$رێککەوتنی سێقۆڵی (ترس) و لێکەوتەکانی لەسەر رۆژاوای کوردستان$
#عارف قوربانی#
هەر کەسێک وەکوو چاودێرێک لە هەڵوێست و سیناریۆکانی نزیک 10 ساڵی ڕابردووی تورکیا بەرانبەر ڕۆژاوای کوردستان بڕوانێت، تووشی سەرسوڕمان دەبێت لەوەی تورکیا لەم 10 ساڵەدا چەند گۆڕانێکی گەورە لە هەڵوێستەکانی ڕوویداوە. ئەو تورکیایەی ئێستا بە درۆن فەرماندەکانی پەیەدە دەکاتە ئامانج، دەیەوێت لەشکرکێشی بکاتە سەر ڕۆژاوا، کۆبانێ مووشەکباران دەکات، هاوپەیمانی لەگەڵ ڕووسیا و سووریا دەبەستێت بۆ گەڕانەوەی سوپای سووریا بۆ سنووری وڵاتەکەی، پێشتر خۆی پێچەوانەی ئەم کارانەی کردووە. ساڵانێک پەیوەندییەکی نەک هەر ئاسایی، بەڵکوو پەیوەندیی هەواڵگری لەنێوان تورکیا و پەیەدە هەبوو، لە هەستیارترین چرکەساتی شەڕی #داعش# و مەترسیی کەوتنی کۆبانێ، تورکیا دەرگای کردەوە هەرێمی کوردستان پێشمەرگە بنێرێت بۆ پاراستنی کۆبانێ.
دەبێت بزانین چی شتێک ڕوویدا، یاخود چی بەرانبەر بە تورکیا کراوە تاوەکو بە و جۆرە هەڵوێستەکانی پێچەوانە ببنەوە؟ لەم دوو نێوەندەدا ڕاستە لە ناوخۆی تورکیا پڕۆسەی ئاشتی بە بنبەست گەیشت و شەڕ لەنێوان تورکیا و #پەکەکە# دەستیپێکردەوە، بەڵام ئەوەش ڕوونە کە پەیەدە ڕۆژاوای کوردستانی نەخستە خزمەتی پەکەکەوە بۆ کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕ دژ بە تورکیا، سنوورەکانی ڕۆژاوای کوردستان بۆ تورکیا ناوچەی ئارام بوون، ئەو چەک و کەلوپەلە سەربازییانەی هاوپەیمانان و ئەمریکا دەیانبەخشییە هێزەکانی سەر بە پەیەدە بۆ شەڕی داعش، هیچ بەڵگەیەک نییە کە پەیەدە گەریلاکانی پەکەکەی پێ پڕچەک کردبێت دژ بە تورکیا. تەنانەت ئەو چەکانەی لە شکانی داعشیشدا دەستیان دەکەوت، نەدراون بە پەکەکە.
دەزگای هەواڵگریی وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەوردی چاودێریی ڕۆژاوا دەکەن و هیچ وڵاتێکیان گومانی لەسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ درووست نەبووە. ئەمریکاش زیاتر لە هەموو ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە هاوکاریی پەیەدەی کردووە و قوورساییەکی زۆری هەواڵگریی لە و ناوچانەیە و هیچ لۆمەیەکی پەیەدەیان نەکردووە بەوەی توانای دژ بە تورکیا بەکار بردبێت. بگرە زۆرجار بۆ موراعاتی تورکیا سازشیان بە پەیەدە کردووە. بەشێک لە و ناوچانەی پەیەدە بە خوێن لە داعش پاراستبوونی، یان بە خوێن و قوربانییەکی زۆر لە دەستی داعش ڕزگاری کردبوون، پەیەدە لەسەر داوای ئەمریکا لێیان کشاوەتەوە. ناوچەیەکی فراوانی سنووریی بۆ تورکیا چۆڵکران.
بەشێک لە ناوچە ستراتیژییەکانیش بە ڕەزامەندیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان لە دەستی پەیەدە دەرهێندران و خرانە ژێر کۆنترۆڵی ئەو گرووپانەی نزیک تورکیا، کە هاوشێوەی داعشن. ئەمریکا و هاوپەیمانان و تەنانەت #هەسەدە#ش، ئەمانەیان تەنیا بۆ ڕەزامەندیی تورکیا کردووە، بەڵام تورکیا هەر پێداگریی زیاتر دەکات.
ڕۆژاواییەکان خۆیان خستووەتە بەردەم پابەندێتییەکی ئەخلاقییەوە بەرانبەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە وەکوو خۆیان دەڵێن، لەبری جیهان شەڕی تیرۆر دەکەن. هەموویان دەزانن تاکە هێزێک لە و ناوچەیە ڕووبەڕووی داعش بووبێتەوە کوردەکان بوون، دەشزانن لاوازبوونی ڕۆڵ و پێگەی کورد یەکسانە بە سەرهەڵدانەوەی داعش. لەوانەش ڕوونتر دەزانن کە نە ئەو جوگرافیایەی بەدەست کوردەکانەوەیە و نە هێزەکانی سووریای دیموکرات هیچ مەترسییەکیان بۆ تورکیا درووست نەکردووە. بۆیە لە هەندێک ئاستدا نیگەرانییەکانی تورکیایان لەبەرچاو نەگرتووە، نەک هەر بە پێدانی چەک و کەرەستەی سەربازی، بە مەشق و ڕاهێنان و پێدانی زانیاری و هەماهەنگیی مەیدانی کەوتوونەتە پشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە و بەردەوامن لە پشتیوانییەکانیان بۆ ڕۆژاوای کوردستان.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەو ناوچەیە بە خەڵک و بە جوگرافیاکەیەوە مەترسی نەبن بۆ تورکیا، ئەی بۆچی تورکیا بە و ئەندازەیە سەنگەری لێگرتوون؟ بەتایبەتیش کە خەریکە ئەم هەڵوێستەی تورکیا دەبێتە هۆکار بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و دۆست و هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکانی؟ هیچ گومان لەوەدا نییە بەشێکی هۆکاری هەڵوێستەکانی تورکیا پەیوەندیی بە و (گرێ) یەی نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکەوە هەیە بەرانبەر بە کورد، دژی هەر باڵاکردنێکی کوردن لە هەر کوێیەک بێت؛ بەڵام ئەوە هەموو هۆکارەکە نییە، بەشێکی گرنگی کێشەی تورکیا لەگەڵ ڕۆژاوای کوردستان پەیوەندیی بە تایبەتمەندیی ڕۆڵ و پێگەی تورکیاوە هەیە لە ناوچەکە، کە ئێستا وای دەبینێت بەهۆی جوگرافیای ڕۆژاوای کوردستانەوە ئەو سەنگەی پێشووتری نەماوە.
بە درێژایی درووستبوونی دەوڵەتی تورکیا تاوەکو هاتنی داعش، یەکێک لە فاکتەرەکانی ڕۆڵ و پێگەی تورکیا، ئەو نوێنەرایەتییەی جیهانی ڕۆژاوا بووە لە ناوچەکە. ئەمریکا و ئەوروپا و دواتریش ناتۆ، خۆیان ئامادەیی کردارییان لە ناوچەکە نەبووە، بەڵکوو تورکیا ڕۆڵی ئەوانی بینیووە. سەرباری ئەوەی بەهۆی جەنگی کەنداوە وە ئەمریکا و هاوپەیمانەکان هاتنە ناوچەکە و بەتایبەت بۆ ئێراق، بەڵام هاوشێوەی هاتنیان نەبوو دوای دەرکەوتنی داعش. هەردوو حاڵەتی هاتنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان، لەسەر حسابی لاوازبوونی ڕۆڵ و پێگەی تورکیا بووە. هەر بۆیە هیچ جارێک تورکیا خۆشحاڵ نەبوو بە هاتنیان و بگرە هێندەی پێی کرابێت هەوڵیداوە ڕێگە لە ئامادەیی مەیدانییان بگرێت، چونکە دەزانێت بوونی ئەوان لە ناوچەکە هەژموونی تورکیا بەسەر ناوچەکە لاواز دەکات.
لەدوای کەوتنی سەدام، تورکیا ئومێدی لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو ئێران پاشەکشە بە ئەمریکا دەکات، خۆشحاڵ بوو بەوەی دەیبینی هەژموونی ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ سنووری مانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە بەر تەسک دەکاتەوە، چونکە بۆ تورکیا هاوکێشەکە وەکوو تای تەرازوو وایە، تا ڕۆڵ و پێگە و حزووری ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ناتۆ لاواز بێت، سەنگ و کێشی تورکیا بۆ ڕۆژاوا بایەخدارتر دەبێت؛ بەڵام هاتنی داعش و لێکەوتەکانی باری تورکیای قوورستر کرد، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان هێزیان بردە ئەو جوگرافیایەی لە ڕۆژاوای کوردستان کەوتبووە دەستی هەسەدەوە. لە و کاتەوە ئامانجی تورکیا قەناعەتپێهێنانی ئەمریکا و ناتۆیە بۆ کشانەوەیان لە و جوگرافیایە. سەرەتا بە بیانووی ئەوەی دەبێتە مەترسی لەسەر ئاساییش و سەقامگیریی تورکیا، داوای ئەوەی دەکرد هێز و گرووپەکانی ناو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە سەر بە تورکیان بچنە ئەو ناوچانە. ئەمەی بۆ نەچووە سەر، پاشان دەیویست بە پاساوی ناوچەی ئارامەوە هێزی تورکیا بچێتە ئەودیووی سنوور و خەیاڵی ئەوەی کەوتبووە سەر بە لەشکرکێشی هەموو ناوچەکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. نە ئەمریکا و هاوپەیمانەکان و تەنانەت نە ئێران و ڕووسیاش کە بەشێکی سەرەکیی کێشەکانی سووریان، بەوە ڕازی نەبوون و تورکیایان نائومێد کرد.
ئێستا و دوای نائومێدبوونی لە و سیناریۆیانەی هەیبوون، تازەترین هەوڵی تورکیا ئەوەیە سوپای سووریا بگەڕێنێتەوە ئەو ناوچەیە. بێگومان ڕەخساندنی هەلومەرج بۆ گەڕانەوەی سوپای سووریا لەسەر حسابی ئەوە دەبێت کە هێزی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان لەوێ نەمێنن. بۆ ئەم مەبەستە بەرەیەکی درووستکردووە کە هەریەک لە ئێران و سووریا و ڕووسیا پشتگیریی دەکەن. ئەو ڕێککەوتنە سێقۆڵییەی وەزارەتی بەرگریی هەر سێ وڵاتی تورکیا، ڕووسیا و سووریا (ترس) بۆ ئەو ئامانجەیە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (کورد) لە و ناوچەیە دووربخەنەوە، بەڵام ڕەنگە تاکە ڕێککەوتنێک بێت لە مێژوودا لێکەوتەکانی بە بەرژەوەندیی (پیلانلێگێڕدراو) بکەونەوە، چونکە سیناریۆی ڕێککەوتنەکە بۆ ئەمریکا و ناتۆ ڕوونە ئەگەر مەبەستە ڕووکەشەکە بۆ دوورخستنەوەی کوردە لەسەر جوگرافیاکەی، بەڵام ئەسڵی مەقسەد، دەرکردنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانە.
ستراتیژی تازەی ئەمریکا و ناتۆش دوای باڵاکردنەوەی ڕووسیا، مانەوەیانە لەم ناوچەیە. ئەم سیاسەتەش وادەکات ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەدوای دڵنیاییدا بگەڕێن، بۆ ئێستا باشوور و ڕۆژاوای کوردستان جێ متمانەترین ناوچەی پێویستی ئەم قۆناخە تازەیەن. بۆیە ڕێککەوتنەکەی تورکیا و ڕووسیا و سووریا، نەک نابێتە مەترسی، بەڵکوو دەرفەتی باشتر بۆ کوردستان دەڕەخسێنێت، بەڵام دواجار پێویستیی قۆستنەوەی ئەو دەرفەتانە بۆ کورد، بەستراوە بە ئامادەیی کورد خۆیەوە. [1]