەوەی ئه و ئیدیۆمەیە کە دەڵێت: سەگ بە بەلاش ناوەڕێ، سەگ کە شوانکارەکان و ماڵه مەڕدارەکان و ڕەوەندەکان لەدەرباری خۆیاندا ڕایدەگرن بۆ پاسەوانی مەڕوماڵاتەکانیان، زۆربەی شەوان سەگوەڕ ڕوودەدات هەر سەگە و لەلای خۆیەوە بە وەڕینەکەی پەیامێکی پێیە و لەلای مرۆڤیش دەبێتە سەگوەڕ، ئه و وەڕینە بەهۆکاری جیاجیاوە ڕوودەدات، یان ئەوەتە بە جوڵەی زیندەوەرێکی زیانبەخشە یان بەخشپەی دزێکە یان گورگێکە یان پیاوخراپێکە، ئه و حەپین و وەڕینەشی بۆ ئاگادارکردنەوەی خاوەنەکەیەتی یان ترساندنی ئه و شتە نامۆیەیە کە هەستی پێ دەکات، لەبەرامبەر ئه و پاسەوانیەدا خاوەنەکەی ڕۆژانە(سەپک)ی پێ دەدات، سەپک کولێرەیەکە لە کەپەکی ئاردی دروست دەکرێت، شێوەی زمانەگا درێژکۆڵەیە، دەیانخستە سەر سێر و ساجی(خاوەبرژ)یان دەکرد و بە(گرمخاو)ی دەرخواردی سەگەکەیان دەدا، ئەوە لایەنە ڕاستەقینەکەی ئیدیۆمەکەیە، وەکو خواستنیش وەکو تەوس و وەسف و ناساندنی شتێک بەکەسێک دەوترێت: کە شتێک ئەنجام بدات بەڵام هۆکارێکی سەرەکی لەپشت ئەنجامدانیەوە هەبێت چ هەستەوەری و درک پێکردن بێت چ دەسکەوتێکی مادی و بەرجەستەی به و کارە بەدەستبهێنێت بەوانە دەوترێت: سەگ بە بەلاش ناوەڕێ.[1]
Denna post har skrivits in (کوردیی ناوەڕاست) språk, klicka på ikonen
för att öppna objektet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Denna post har tittat 1,455 gånger
Skriv din kommentar om den här artikeln !