$هەسارەی زەوی بەبێ مرۆڤ چی لێ دێت؟$
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
ئەم نووسینەم فانتازیایەکی زانستیە، مەبەستم لە نووسینی تیشک خستنە سەر گرنگی هەسارەکەمانە بۆ ژیان، هەروەها تیشک خستنە سەر ئەو کاریگەریانەشە کە تا ئێستا ئێمەی مرۆڤ دروستمان کردووە لەسەر ژینگە.
توشی سەرسورمان دەبین کاتێک بە وردی بیر لە هەندێک لەو گۆرانکاریانە دەکەینەوە کە ئێمەی مرۆڤ بەسەر ژینگەی هەسارەی زەویماندا هێناوە تەنیا لە دوو سەدەی ڕابردودا، بە نەمانی کاریگەریەکانی مرۆڤ لەسەر ژینگەی گۆی زەوی وردە وردە ئەو گۆڕانکاریانەی لە دوو سەد ساڵی ڕابردوو ڕوویان داوە کەم دەبنەوە و نامێنن، گۆی زەوی دەچێتەوە دۆخی پێشوتری، بەڵام هەندێک لەو کاریگەریانەی مرۆڤ درووستی کردووە ملیۆنەها ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی بسڕدرێنەوە و نەمێنن.
گریمان ئەگەر مرۆڤ بەشێوەیەکی کتوپڕ لەسەر زەوی نەمێنێت، ئایا بە تێپەڕبوونی کات چی ڕوودەدات..؟ چی بەسەر ژینگەی هەسارەی زەوی دێت؟
لە دوای چەند کاتژمێرێک تا چەند ڕۆژێک:
تەزووی کارەبا دەبڕدرێت لە زۆربەی هەرە زۆری ناوچەکانی جیهان جگە لەو شوێنانەی وزەی نوێبووەوە بەکاردەهێنن وەکو تیشکی خۆر و وزەی با و بەنداوەکان، چونکە وێستگەکانی تری درووستکردنی کارەبا چی تر سوووتەمەنیان بۆ ناچێت، لەبەر ئەوە هەموو ئامێرەکان دەوەستن و گڵۆپەکانیش دەکوژێنەوە، کارەبای بەنداوەکان و سەرچاوە نوێبووەکانی تریش تەنیا بۆ چەند مانگێک یان ئەوپەڕی چەند ساڵێک بەردەوام دەبن بەبێ مرۆڤ.
لە دوای دە ڕۆژ بۆ دوو هەفتە:
پەلەوەڕ و ئاژەڵە خۆماڵیەکان وەکو مریشک، مانگا، مەڕ، بەراز و ئەوانی تر لە کێڵگەکان کە ژمارەیان چەند ملیارێک دەبێت لەبەر برسیەتی و تینویی دەمرن، سەگ و پشیلەکانی ماڵەکانیش بەڕەڵڵا دەبن و لەبەر برسیەتی ئەوانیش شەڕی مان و نەمان لەگەڵ یەکتر دەکەن.
دوای یەک مانگ:
سەدەها وێستگەی کارەبا کە بە وزەی ناوکی کاردەکەن دەتەقنەوە چونکە حەوزەکانی ساردکردنەوە تیایاندا وشک دەبن و کرداری ساردکردنەوە تیایاندا دەوەستێت، ئەمەش سەدەها تەقینەوەی ناوکی وەکو هیرۆشیما و چێرنۆبێل دروست دەکات لەو شوێنانە.
دوای 5 ساڵ:
وێستگەی ئاسمانی جیهانی و سەتەلایتە نزمەکان لە ئاسمان دەکەونە خوارەوە، ئەوانەی لە خولگە بەرزەکانن دوای ماوەیەکی زۆر زۆر زیاتر دەکەونە خوارەوە.
دوای 25 ساڵ:
دار و درەخت و گیا زۆربەی شەقام و شۆستەی شارەکان دادەپۆشێت، هەوا و ئاو تا ڕادەیەکی زۆر پاک دەبێتەوە و مەودای بینین زیاتر دەبێت، زۆربوونی سەوزایی دەبێتە هۆی زۆربوونی ئاژەڵە کێویەکان، ئاژەڵە دڕندەکانی وەکو گورگ و ورچ دەچنە نێو شارەکان بۆ ڕاوکردنی ئاژەڵەکانی تر، شارەکانی وەکو دوبەی و لاس ڤێگاس کە لە ناوچەی بیابانین بەتەواوی دادەپۆشرێن بە لم.
دوای 300 ساڵ:
زۆربەی باڵەخانە و تاوەرەکان دەست بە ڕووخان دەکەن چونکە شیش و ئاسنەکانی ناو کۆنکرێتەکان ژەنگ دەهێنن و هەرەس دەهێنن، زۆربەی بەنداوەکان و بەربەستە ئاویەکانیش بەربەستەکانیان دەشکێت و ڕووبار و زەلکاوەکان وەکو پێشووتر پڕ ئاو دەبنەوە.
دوای 10 هەزار ساڵ:
تەنیا ئەو شوێن و باڵەخانانەی کە بە بەرد دروستکراون دەمێنن وەکو ئەهرامەکانی میسر و دیوارە گەورەکەی چین، نەخشەکەی سەر چیای ڕەشمۆر لە ویلایەتی داکۆتای ئەمەریکا کە دەم و چاوی پێنج سەرۆکی ئەمەریکای لەسەر نەخشێنراوە تا چەند سەد هەزار ساڵێک لەوانەیە بمێنێت.
دوای 15 ملیۆن ساڵ:
تاکە پاشماوەی شارستانیەتی مرۆڤ بریتی دەبێت لە هەندێک مادەی پلاستیک و شووشە، دوای 30 ملیۆن ساڵ ئەویش نامێنێت.
دوای 300 ملیۆن ساڵ:
ئەگەر تا ئەو کاتە بوونەوەرێکی تری زیرەک لەسەر زەوی دروست بووبێتەوە ئەوا مەگەر لەڕێگەی لێکۆڵینەوەی زانستی، دەنا هەست بە هیچ ئاسەوارێکی بوونی شارستانیەتێکی تر ناکەن کە لە پێش خۆیان هەبووبێت، ئەگەر ئەوان زانستەکانیان دانەهێنابێت ئەوا هەرگیز نازانن پێشتر بونەوەرێکی زیرەکی وەک مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە ژیاوە!
بەکورتی زەوی بێ مرۆڤیش هەر دەمێنێت و هیچ پێویستیەکی بە مرۆڤ نیە، بەڵام مرۆڤ بەبێ زەوی لە ئێستادا لەم گەردوونە فراوانە بێ لانە دەبێت و نامێنێت! [1]