$دوژمنی یەکترین؟ یان کۆپی یەکترین؟$
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
لەوانەیە زۆربەتان توشی سەرسوڕمان ببن کاتێک بزانن هەر هەموو ئەو ملیارەها مرۆڤەی ئەمڕۆ هەن و لە ژیاندان نەوەی تەنیا سێ بۆ چوار هەزار مرۆڤن کە بەر لە نزیکەی 74 هەزار ساڵ لە ژیاندابوون. لێکۆڵینەوە نوێیەکان لەسەر جیاوازیە جینیەکانی گروپە جیاوازەکانی مرۆڤەکانی ئێستا لە سەرانسەری جیهان دەریدەخەن کە هەر هەموومان کە بە مرۆڤی نوێ یان مرۆڤی هۆمۆسێیپیاکان ناسراوین و لە ئێستادا لە ژیانداین و ژمارەمان پترە لە 7.8 ملیار کەس، هەر هەموومان نەوەی تەنیا چەند هەزار مرۆڤێکین کە لە سێ بۆ چوار هەزار کەس تێپەڕ ناکات.
بە وردی ئەو لێکۆڵینەوانە دەریدەخەن کە بەر لە نزیکەی 74 هەزار ساڵ پێش ئێستا تەنیا سێ بۆ چوار هەزار مرۆڤی هۆمۆسێیپیان هەبوون و مابوونەوە لەسەر هەموو هەسارەی زەوی و هەموومان نەوەی ئەو ژمارە کەمەین لە مرۆڤ، دوو لێکدانەوە هەیە بۆ کەمبوونەوەی سەر ژمێری مرۆڤەکان ئەو کاتە بۆ ئەو ژمارە کەمە، یەکێکیان تەقینەوەی گڕکانە زۆر زەبەلاح و گەورەکەی دورگەی سومەترە بووە لە ئەندۆنیسیا، لێکۆڵینەوە جیۆلۆجیەکان دەریدەخەن ئەو گڕکانە گەورەیە ڕێک ئەو کاتە ڕوویداوە، گڕکانەکە ئەوەندە توند و گەورە بووە شاخی Toba ی ئێستای لێ دروست بووە کە لە وڵاتی ئەندۆنیسیایە، ئەو گڕکانە زەبەلاحە بڕێکی ئێجگار زۆری لە خۆڵەمێشی تێکەڵ بە بەرگە هەوا کرد کە دوای ماوەیەکی کەم بەسەر ئاسمانی ناوچەکانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا وەکو هەورێکی ڕەش بڵاوبۆوە و بووە هۆی دروستبوونی زستانێکی ناووکی بۆ چەند ساڵێک لەزۆربەی ناوچەکانی زەوی، هەروەها دوای ئەوە ساردبوونەوە لەکەش و هەوای زۆربەی ناوچەکانی زەوی ڕوویداوە کە بۆ پتر لەماوەی یەک هەزار ساڵ بەردەوام بووە، بۆ زانیاریتان بە پێی باشترین لێکدانەوە دەرهاویشتەی ئەو گڕکانە پتر لە 2800 کیلۆمەتر سێجا بووە لە ماگما و خۆڵەمێش، بەپێی باشترین لێکدانەوە لەو بڕە لایەنی کەم 800 کیلۆمەتر سێجا لە خۆڵەمێش تێکەڵی بەرگەهەوا بووە، هەر بۆ بەراوردیش گڕکانەکەی ساڵی 2010 کە لەسەر شاخێکی دورگەی ئایسلەندا تەقیەوە بۆ ماوەی 30 ڕۆژ دەرهاویشتەکەی لە ماگما و خۆڵەمێش کەمتر بوو لە 0.5 کیلۆمەتر سێجا، بەم بەراوردە دەردەکەوێت ئەو گڕکانەی بەر لە 74 هەزار ساڵ چەندە گەورە و بەهێز بووە.
لێکدانەوەی دووەم بۆ ئەم کەمبوونەوەیە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک یان نەخۆشیەکی کتوپڕ بووە لە نێو مرۆڤە هۆمۆسێیپیاکانی ئەو سەردەمە کە زۆربەیان ئەو کاتە چەند دە هەزار ساڵێک بوو لە ئەفریقیاوە کۆچیان کردبوو بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێشتا بڵاو نەبووبوونەوە بە ناوچەکانی ئەوڕوپا و ئاسیا و هەردوو کیشوەری ئەمەریکا، بەڵام تا ئێستا بەڵگە بۆ لێکدانەوەی دووەم نیە.
دەستکەوتنی ئەم زانیاریانە هەمووی لەڕێگەی لێکۆڵینەوە نوێیەکان بووە لەسەر فرەچەشنی جینۆمەکان لەنێو گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگاکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان، ئەنجامدانی ئەو لێکۆڵینەوانە تا بەر لە نزیکەی 25 ساڵیش ئەستەم بوو بەڵام لە ئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی زۆر لە ئەندازەی بۆماوەیی و زیرەکی دەستکرد کارێکی ئاسانە، کەمبوونەوەی فرە چەشنی جینۆمەکان لە زانستی زیندەوەرناسی و جینۆمەکان لەنێو مرۆڤەکان بە دیاردەی ملەشوشە یان قوڕگەشوشە دەناسرێت bottleneck، بەڵام ئەمەیان بە زەقترینیان دادەنرێت لە مرۆڤدا کە تیایدا مرۆڤی نوێ واتە ئێمەی مرۆڤی هۆمۆسێیپاکان لە هەموو مێژووی بوونیدا لەو جارەدا بەر لە نزیکەی 74 هەزار ساڵ ئەوەندەی نەبووە بەتەواوی لەناو بچێت.
لەئەمڕۆدا لەڕێگەی لێکۆڵینەوە لەجینۆمەکانی هەر جۆرێکی زیندەوەر دەتوانین بزانین فرەچەشنی لە جینەکانی ئەو زیندەوەرەدا چەندە و چۆنە، لە زۆربەی هەرە زۆری زیندەوەراندا کە ئەو لێکۆڵینەوانە دەکرێن دەردەکەوێت کە فرەچەشنی جینەکان تیایاندا زۆرە، ئەویش لەبەر ئەوەیە یەکەم ئەو زیندەوەرانە زۆر لەمێژەوە لەپێش مرۆڤەوە هەن، هەروەها دووەم گروپە جیاوازەکانی ئەو زیندەوەرانە بەر لە ملیۆنەها ساڵ پێش ئێستا لەیەکتر جیابوونەتەوە، ئەو کاتە دورو درێژەش بۆتە هۆی ئەوەی جیاوازی و فرەچەشنیەکی زۆر لە جینەکانیان دەربکەوێت تیایاندا، مرۆڤیش وەکو زیندەوەرێکی جیاواز چەند ملیۆن ساڵێکە هەیە، بەڵام فرە چەشنی جینەکان لە ئێمەی مرۆڤدا زۆر کەمە، بە واتایەکی تر ئەگەر دوو مرۆڤ وەربگریت هەر یەکەو لە شوێنێکی جیهان بن دەبینین پتر لە 99% ی هەموو جینەکانیان وەکو یەکە، لە ڕاستیدا لێکدانەوەی جینۆمەکانی ژمارەیەکی زۆر لە گروپی مرۆڤەکان لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان دەریدەخات کە هەموو مرۆڤەکانی ئەمڕۆ لە ژیاندان دەگەڕێنەوە بۆ یەک دوو هەزار دایک و باوک کە بەر لە نزیکەی 74 هەزار ساڵ لە ژیاندا بوون، ئەمە ڕێک مانای ئەوەیە ئەو کاتە تەنیا ئەو ژمارەیە لە مرۆڤی هۆمۆسێیپیان هەبوون و لە ژیاندابوون، هۆکارەکەش لەناوچوونێکی کت و پڕی زۆربەی مرۆڤەکان بووە لەو کاتەدا بەهۆی ئەو ڕووداوانەی لەسەرەوە باسم کردوون، ئێمەش کە ئێستا هەین و لە ژیانداین هەموومان نەوەی ئەوە چەند هەزار کەسەین کە لەو کاتەدا ڕزگاریان بووە.
بەڵام دوایی لەو ژمارە کەمە کە ڕزگاریان بووە دوبارە و وردە وردە زۆر بوونەتەوە، دواتر بە کۆمەڵی بچوک بچوک بڵاوبوونەتەوە بە ناوچە جیاوازەکانی ئاسیا و ئەوڕوپا، دواتریش واتە دوای دەیەها هەزار ساڵ ڕەچەڵەکاکان و کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆ دروستبوون لەو گروپە بچوکانەی ئەو کاتە لەیەکتر جیابوونەوە و بڵاوبوونەوە، ئەم لێکۆڵینەوانە دەریدەخەن کە هەموو مرۆڤەکان ئەمڕۆ هەرچەندە ڕەگەزپەرست بن و ڕقیان لەیەکتر بێت، یان هەرچەندە بە ڕوواڵەت لەیەکتر جیاواز بن، بەڵام بەبێ ئەوەی زۆربەیان بزانن هەموویان نەوەی تەنیا چەند هەزار کەسێکی کەمن، بەواتایەکی تر ئەوان لەڕاستیدا کۆپی یەکترن نەوەک دوژمنی یەکتر. [1]