دەقی پەیامەکەی #بافڵ تاڵەبانی#:
ئەمڕۆ ڕۆژی شەهیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. ڕۆژی یادکردنەوەی مێژوویەک لە تێکۆشان و قوربانیدانی ئەو ڕۆڵە خوێنگەرمانەی نیشتمانە کە بە خوێنی خۆیان ئازادی و سەرفرازیی کوردستانیان نەخشاند.
ئەمڕۆ یادی هەموو ئەو شەهیدە قارەمانانە دەکەینەوە کە گڕیان بە تاریکییەوە دەنا و مژدەی هاتنی ڕۆژێکی نوێیان بە ئێمە بەخشی. یادی ئەو جوامێرانەی لە ڕۆژانی شکست و نائومێدیدا هیوابەخش و لە شەوەزەنگدا ترووسکایی ئێمە بوون.
ئێمە خوێنی ڕژاوی ڕۆڵەکانمان و خەم و ئازاری چەند ساڵەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانمان لەیادنەکردووە. هەوڵەکانمان بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر، بەگژداچوونەوەی نادادی و ستەم و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکە خۆشەویستەکەمان، هێمای وەفاداری و دڵسۆزیمانە بۆ شەهیدان و ئەو بەها باڵایانەی ڕۆحی خۆیان لەپێناودا بەخشیووە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پرشنگدارە لە خەبات لەپێناو ئازادی و سەرفرازیی خەڵکی کوردستان، دەبێت ئەمڕۆش بەهەمان ڕۆحییەت و بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی چەند ساڵە و ڕێبازی پیرۆزی سەرۆک #مام جەلال# و هاوەڵەکانییەوە، درێژە بەو خەباتە بدەین و کوردستانمان بگەیەنینە ئەو کەنارەی ڕووبارێک خوێنی لەپێناودا ڕژا.
دروود بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان و سڵاو و ڕێزی بێسنوورمان بۆ کەسوکارە سەربەرزەکەیان.
بافڵ #جەلال تاڵەبانی#
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
21ی تشرینی دووەمی2022[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!