ناونیشانی بابەت: ئایا کازمییەکەی 2020 دەبێتە نەوشیروانەکەی 2009؟
ئامادەکردن: #سیڤان سەعید#
ڕووخاندنی فۆرم و شکڵیی هەر ڕژێمێک ناکاتە بنبڕکردن و لەناوبردنی زیهنییەت و کولتوری ئەو سیستمەی کە ڕژێمەکەی بەرهەمهێناوە. لەراستیدا #بەعس# خۆی سیستمێک نەبوو تا بڕوخێنرێت. بەعسییەکانیش دیسان درێژە پێدەری ئەو کولتوورە سیاسیی و سەربازییە قرێژ و ناشیرینە بوون کە لە مێژووی ئێراق و ناوچەکەدا هەبووە و هەیە. بەڵام لانی کەم، هەلی لەسەر کارمانەوەی سی و پێنج ساڵ و بوونی سەرۆکێکی دڕندە و بە هێزی وەک سەددام، جۆرێک لە سەقامگیریی و یەکپارچەیی ئەوخاکەی کە پێی دەڵێن ئێراق، فەراهەمکردبوو. لانی کەم سەری ئەو تەنکییە پڕ لە ژەهر و ئاگر و بارووتەی توندداخستبوو، نەیدەهێشت بە ئاسانی ناواخن و ناوەرۆکی ئەو ئێراقە ناقۆڵایە بکەوێتە بەرچاوی خەڵکی ناوەوەو دەرەوەی ئێراقیش. لە دوای ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە، ئیدی وردە سەددامی جیاواز جیاواز لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراقدا سەریانهەڵدا. شاری سەدام دەبووە شاری سەدر. “بالروح.. بالدم..” بۆ حەکیم دەگوترا لەجێی سەدام. مستشفی سەددام دەبووە نەخۆشخانەی ڕزگاریی یان نەخۆشخانەی ئالی بەیت…… هتد. بەڵام بە زیهنییەت و بە پراکتیکی ڕۆژانە، سەددام و خەیاڵ و سیستمە تۆتالیتار و سەرکوتکارەکەی کە سەددامی بەرهەمهێنابوو؛ هەرگیز ئێراقی بەجێنەهێشت. لە ساڵی 2003 هەتا ئەمڕۆ، خەڵکی ئێراق بەدەستی سەدان وردە سەددامی سوننی و شیعی و کورد و تورکمان و عەرەب و دیندار و بێدینەوە دەناڵێنێ. غەیری ئەمە کە لەسەر ناوی ئێراق سەروەت و پارە و نەوتی زۆر تالانبکرێت و لەبەرژەوەندی هەموو دەسەڵاتەکانی دنیای دوور و نزیک و لەسەر حسابی خەڵکی بێچارەی ناو ئەو چوارچێوە نەفرەتییە؛ هیچ شتێ نەماوە کە بتوانرێت پێی بگوترێت ئێراق. هیچ کەس نییە کە بە جدیی و لە دڵەوە ئینتیما و خەیاڵی وابەستەبێ بە ئێراق و سەروەرییەکەی و دەستوور و خاکەکەیەوە.
ئێستا وەک عەرەب دەڵێ: لەدوای وێرانبوونی بەسرە، مستەفا کازمییەکیان هێناوە و کردوویانە بە مایەی هیوا و درووستکردنەوەی ماڵی ڕووخاوی ئێراق. لەراستیدا، ئەگەر دەسکاری سیستمەکە بکرێت نەک بەتەنیا دەموچاوەکان و سەددامە بچکۆلەکان، ئەوە گرنگ نییە ناوی وڵاتەکە ئێراقە یان نا، ناوی هەرێمەکەی باکووری ئێراق، کوردستانە یان شیمالی حەبیب. گرنگ دەستکارییکردن و گۆڕینی سیستمەکەیە. بەڵام ئایا ئەم مستەفا کازمییە و ئەوانەی کە هێناویانەتە سەرکار، بەتەمای گۆڕینی سیستمەکەن؟ هیچ بەرژەوەندییەکیان هەیە لەوەدا کە لەجێی دەموچاوەکان و ناوە کۆنەکان، دەستکاریی سیستمەکەبکەن؟ لەراستیدا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ گۆڕانێکی لەو جۆرە. تەنیا دەستکارییەکی بچووکی هەندێ بڕگە و جێگەی زەقدەکەن و ناویدەنێن گۆڕانکاریی. دڵنیام زۆربەمان ئەوە دەزانین کە مەستەفا کازمی بەتەنیا و بە بێ پشت و پەنایەکی لانی کەم موتەففەق عەلەیهی نەبووەتە سەرۆکوەزیر. هەرکاتێکیش لەبەڕەکەی خۆی زیاتر پێڕابکێشێ، زۆر بە ئاسانی بەدەردی عەللاوی و جەعفەریی و عەبادی و عەبدولمەهدی دەچێت. کەواتە ئەم بانگ و سەڵا و هاوارە چییە کە ڕۆژانە لەسەر ئەم کازمییە دەبیسترێت؟ من ئەوە باشدەزانم کە خەڵکی ئێراق لە ڕق و داخی حەڤدەساڵ ماڵوێرانیی و شەڕی تاییفی و چەتەگەری سیاسیی و دینییەوە، وەک ئەو لافاوبردووە نوقومبووەی بەسەرهاتووە کە دەست بۆ چڵە پووشێکیش دەبات. لە ڕقی چەتەکان ئامادەیە نەک تەنیا پێشوازی لە خەیاڵ و حوکمی سەدامبکاتەوە؛ بەڵکوو پێشوازی لە خودی سەدام بە لەحم و شەحمیشەوە بکاتەوە.
خەتەری گەورە ئەوەیە کە ئەم کازمیەش وەک #نەوشیروان مستەفا#کەی ساڵی 2009، ببێتە مایەی ساردکردنەوە و دامرکاندنەوەوی ڕقی پیرۆزی ئەو خەڵکە، لەو سیخوڕو چەتە نێودەوڵەتییانەی کە خۆیان سەپاندووە بەسەر ئەو خەڵکەدا
سەبارەت بە خەڵکی کوردستانیش، پەنابردن بۆ کازمیی و هەڵچنینی هیوای ڕەنگاوڕەنگ بەو هەنگاوە پۆپۆلیستیی و جارجار هەرزاکارانەی کازمیی؛ تەنیا هیوایەکە بۆ ڕزگاربوون لەو چەتە سیاسیی و بنەماڵەییانەی کوردایەتی و تەواوی ئەو پاشکۆ سیاسیی و شەریکە دز و سەددامە بچکۆلانەی کە بیست و نۆ ساڵە گۆشت و خوێنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کورد دەکەن بە مایەی خۆشگوزەرانیی و کەڵەکەکردنی سەروەت و پارە و دەیبەنە دەرەوە و لەو خەڵکەیان شاردۆتەوە. بەڵام خەتەری گەورە ئەوەیە کە ئەم کازمیەش وەک نەوشیروان مستەفاکەی ساڵی 2009، ببێتە مایەی ساردکردنەوە و دامرکاندنەوەوی ڕقی پیرۆزی ئەو خەڵکە، لەو سیخوڕو چەتە نێودەوڵەتییانەی کە خۆیان سەپاندووە بەسەر ئەو خەڵکەدا. زۆربەمان لەبیرمانە ساڵی 2009 #بزووتنەوەی گۆڕان# چ ئومێدێکی بۆ ئەو خەڵکە درووستکرد و دواتر بە چ ئاقارێکدا ڕۆیشت. زۆر لە نیشانە و هەنگاوەکانی کازمی و ئەجێندای ئەوانەی لە پشتییەوەن هەمان ڕاستیمان پێدەڵێن کە ئەم گەمەیەش لەو گەمە ناشیرین و قرێژە دەچێ کە نەوشیروان مستەفا کردی. هەر وەک جۆرێک لە قەدەری نەگبەتی کورد، مستەفا و مستەفازادەکان بوونەتە مڵۆزم و مایەی ڕۆژڕەشیی بۆ ئەو خەڵکە.
وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، گۆڕینی تاکتیک و دەمو چاوو ناوەکان نابێتە مایەی بنبڕکردن و لەناوبردنی زیهنییەتە ناقۆڵا و ناشیرینەکەی سیستم کە سەدامە کۆنەکە و سەدامە بچکۆلەکانی ئەمڕۆی بەرهەمهێناوە. ئەگەر ئەو بانگەشەیەش قەبوڵبکەین کە نەوشیروان مستەفا جیاوازبوو لەوانیدی و دەیوسیت بیگۆڕێت (هەرچەندە من بە موو جیاوازی نابینم لەنێوان زینهیەتی نەوشیروانی حاجی مستەفا و مەسعودی مەلا مستەفادا) ، ئەوا هەر ئەو خاڵە گرنگە بەسبوو بۆ ئەوەی بزانین کە هیچ گۆڕانێک ناکرێت، مادام نەوشیروان مستەفای دوێنێ و مستەفا کازمی ئەمڕۆ نەک تەنیا بەتەمای دەستکارییکردنی سیستمەکە نین، بەڵکوو نایشتوانن و ئیجازە و ئیدراکی بیرکردنەوە لە گۆڕینی سیستمەکەیشیان نییە. ئیدی چاوەڕوانیکردنی گۆڕانکاری و هاتنەئارای ژیانێکی شایستە بۆ ئەو خەڵکە تەنیا خەونێکی کاتییە و لانی زۆر دوای ئەو هەڵبژاردنانەی کە ڕەنگە ساڵی ئاییندە بەڕێوەبچێت، خەونەکە بەتالدەبێتەوە.
مەبەستی من ئەوە نییە کە بێهیوابم لە گۆڕان و لە هاتنەئارای شۆڕش و ڕاماڵینی چەتە و کلیپتۆکراتەکان، دڵنیام هەر ئێستا کۆمەڵێ خەڵکی خەمخۆر و زانا، لەهەوڵی سەرڕێگاخستنی بزاوتێکی جیاواز و پڕ لە شەهامەتدان بۆ گۆڕینی سیستمەکە نەک تەنیا دەموچاو و ناو و گرد و قەڵاکان. بەڵام هەڵچنینی قەڵای هیوا بە کازمی و بەو جۆرە لە سیاسەتی پۆپۆلیستی، جگە لە بێهیواییەکی فراوان و تووڕەییەکی بێئەژمار لە چەتە سیاسییەکانی کوردایەتی هیچیترنییە. کاتێک دایکە ئەنفالێک بە کازمی بڵێ کوردستان ئەمانەتت بێ، ئیدی هیچ قسەیەک نامێنێتەوە بۆ هیچ کەس کە لە دژی ئەو ماڵباتە سیاسییە ناقۆڵایانە بکرێت. هیچ شەرعیەتێک نەماوە بۆ مانەوەی ئەوانە. بەڵام دەبینی کە هەر ئەوان بۆخۆیان وا فەرشی سوور بۆ کازمی ڕادەخەن و بەتەمای شەریکایەتین لەگەڵیدا بەهەر نرخێکبێت. لانی کەم گەلی کورد لەو نێوەندەدا بەهیوایە کە کازمی ببێتە هۆکاری دەست و دەنووک بڕینی ئەو چەتانە و گێرانەوەی مووچەو قووتی ئەوخەڵکە و دەرهێنانی لە بندەستی ئەو ماڵباتە ناقۆڵایانە. ئەوەش هەواڵە ناخۆشەکەیە کە هێشتا خەڵک ئامادە نییە بۆ شۆڕش و گۆڕانکاری زیهنی و بە مووچەو گۆرانکارییەکی ڕووکەش ڕازیدەکرێن. خۆ کازمی بانگەشەی لەوە زیاتری نەکردووە وا بووەتە جێی هیوای خەڵکانێکی زۆر. کەواتە ڕێگەکە زۆر درێژترە لەوەی چاوەرێدەکرێت و بەئیحتیمالی زۆر، لەم دەورەیەی ئێستادا، کازمیییەکەی 2020 دەبێتە نەوشیروانەکەی 2009.
[1]