بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ڕاگەیەنراوێک بۆ ڕای گشتی
سەبارەت بە بارودۆخی #کەرکووک #و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە.
بەداخەوە شەوی ڕابردوو زینجیرەیەک تەقینەوە شاری کەرکووکی هەژاند و ژمارەیەک هاووڵاتی شەهید و برینداربوون .
ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەڕڵەمانی کوردستان بە پێویستی دەزانین دید و هەڵوێستی خۆمان لەسەر ئەو دۆخە ئاڵۆزە بخەینە ڕوو:
یەکەم: ئەوەی ئێستا لەو ناوچانە دەگوزەرێت، دەرەنجامی سیاسەتی هەڵە و هەڵپەی شەخسیی و بەرژەوەندی حزبیی دەسەڵاتدارانی هەرێمە کە ئەوەندەی لە کەرکووک دەسەڵاتیان هەبوو، ئەزموونی ناشیرینی دوو ئیدارەیی و ململانێی حزبیی و گەندەڵیی دوو دەیەی ڕابردوویان گواستەوە بۆ شارەکە و هەموو دامەزراوەکانی ئەو شارەیان دوو دوو لەنێوان خۆیان دابەشکرد .
ئەمە جگە لەوەی هێندەی کاریان لەسەر چاندنی تۆوی ڕق و کینە و دووبەرەکی لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکەدا کرد، نەیانتوانی نموونەیەکی جوان و پێشکەوتووانەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە پێشکەش بکەن .
دووەم: لەدوای ڕووخانی ڕژێمەوە هەر چوار ساڵ جارێک لەشکرێک وەزیر و پەڕڵەمانتار و بەرپرسی سەربازیی و مەدەنی چوونەتە بەغدا، ئەگەر ئەم 16 ساڵەی ڕابردوو هێندەی لە خەمی پۆست و کورسی و دەستکەوتی مادیی شەخسیی و حزبییدا بوون، هێندە لە خەمی خاکدا بوونایە، ئێستا کەرکووک وەک هەولێر و سلێمانی بەشێک بوو لە هەرێمی کوردستان، نەک بەو شێوەیە هەر ڕۆژەو شاهێدی ڕوودانی کارەساتێک بێن تیایدا!
سێیەم: ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی سەدا 51 ی خاکی کوردستان، هێشتا نەبووەتە عیبرەت بۆ هەردوو هێزە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم و، چاویان ئەو نەهامەتیی و کارەساتانە نابینێ و هێشتاش خەریکی دەست شکاندنەوە و ململانێن لەسەر پۆست و کورسییەک و وا دەردەکەوێت، ئەوەی خەمیان نەبێ و لەبیریاندا نەبێت، ئەو نەهامەتییانەیە کە بڕیار و سیاسەتی هەڵەی ئەوان بەسەر خەڵکیدا هێناوە!
چوارەم: ئێمە پێمانوایە بەردەوامیی ئەم شپرزەیی و پەرتەوازەییەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دۆخی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپتر دەبات کە داواجار خەڵک باجەکەی دەدات .
ڕێگرتن لە تەشەنە سەندنی ئەو دۆخە پێویستی بە تەبایی و کاری هاوبەش و دەستبەرداربوون لە بەرژەوەندی حزبیی و خواستی شەخسیی و خۆسەپێنی هەیە، چونکە دواجار تێکەڵبوونی هەندێ ئەجێندای خەتەر لەگەڵیدا ئەبێتە هەڵایسانی فیتنەیەک کە ئاگرەکەی دیار نییە کەی خامۆش دەبێت .
لە کۆتاییدا بەتوندی ئەنجامدەرانی تەقینەوە و کارە ئاژاوەگێڕییەکانی شەوی ڕابردوو و ئەوانەشی لە پشتیەوەن ڕسوا و شەرمەزار دەکەین، لە خوای گەورە داواکارین جێگەی قوربانییەکان بەهەشتی بەرین بێت و شیفای بەپەلەی بریندارەکانیش بدات .
فراکسیۆنی کۆمەڵ
لە پەڕڵەمانی کوردستان
#31-05-2019#
[1]