$ئایا زەوی خێراتر دەخولێتەوە بە دەوری خۆیدا$
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
ایا شەو ڕۆژ لە کورت بوونەوەیە..؟
ئێمەی مرۆڤ لەسەر هەسارەی زەوی شەو و ڕۆژێکمان کردووە بە 24 کاتژمێر و هەر کاتژمێرێکیش بۆ 60 خولەک و خولەکێکیشمان دابەش کردووە بەسەر 60 چرکە، واتە وەکو پێوەر شەو و ڕۆژێکمان کردووە بە 86، 400 چرکە...
پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بدەمەوە دەبێت ئەم زانیاریە گرنگە بخەمە ڕوو بۆتان لەسەر خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆی بە درێژایی تەمەنی:
خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆی بە گشتی زۆر ڕێک و جێگیرە بۆ هەستەکانی ئێمە، ئێمەی مرۆڤ لە هیچ کاتێکدا هەست بە گۆڕانی خێرایی ئەو خولانەوەیە ناکەین لەبەر ئەوەی بڕی ئەو گۆڕانە ئەگەر ڕووشبدات هێندە کەمە هەرگیز هەستی پێناکەین، بەڵام بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی پێوانەکردن و چاودێریکردنی هەسارەی زەوی ئێستا دەزانین ئەو خولانەوەیەش سەدا سەد جێگیر نییە و گۆڕانی کاتی و درێژخایەنیشی بەسەردا دێت، ئێستا بە وردی دەزانین گۆڕانەکە بە گشتی بەرەو خاوبوونەوەی خولانەوەی زەویە بەدەوری خۆیدا بە تێپەڕبوونی کات، ئەو خاوبوونەوەیە بەهۆی کاریگەری هێزی کێشکردنی مانگ بە بەردەوامی ڕوودەدات تێکڕای بڕەکەی 1.8 میللی چرکەیە لە 100 ساڵدا واتە لە سەد ساڵدا زەوی هێندە خاودەبێتەوە لە خولانەوە و شەو و ڕۆژێکیش هێندە درێژ دەبێت، میللی چرکەیەک کاتێکی زۆر کەمە واتە یەک لەسەر هەزاری چرکەیەک واتە چرکەیەک بکەین بە هەزار بەش و یەک بەشی لێوەربگرین هێندە کەمە، واتە لەوەتەی مانگ بووە بە پاشکۆی هەسارەی زەوی بەر لە پتر لە 4 ملیار ساڵ خولانەوەی زەوی هەر لە خاوبوونەوە بووە و شەو و ڕۆژیش لە درێژبوون بووە، بۆ نموونە بەر لە 1.4 ملیار ساڵ درێژی شەو و ڕۆژێک لەسەر هەسارەی زەوی تەنیا 18.7 کاتژمێر بووە و تاوەکو ئێستا خولانەوەی زەوی لە خاوبوونەوە بەردەوام بووە تا لە ئەمڕۆدا شەو و ڕۆژ بووە بە 24 کاتژمێری ڕێک...
ئایا ڕاستە خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆی خێراتر بووە بەم دواییە..؟
هەروەکو لەسەرەوە وتم ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی چاودێری هەسارەی زەوی زۆر زۆر بە وردی دەزانین خولانەوەی زەوی بەدەوری خۆی چەندە و چۆنە، هێندە ورد دەزانین تا ڕادەی زۆر کەمتر لە یەک میللی چرکە لە شەو و ڕۆژێکدا هەروەکو لەسەرەوەش وتم میللی چرکەیەک بڕێکی ئێجگار کەمە لە کات و واتە یەک لەسەر هەزاری چرکەیەک واتە چرکەیەک بکەین بە هەزار بەش و یەک بەشی لێوەربگرین هێندە کەمە، بە پێی تۆمارەکانمان بە درێژایی مانگی شەشی ئەمساڵ هەسارەی زەوی بە بڕێکی ئێجگار کەم خێراتر خولاوەتەوە لە مانگەکانی پێشووتر و هەروەها چەند ساڵی پێشووتر، خێراترین خولانەوەشی لە ڕۆژی 2022/6/22 تۆمار کرد کە تێکڕای بڕی خولانەوەکەی لە شەو و ڕۆژێکدا 1.59 میللی چرکە کەمتر بووە لە 24 کاتژمێردا لەو ڕۆژەدا واتە لە ڕۆژی 22 ی حوزەیران...
گرنگە بڵێم ئەو بڕە لە خێرابوونی زەوی یان کورتبوونەوەی شەو و ڕۆژێک کە لە مانگی شەش ڕوویدا هێندە کەمە نە کەسمان هەستی پێدەکەین نە ئەوەندە گرنگە پێوەی سەرقاڵ بین، ئەو بڕە لە کات دەزانن چەند دەکات..؟ بە وردی ئەو بڕە هێندەی ئەوەیە شەو و ڕۆژێک لە کات بکەین بە 54 ملیۆن بەش و یەک بەشی لێ وەربگرین...
هۆکارەکان چین..؟
لەگەڵ ئەوەی سەدا سەد بە وردی جارێ نازانین هۆکارەکان چین بەڵام بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە پەیوەندی بە هەندێک گۆرانکاری کاتیەوە بێت کە لە چینەکانی ناوەوەی زەوی ڕوودەدات بەتایبەتی کرۆک و چینی دەوری کرۆکی زەوی، هەروەها دوریش نییە پەیوەندەی هەبێت بە گۆڕانکاری کەش و هەوا بەتایبەتی ئەو گۆڕانکاریانە بوونەتە هۆی توانەوەی بڕێکی ئێجگار زۆر لە بەفر لە جەمسەری باکوور...
چی ڕوودەدات لەمەودوا..؟
ئەوەی بەردەوام دەبێت لە ڕوودان بە تێپەڕبوونی سەدەها و هەزارەها و ملیۆنەها ساڵی تریش هەروەکو لە پێشەکی نووسینەکەم باسم کردووە خاوبوونەوەی بەردەوامی زەویە لە خولانەوە بە دەوری خۆیدا بەهۆی کاریگەری هێزی کێشکردنی مانگ لەسەر زەوی، واتە بەتێپەڕبوونی کات شەو و ڕۆژێک هەر لە درێژبوون بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەی ئەو خاوبوونەیەش زۆر زۆر کەم و لەسەرخۆیە بەڵام بۆ نموونە دوای چەند سەد ساڵێکی تر دەبێت بڕی یەک چرکە لەکات گۆڕانکاری بەسەردا بهێنرێت و هەندێک زۆرتر بکرێت لەوەی ئێستا هەیە بۆ ئەوەی بتوانین شەو و ڕۆژێک بەهەمان پێوەری ئێستا پێوانە بکەین کە 24 کاتژمێری ڕێکە و دەکاتە 86، 400 چرکە...
لەکۆتاییدا بەکورتی دەمەوێت بڵێم ئەوەی ڕوودەدات هیچ جێگەی نیگەرانی نییە و ڕووداوێکی سرووشتی بێ مەترسی و هەست پێنەکراو و کاتیە، ڕاگەیاندنەکانیش نەوەک تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لەسەرانسەری جیهان وەکو پیشەی بەردەوامیان هەواڵەکەیان زۆر زۆر زیاتر لە پێویست گەورەتر کرد و بەشێوەیەکی نا ڕوونیش بۆ هاووڵاتیان خستیانە ڕوو...[1]