هەوار هەر ئەو هەوارە، بەڵام ئەو بەهار نییە
دەڵێن: کابرایەکی برسی و سکەڕۆ، ساڵێک لە بەهاردا، لە یەکێک لە ناوچەکانی کوردستاندا ڕو دەکاتە هەوارێک، بێگومان هەوارگەکانی کوردستان زۆربەیان خۆش و دڵڕفێن و سازگارن، خاوەن هەواریش، خزمەتێکی زۆری دەکات، تەدارکێکی جوانی بۆ دەگێڕێت و چەندین جۆر خواردن و خواردنەوەی بۆ ئامادە دەکات، میوانەکەش چەند ڕۆژێک پڕ بە دڵی خۆی دەخوات و چێژێکی خۆش دەبینێت، دوای تێپەڕینی ساڵێک لەبەر ئەوەی نانێکی خواردووە بە و ڕۆنەوە هەر دەچێتەوە ئەو شوێنە و بە و هیوایەی هەمان شتی جاری پێشووی بۆ دووبارە بکرێتەوە! بۆیە ساڵێکی دیکە هەر لەو کاتەدا، ڕو دەکاتەوە هەوار، بەڵام وادیارە، ئەو ساڵە کەم بارانی دەبێت و دەغڵ و دان و دانەوێڵە وەک ساڵی پار نەهاتووە، بۆیە خاوەن ماڵ وەک ساڵی پار بۆی نالوێت، هەمان خزمەتگوزاری پێشکەش بکاتەوە، ئەویش لە داخاندا دەڵێت: ئێی هێی (هەوار هەر ئەو هەوارەیە، بەڵام بەهار بەهاری پار نییە!) .
ئەم پەندە پەڕیوەتە بۆ ناو ژیان و ئاخاوتنی ڕۆژانەی خەڵکەوە، بۆ بارودۆخێک بەکاردێت، کە کەسێک یان شتێک یان شوێنێک هەمان کەس و شوێن و شت بێت، بەڵام ئێستا دوچاری گۆڕان بووبێت و وەک خۆی نەمابێتەوە، وەک ئەوەی کەسێک لە شوێنێکدا، داهات یان شتێکی باشی دەستکەوتووە، پاش ماوەیەک دەچێتەوە هەمان شوێن، سەیر دەکات، شوێنەکە هەمان شوێنە، بەڵام هەمان ئەو کەسانەی لێ نەماوە، کە خەڵکانێکی باش بوون و خێر و چاکەیان پێشکەش بە خەڵکی دەکرد، یان هەمان مرۆڤ بەڵام کات و زەمانە، یان پارە و سامان گۆڕیویەتی ئێستا وەک پێشتر نەماوە و گۆڕانی بەسەر دا هاتووە.
سەوزە فرۆشێک لە گەڕەکیکدا، سەوزە دەفرۆشێت و هەموو بەیانیانێک دەچێتە ئەو گەڕە کە و لەسەر عەرەبانەکەی چەندین جۆر سەوزە و تەڕە و میوەی پێیە، ژنێکیش لە گەڕەکەکە، هەموو ڕۆژێک سەزەی لێ دەکڕێت و لەگەڵ سەوزە کڕینەکەش هەندێکجار ئاوی ساردی بۆ دەهێنێت و هەندێکجاریش دیکەش ئەوەی لە دەستی ببێتەوە پێی دەدات، لەبەرئەوەی سەوزە فرۆش کابرایەکی پیر و ئیختیاری بە تەمەنە، وا دیارە ژنەکەش سکی پێی سووتاوە و ئەم جۆرە خۆمەتگوزارییانەی پێش کەش کردووە، وا ڕێک دەکەوێت کابرای سەوزە فرۆش عەرەبانەکەی دەفرۆشێت و بۆ ماوەی ساڵێک ناچێتەوە ئەو کۆڵان و گەڕەکە، پاشی ساڵێک عەرەبانەکەی دەکڕێتەوە، دەچێتەوە هەمان کۆڵان و هاوار دەکات، (تەماتە، سڵق، بامیە، ....هتد) ، بەڵام ژنەکە لەو ماڵە نایەتە دەرەوە، کابراش دەچێت لە دەرگا دەدات، سەیر دەکات، و ژنێکی دیکە بە ڕویەکی گرژ و مۆنەوە دێتە دەرەوە، ئەویش هیچ قسەیەک ناکات، بەڵام لە دڵی خۆیدا، دەڵێت: (بەخوای هەوار هەر ئەو هەوارە، بەڵام ئەو بەهار نییە) .[1]
Denna post har skrivits in (کوردیی ناوەڕاست) språk, klicka på ikonen
för att öppna objektet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Denna post har tittat 1,098 gånger
Skriv din kommentar om den här artikeln !