هێرشە گەورەکە سەر شارۆچکەی #ڕەواندز#، لە #08-09-1974# ڕوویدا، لەنێوان سوپای ئێراق و هێزی پێشمەرگەی #پارتی دیموکراتی کوردستان# ئەو شەڕە یەکێک بوو لەشەڕە سەختەکان، بۆ مەبەستی گرتنی شوێنەکانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی ڕواندز، سوپای ئێراق هێڕشێکی بەربڵاوی لە دوو بەرەوە بۆ سەر ڕواندز دەست پێکرد.
یەکێکیان لە لە بەری #چیای گۆڕەز# بەرەو ناوچەی گوندی #باڵەکیان#، ئەوی تریان لە #کۆڕەک# بەرەو #بێخاڵ#، ئەو هێرشە ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوون، هەموو جۆرە پلانێکی تێدا بەکار هات بۆ گرتنی ئامانجەکانیان.
سوپای ئێراق لە 08-09-1974 بە فەرماندەیی لیوا ڕوکن ئیسماعیل تایە نعێمی، هێڕشێکی چڕی دەست پێکرد، هێڕشەکە لە دوو بەرەی جیاواز ئەنجام دران، یەکێکیان لە چیای کۆڕەک و ئەوی تریان لە چیای گۆڕەز، سەرەتا لەلایەن هێزی پێشمەرگە هەردوو هێڕشەکە تێکشکێنران، زیانێکی زۆر بەر سوپای ئێراق کەوت، لە و شەڕە بەرگریەدا تۆپخانەی شۆڕش بە فەرماندەیی #حالی دۆلەمەڕی# ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە تێکشکاندنی ئەو هێرشەی سوپا، ئەو هێڕشانە تاوەکوو #19-09-1974# هەمان ساڵ بەردەوام بوون سوپای ئێراق هیچ دەسکەوتێکی نەبوو تاوەکوو ئەو ڕۆژە، لە هێرشی یەکەم بۆسەر هێزی پێشمەرگە زیانێکی زۆر بە سوپای ئێراق کەوت، زیاتر لە 400 لاشەی کوژراوی سەربازەکانیان لەبەری شەڕ جێهێشت، ئەو قارەمانیەتیە بە خوێنی شەش شەهیدی پێشمەرگە تۆمارکرا.
حکومەتی ئێراق پلانێکی زۆر سەیری بەکار هێنا بۆ سەرکەوتنی لە و هێرشانە، ئەویش بریتی بوو لە هێرش کردن لە چیای کۆڕەکەوە بۆ شاری ڕواندز، بۆ ئەو مەبەستەش یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای ئێراق بەناوی مقەدەم ڕوکن عەبدولوەهاب، پلانێکی تۆکمەی دانا بوو، بە بلدۆزەری گەورە هەموو بەردەکانی دامێنی چیای کۆڕەکیان لابردن، بۆ ئەوەی تانک و زریپۆشی حکومەت لە سەری چیای کۆڕەک بەرەو ئامانجەکە هێڕش بکەن، ئەو پلانەی سوپا هەرگیز بەخەیاڵی پێشمەرگە نەدەهاتەوە، چونکە کارێکی زۆر سەخت و دژوار و دوور بوو لە لۆژیک، ئەو پلانە هاوسەنگی شەڕی گۆڕی، پێشمەرگەی ناچار بە پاشەکشە کرد بۆ گوندی #بەرزێوە# و چیای #هەندرێن# و #زۆزک# و #گەرووی عومەرئاغا# و شوێنەکانی تر، بۆ سوپاش سەرکەوتنێکی گەورە بوو.
یەکێک لە پلانەکانی تری حکومەتی ئێراق ئەوەبوو هێرشی کردە سەر هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی #بێتواتە#، مەبەستیشی لە و هێڕشە تەنیا ئەوەبوو، سەرکردایەتی شۆڕش هێزێکی پێشمەرگە بنێرێتە ناوچەکە، ئەوەش وای دەکرد گوشار لەسەر سوپای ئێراق لە ناوچەی ڕواندز کەم دەبوویەوە، ئەوەش پلانێکی ڕاست بوو. چونکە #دۆڵە ڕەقە# و بەشەکانی تری ناوچەکە گیران، ئەوەش وای کرد گوشاری سوپای ئێراق لەسەر پێشمەرگە زۆر ببێت و هێرش ببەنە سەر چیای ڕواندز. لە ئەنجامی بەرگری هێزی پێشمەرگە لە ڕۆژی 23ی ئەیلوول باڵەفڕەیەکی مێگ19 لە گوندی بەرزێوە بە ئاگری شەستیرێکی 14.5 خرایە خوارەوە، فڕۆکەوانەکەی کە ناوی ملازمی یەکەم سەفا شەللال بوو بەدیل گیرا.
سەرەنجام سوپای ئێراق دۆڵی ڕواندزی گرتەوە، ئیتر جەنگ تەنیا بریتی بوو لە تۆپباران و بۆمباران کردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرا سوپای ئێراق بەردەوام بەدوای دەرفەتێک دەگەڕا بۆ هێڕشکردنە سەر ناوچەکە، بۆ ئەوەی بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دەری بهێنێت. [1]