ناونیشانی بابەت: ناوچەی باڵەکایەتی لە سەرچاوە مێژووییەکاندا
ناوچەی باڵەکایەتی ناوچەیەکی شاخاویی بەرفراوانە و کەوتووەتە باکووری پارێزگای #هەولێر#. لە سەرچاوە مێژووییەکاندا بە بنکەی شۆڕشەکانی کورد دادەنرێت و ناوچەیەکی گرنگی بازرگانیشە، بەهۆی هەبوونی ڕێگەی نێودەوڵەتیی هامڵتۆن و سنووری لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
ڕێباز دلاوەر عومەر، مامۆستای زانکۆی #سۆران# کە توێژینەوەیەکی لەسەر ناوچەی باڵەکایەتی کردووە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ڕووداو و دیرۆکی ڕادیۆی ڕووداو لەبارەی ناوی باڵەکایەتی ئاماژەی بەوە کرد:باڵەکایەتی ناوچەیەکی جوگرافیی سەختە، بۆچوونی جیاواز لەسەر ناوەکەی هەن، هەندێک بۆچوون پێیانوایە لە چەند تیرەیەکەوە هاتووە کە وەک باڵ یەکیان گرتووە و بووەتە ناوچەی باڵەکان و دواتر بووەتە باڵەک و هەروەها بۆچوونی زۆر نزیک لە ڕاستییەوە ئەوەیە کە ناوی ناوچەی باڵەکایەتی لە باڵاکێوەوە هاتبێت، چونکە ئەم ناوچەیە کێوی زۆری تێدان و کێوەکانیش بەرزن و وەک وەسفێک بۆ بەرزیی کێوەکان بووەت باڵا کێو و دواتر بووەتە باڵەک.
هەروەها لەسەر پرسی پێکەوەژیان و ئەو ئایین و نەتەوانەی لە باڵەکایەتی ژیاون و دەژیین، ئەو توێژەرە دەڵێت: لە باڵەکایەتی موسڵمان و کریستیان و جووەکان ژیاون، بەڵام کریستیانەکان ژمارەیەکی کەم بوون لە یەک گوندی ئەو دەڤەرە ژیاون و ڕۆیشتوون، جووەکانیش لە دۆڵی ڕۆست و گەڵاڵە هەبوون، ئەوانیش کۆچیان کردووە بۆ ئیسرائیل و نەماون. دانیشتووانی ئەو ناوچە جوگرافییەی پێی دەگوترێت باڵەکایەتی 95٪عەشیرەتی باڵەکن و بەشێکی بۆڵی و بابۆڵیش هەن لە حاجی ئۆمەران نیشتەجێن. بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکە کۆچەربوونە و هاتوونەتە باڵەکایەتی و تێکەڵ بە خەڵکی ناوچەکە بوونە.
ئەو زیاتر لەسەر ئەو بابەتە قسەی کرد و وتیشی، لە باڵەکایەتی چەند تیرەیەکی گەورە هەن، لەوانەش مەلا شەرەفییەکان، سەکرییەکان و شیوەزوورییەکان، لەبارەی مەلاشەرەفییەکان باس لەوە دەکرێت کە کەسێک بە ناوی مەلا شەرەف لە هۆزی گەڵاڵی ناوچەی #سلێمانی# بووە و هاتووەتە باڵەکایەتی، بۆچوونێکی دیکەش باس لەوە دەکات کە لە ناوچەی قەوقازیاوە هاتووەتە باڵەکایەتی و لای شێخی باڵەکان تەریقەتی سوهرەوەردی خوێندووە و لەوێ ماوەتەوە و ژنی هێناوە و نەوەکانی لەگەڵاڵە و دۆڵی ڕۆست و مێرگە و چەند گوندێکی دیکە نیشتەجێبوونە. هەرچی شیوەزوورییەکانن، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ڕەگیان دەگەڕێتەوە بۆ سوورچییەکانی دەوروبەری #قەندیل# و بەهۆی ژیانی کۆچەرایەتییەوە چوونەتە ناوچەکە و ماونەتەوە، بەڵام سەکرییەکان شوێنی خۆیان ناوچەی پشدەر بووە و بەهۆی کێشەیان لەگەڵ نورەدینییەکان، کۆچیان کردووە بۆ ناوچەی باڵەکایەتی و لە دۆڵی سەکران ماونەتەوە.
بە بڕوای ئەو توێژەرە، جگە لەو تیرە سەرەکییانە، چەندین بنەماڵەی دیکە هەن و لە زۆربەی گوندەکانی سنوورەکەش بەرەبابی جیاواز هەن.
ڕێباز دلاوەر عومەر، مامۆستای زانکۆی سۆران دەشڵێت: ناوچەی باڵەکایەتی بەشێک بووە لە شوێنی دەسەڵاتی میرنشینی سۆران و چەندین قەڵای سەربازیی میرنشینی سۆران لە باڵەکایەتی هەبوون. دوای درووستبوونی ویلایەتی موسڵیش، یەکەم یەکەی کارگێڕی لە باڵەکایەتی درووستبووە. باڵەک لە ساڵی 1895 دەبێتە شارەدێ و سەربە شارۆچکەی #رواندز# دەبێت، سەنتەری شارەدێکە کەوتبووە شارۆچکەی گەڵاڵە. تا دوای ڕێککەوتنی 11ی ئازاری 1975 #چۆمان# دەبێتە شارۆچکە و چەند شارەدێیەکی دیکە درووست دەبن.
بەپێی ئەو توێژینەوەیەی ئەو مامۆستایەی زانکۆی سۆران کردوویەتی، باڵەکایەتی سنوورێکی ستراتیژیی ئابووری و بازرگانیشی هەیە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی دەروازەی سنووری لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دەشڵێت، دوای هاتنی ڕێگەی هامڵتۆن لە دوای ساڵی 1930، باڵەکایەتی زیاتر گەشەی کردووە و وەک ناوچەیەکی گرنگی بازرگانی ناسراوە، شوێنێکی باشیش بووە بۆ دەستکەوتنی هەلیکار بۆ خەڵکی ناوچەکە.
زۆربەی گوندەکانی باڵەکایەتی کوێستانی تایبەتی خۆیان هەیە، دانیشتووانی ئەو گوندانە لە وەرزی بەهار و هاوین گوندەکانیان جێهێشتووە و چوونەتە کوێستانەکان و کشتوکاڵیان کردووە، ئەو ناوچەیە هەرچەندە زەویی کشتوکاڵی زۆری تێدا نییە بەهۆی شاخاویبوونی ناوچەکە، بەڵام زەوییەکانی بە پیتن و بەرهەمی کشتوکاڵیی تایبەتیان تێدا بەرهەم دێت.
ڕێباز دلاوەر عومەر ئاماژە بەوەش دەکات، باڵەکایەتی لە ساڵی 1962-1975 بنکەی سەرەکیی شۆڕشی ئەیلوول بووە، هەرچەندە لە یاداشی زۆربەی ئەو کەسانەی لەو ناوچەیە بوونە زۆر بە کەمی باسی باڵەکایەتی کراوە، ئەگەرچی ناوچەیەکی گرنگ و پاڵپشتییەکی گەورە بووە بۆ شۆڕشەکانی کورد.
ئەو توێژەرە لەبارەی مێژووی کۆنی ناوچەکەشەوە باسی لەوە کرد: ناوچەی باڵەکایەتی پێشتر و لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەشێک بووە لە دەوڵەتی عوسمانی، دەوڵەتی عوسمانیش باجی زۆری لە خەڵکەکەی وەردەگرت، خەڵکی ناوچەکە باجی جیاواز جیاوازیان داوەتە دەوڵەتی عوسمانی، باجی ئاژەڵ، باجی هەنگ، باجی کشتوکاڵیشیان داوە. دواتر لە سەردەمی هاتنی ڕووسەکان دیسان باڵەکایەتی بووەتە قوربانی و بەشێکی زۆری گەنجەکان بە زۆرەملێ کرانە سەربازیی سوپای عوسمانی، دواتریش لەکاتی چوونی ڕووسەکان بۆ ڕواندز هەموو ئەو گوندانەی کەوتوونەتە سەر ڕێگەی سوپای ڕووسەکان، قوربانیی زۆریان داوە، زۆربەی گوندەکان سووتێندراون و تەنانەت دەستدرێژیی سێکسیش کراوەتە سەر ئافرەتان. لە هەندێک گوندی باڵەکایەتی ڕووبەڕووبوونەوە هەبووە، بۆ نموونە لەوەرتێ و سمیلان و بێشە شەڕی ڕووسەکانیان کردووە، لەو شەڕانەشدا قوربانیان داوە.
ڕێباز دلاوەر عومەر، مامۆستای زانکۆی سۆران لە توێژینەوەکەیدا باسی کەسایەتییە گرنگەکانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت: شێخ محەمەد ئاغای وەڵاش، سەرۆکی عەشیرەتی باڵەک بووە، نامەیەکی بۆ ڕووسەکان ناردووە و داوای ڕێککەوتنی لەگەڵ کردوون، بەڵام وەڵامی ڕووسەکان ئەرێنی نەبووە و نەیانویستووە ڕێکبکەون، بۆیەش تا دوای نەمانی ڕووسەکان لەو ناوچەیە، بەردەوام شەڕی پارتیزانی ڕوویداوە و ڕووبەڕووبوونەوە هەبووە، بەڵام دوای هاتنی ئینگلیزەکان بارودۆخەکە هەندێک دەگۆڕێت، چونکە شێخ محەمەد ئاغا پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ئینگلیزەکان هەبووە، داواشیان لێکردووە ببێتە حاکمی ڕواندز، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە.
ئەو لە بەردەوامیی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، دوای ئەوەش کە لە ڕواندز ڕاپەڕین دژی ئینگلیزەکان ڕوویداوە، شیخ محەمەد ئاغای سەرۆکی عەشیرەتی باڵەک ئەفسەرە ئینگلیزەکانی ڕزگارکردوون.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی سۆران لەبارەی ڕۆڵی خەڵکی ناوچەکە لە سەردەمی پاشایەتیدا دەڵێت: شێخ محەمەد، ئاغای سەرۆکی عەشیرەتی باڵەک لە سەردەمی پاشایەتیدا لە ساڵی 1937-1939 ئەندامی پەڕڵەمانی ئێراق بووە و ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە و بەشداریی کارای لە دانیشتنەکانی پەڕڵەمانی ئەوکاتدا کردووە.[1]