ناونیشانی بابەت: بەیان عەلی: کۆمەڵگەی کوردی زۆر بەڕێزەوە پێشوازی لە کاری ئێمەی ئافرەت دەکات
ئامادەکردنی: #یادگار چاوشین#
ئەکتەری بوارای دراما و شانۆ، خانمە هونەرمەند #بەیان عەلی#، لەدایکبووی شاری سلێمانی، دەرچووی پەیامانگای هونەرە جوانەکان بەشی شانۆ، لە دیدارێکی لەگەڵ (باسنیوز) دا، باس لە هەگبەی هونەریی خۆی و پشتیووانیی خێزان و هاوسەرەکەی دەکات.
یەکەم دەرکەوتنی بەیان عەلی لەسەر تەختەی شانۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1992) لە شانۆگەریی (حەمەدۆک) ، پاشان لە چەندین کاری درامادا بەشداریی کردووە، دوایین کاری هونەری درامای (کۆشکی هەنار) بوو، کە لەلای بینەر بە ڕۆڵی (بەدری) دەناسرێت و خۆی دەڵێت: ”من لەناو خێزانێکی ڕۆشنبیردا گۆش کراوم و بۆ کاری هونەرییم سەربەستیی تەواوم پێ دراوە“
(باسنیوز) لەنێوان کاری هونەریی تراژیدیا و کۆمیدیادا کامیان خەونی تۆ بووە؟
بەیان عەلی: هەر ڕۆڵێک لە لای بینەر پێشوازیی لێ کرابێت ئەوە لای من بووەتە خەونی گەورە، جا ئەو کارە هونەرییە تراژیدی بووبێت یان کۆمیدیا.
(باسنیوز) سەرەتای دەرکەوتن لەسەر شاشە وەک ئەکتەرێک، تا چەند لەلایەن خانەوادە و کەسوکار پێشوازییت لێ کرا؟
بەیان عەلی: من لەناو خێزانێکی ڕۆشنبیردا گۆش کراوم، سەربەستیی تەواوم پێ دراوە و تەنانەت ئێستاش هاوسەرەکەم زۆر پشتیوانمه.
(باسنیوز) چی هۆکارە بەشێک لە هونەرمەندە بەئەزموونەکانی ڕابردوو گلەیی دەکەن، کە دەڵێن خۆزگە هەرگیز هونەرمەند نەبووینایە؟
بەیان عەلی: ئەوەی من لێی تێ دەگەم گلەیی نییە لەو خولیایەی بۆ هونەرەکەی هەیەتی، بەڵکوو هونەرمەندان بەردەوام گلەیی لە لایەنی پەیوەست بە هونەرمەندان دەکەن، کە نەیانتوانیوە ماندووبوونی چەند ساڵەیان لەبەرچاو بگرن.
(باسنیوز) وەک دەڵێن چیرۆکی درامای (کۆشکی هەنار) فیلمێکی فارسییە بە ژێرنووسی زمانی کوردی، تۆ وەک ئەکتەرێکی بەشداربوو چی دەڵێی؟
بەیان عەلی: دەبێت ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی دەرهێنەر بکرێتەوە، لەبەرئەوەی من ئەکتەرم، ئەوەی لەسەر منە بینینی ڕۆڵەکەیە، ئەوانەی ڕەخنە دەگرن، یان لە پشت کۆمیتەرەکەیانەوە کۆمێنت دەنووسن، لە کاتێکدا خۆی بۆ بیست ساڵ دەچێت لە کاری دراما دوور کەوتووەتەوه، پێم باشە ئەوانە بێنەوە ناو گۆڕەپانەکە و شتێکی باشتر لە ئێمەومانان پێشکەش بکەن.
(باسنیوز) تا چەند کۆمپانیا هونەرییەکان هۆکارن بۆ بووژاندنەوەی درامای کوردی؟
بەیان عەلی: بەدڵنیاییەوە کۆمپانیا هونەرییەکان ڕۆڵیان هەیە، لە پێشەوەچوونی کارە هونەرییەکان، بەتایبەتی هونەری دراما، ئێستا ناوەندی هونەری زەنێ توانیویەتی بەردەوام ساڵانە یەک بۆ دوو کاری دراما بەرهەم بهێنێ، جگە لە چەندین بەرهەمی دیکۆمێنتاری، بۆیە بە بۆچوونی من، بوونی کۆمپانیاکان گرنگن، تەنانەت لە ڕووی گرێبەستەکانیشەوە مافی هونەرمەندان دەپارێزێت.
(باسنیوز) درامای (کۆشکی هەنار) لە لای بینەر ڕوون نییه، لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلی کۆن و لە لایەک تەکنەلۆجیا وەک مۆبایل، دەپرسین خۆت وەک ئەکتەرێکی لەو درامایه، ڕۆژانە لەلای هەوادارانت تووشی ئەم پرسیارە نەبوویتەوە؟
بەیان عەلی: دیارە کۆشک و جلوبەرگی نوێ و ئۆتۆمبێلی کۆن و تا دەگاتە ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، هەمووی پێکەوە دەبینیرێن، چیرۆکەکە وا دەڵێ، ئەم ڕا و بۆچونانە لەسەر ئەو درامایە لاوازن.
(باسنیوز) ئەگەرچی لەدەرەوەی کاری نواندن لەگەڵ هونەرمەندی بەتوانا ئەکتەری نواندن (بەیان بۆمبا) دوو هاوڕێی دوانەن، کەچی لە بەرکەوتەی ڕۆڵەکان دوو ڕکابەری یەکن و هەمیشە دژی یەکن، ئەمە کاریگەریی ناکاتە سەر پەیوەندییەکانتان؟
بەیان عەلی: من و خاتوو بەیان دوو هاوڕێی زۆر لەیەک نزیکین، چ لە دەوام و چ لەدەرەوە، کارە هونەرییەکان، ئەوەی لای بینەر دەبینرێت، وەک ڕۆڵ ئەوەی سیناریۆ و بڕیاری دەرهێنەرەکانن، دەنا هەمیشە ئێمە دوو خوشکی ئازیزی یەکترین.
(باسنیوز) کۆمەڵگەی کوردی تا چەند پێشوازی لە ئێوەی ئافرەتی هونەرمەند کردووە؟
بەیان عەلی: ئەوەی دەبینم کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ڕۆشنبیرمان هەیە، بەتایبەتی بۆ ئێمەی هونەرمەندانی ئافرەت کە زۆر بەڕێزەوە پێشوازیمان لێ دەکەن، هەتا ئێستا لە هیچ شوێنێک تووشی توانج و پلار نەبوومەتەوە.
(باسنیوز) ئایا سەندیکا بۆ ئێوەی هونەرمەندان بووەتە ماڵی دووەم؟
بەیان عەلی: سەندیکای هونەرمەندان وەک پێویست نەبووەتە ماڵی دووەمی هونەرمەندان و ڕۆڵی ئەوتۆیان لە خزمەتی هونەرمەندان نەبینیوە، بەتایبەتی هونەری نواندن.
(باسنیوز) هەر کات دیدارێکی هونەرمەندێکت دەبینی، لەگەڵ یەکەم وشەی دەڵێ هونەرمەند موڵکی گەلە، دەپرسین هونەرمەند بەڕاستی موڵکی گەلن یان حزب؟
بەیان عەلی: بە بۆچوونی من، پێویست ناکات هونەرمەند موڵکی حزب بێت، یان سەر بە لایەنێکیش بێت، چونکە ئەو هونەرمەندە موڵکی گەلێکه، هەر کات هونەرمەند پەیوەست بوو بە حزب، قوورسایی لەدەست دەدات.
(باسنیوز) وەرگرتنی ڕۆڵی سەرەکی لەسەر بنەمای توانای هونەرمەندەکەیە، یان ئەمیش بووەتە خزم خزمێنە؟
بەیان عەلی: هەستم نەکردووە پێدانی ڕۆڵ بووبێتە خزم خزمێنه، من وەک خۆم لەمبارەیەوە کێشەم نییە، ڕۆڵم وەک توانای خۆم وەرگرتووە.
(باسنیوز) ئایا پێتان گوتراوە بۆ ئەوەی لە بەشی چوارەمی گەردەلوولدا بەشدار بن؟
بەیان عەلی: بەڵێ پێم گوتراوە، بەڵام ئەوەش دەکەوێتە ئەو ساته، تا چەند بۆم دەکرێت تیایدا بەشدار بم. [1]