کوردبوون!
من هەمیشە چوار ناسنامەم هەڵگرتووە
کەچی لە هەموو بازگەیەک جێی گوومانم
من هەمیشە بە چوار زمان قسە ئەکەم
کەچی هیچ کەس لێم تێناگا وەک ئەوەی زمان نەزانم
من هەمیشە پێنج فەڕزەکەم هەریەکەیان چوار جار ئەکەم
کەچی هێشتا بڕوا ناکەن موسوڵمانم
من هەمیشە سەربازی ژێر چوار ئاڵام
کەچی هەر بێ نیشتمانم
بەڵام گەرچی هەمیشە چوار شەمشیرەم لەسەر مل و سەر گەردنە
کەچی مەکۆی بەرگریم و من سیمبوولی کۆڵنەدانم
دە بمناسنەوە بە خوێنما، بە ئاوارەکانم
بمناسنەوە بە جەستەی چوار پارچەبووما
بمناسنەوە!
کە من کوردم، موسوڵمانم، کوردستانیم!
نووسین: مەلا هەژاری مەنافی [1]