ناونیشانی بابەت: هۆرە کۆنترین ئاوازی وڵاتەکەمانە
نووسەر: سۆلین ورمێ
ئێمە لێرەدا باس لە ئاوازێکی کۆنی کوردەواری دەکەین کە وەک ئەدەبیاتی زارەکی دادەنرێت و پێی دەوترێت هۆرە؛ هۆرە ئاوازێکی کۆن و زۆر مانادارە، ئەم ئاوازە کۆنترین ئاوازی وڵاتەکەمانە و مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە کە سینگ بە سینگ هاتووە و گەیشتووەتە نەوەی نوێ. ئەو جۆرە ئاوازانە کەمتر لە شێوەی نووسراودا بەردەستن، زیاتر لە ڕێگەی ئەدەبیاتی زارەکییەوە دەناسرێن.
هۆرە بە گشتی مەقام و شێوازێکی جیاوازی هەیە. زانراوە مێژووی هۆرە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 4 هەزار ساڵ لەمەوبەر و لە سەردەمی زەردەشتەوە هاتووە و یەکێکە لە کۆنترین ئاوازەکانی کوردی.
مێژووی هۆرە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئایینی زەردەشتی؛ لە بەشێکی پەرتووکی (ئاڤێستا)دا دەقێک هەیە بە ناوی (گاتا) کە جۆرێکە لە هۆنراوە و ئەو ئاوازە بۆ هیوا خواستن و دوعاکردن لە ئەهورامەزدا و یەزدان (خودای زەردەشت) بەکارهاتووە. زانراوە کە هۆرە لە ئەهورامەزداوە هاتووە. بە بڕوای مێژوونووسان، هۆرە لە سەردەمی ئایینی میتراییزمیشدا بوونی هەبووە؛ هەندێک لە توێژەرانی دیکە پێیان وایە مێژووی هۆرە زیاتر لە 5 هەزار ساڵە. وەک چۆن ناتوانین بڵێین هۆرە یەکەم هۆنراوە یان مێلۆدیی کوردییە، ناتوانین بە دڵنیاییەوە مێژووەکەشی قەبووڵ بکەین، ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە هۆرە ئاوازێکی کۆن و ڕەسەنی کوردییە و بنەمای مۆسیقای کوردییە لە بەشەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەنگە کاتێک مرۆڤ زمانی ناسی و لە #زاگرۆس# نیشتەجێ بوون، هۆرەش لەنێویاندا پەرەی سەندبێت و بۆ نیشاندانی خەم و دڵخۆشی خۆیان ئەمەیان وتووە و ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە هۆرە میراتی بەنرخی باب و باپیرانمانە.
لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پارێزگاکانی #لوڕستان#، #ئیلام#، #کرماشان#، #سنە# و لە شارەکانی باشووری کوردستان وەک #خانەقین# و دەڤەری #گەرمیان# و هەندێک شوێنی دیکە، هۆرە دەوترێتەوە. بەڵام ئەو ئاوازە کۆنە، بەهۆی زاراوەی جودای کوردی و هەبوونی ئاوازی تایبەت بە خۆی لە ناوچەکانی کوردستاندا، وەک ئاوازی تری کوردی نەیتوانیوە جوگرافیای خۆی بەرفراوان بکات.
هۆرە پێشتر بۆ ئایین وتراوە، ئایینی سەردەمی زەردەشت؛ پاشان هۆرە بوو بە خاوەن چەندین ستایل و مەقامی جیاواز. لەنێو هۆرەدا سارووخانی، سەهری، سەرکووەچەر، قەتار، سوار سوار، دوو دەنگی و... هتد دەوترێت. ناوەرۆکی هۆرە باس لە خۆشەویستی و دڵداری دەکات و زۆرجاریش بۆ خەم و خۆشی و حەماسی دەچڕدرێت. ئاوازێکی تری وەک هۆرە هەیە و لقێکە لە هۆرە و پێی دەوترێت موور. ئەو ئاوازە لەسەر مردووەکان دەوترێتەوە، زۆرجار بۆ کەسانی بەناوبانگ کە گیانیان لەدەست دەدەن، دەوترێتەوە.
هۆرەبێژان تەنیا پیاو و پیر نین، بەڵکوو ژنانی کوردیش ئەم ئاوازە دەڵێنەوە (لە ناوچەکانی هەورامان و کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو کەسانەی کە سیاچەمانە و هۆرە دەڵێن، بە گۆرانیبێژ ناویان نابەن، پێیان دەڵێن هۆرەچڕ یان سیاچەمانەچڕ). ژنانی وەک ئاهۆ، نیگار، ڕەیحان و ئەسرین (ژنانی هۆرێبێژن و خەڵکی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن) نموونەی ژنانی کوردن کە ڕێگە نادەن فۆلکلۆری دێرینی کورد لەنێو بچێت.
هۆرە مێژووی کوردی بە شێوەی زارەکی گەیاندووەتە نەوەی نوێ. ئەگەر مێژوویەکمان لەو ناوچانەی کە هۆرەی لێ وتراوە، لەبەر دەستدا بێت، ئەوە بەهۆی ماندووبوونی ئەو کەسانەیە کە لە ڕابردوودا بە چڕاندنی هۆرە، توانییان ئەو مێژووە سینگ بە سینگ بگەیەننە توێژەران و مێژوونووسانی کورد. هۆرە ڕووبارێکە لە ڕەمز، هەست و وشە کە لە دڵی مێژووەوە ڕژایە نێو دڵی نەوەی نوێ. هۆرە دەنگی لێدانی دڵی نەتەوەی کوردە. ئەدەبیاتی نووسراو قەرزداری هۆرەیە و سوودی زۆری لە هۆرە وەرگرتووە. لە ڕابردوودا نووسین لەنێو گەلی کورد دا زۆر دەگمەن بوو، ئەو کەسانەی هۆرەیان چڕیوە، بە شێوەیەکی لێزانانە وشە ڕەسەنە کوردییەکانیان پاراست بۆ ئەوەی بیانگەیەننە دەستی نووسەران.
لە ڕاستیدا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەگەر ئەمڕۆ زمانەکەمان زیندووە، پێویستە قەدری ئەو ئەدەبیاتە زارەکی و کولتوورە ڕەسەنەی وەک بەیت، سیاچەمانە، لاڤک و هۆرە بزانین کە سینگ بە سینگ هاتووە و گەیشتووەتە نەوەی نوێ.
لە ئێستادا و لەنێو کۆمەڵگەدا، زۆرێک لە ئاوازە فۆلکلۆرییەکانی کوردەواری لاوازی بەخۆیانەوە دەبینن و مەترسیی لاوازیی زیاتریان لەسەرە. بەداخەوە نەوەی ئێستا گرینگییەکی ئەوتۆ بەو ئاوازە فۆلکلۆرییانە نادات.
مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، سەرەڕای ئەوەی هاتنی تەکنۆلۆجیای نوێ هەم لایەنی ئەرێنی و هەم لایەنی نەرێنیی هەیە، هەندێک جار ئەو تەکنەلۆجیایە بووەتە نەخۆشییەک بۆ فەرهەنگی جیهانی سێیەم، چونکە ئەمڕۆ دەبینین کە ئەگەر منداڵی کورد لەگەڵ کەسوکاری خۆی لە ماڵی خۆیان بن، لەبری ئەوەی گوێ لە هۆرە و ماناکەی ڕابگرن، گوێ لە مۆسیقای تورکی و فارسی ڕادەگرن؛ ڕەنگە زۆربەی منداڵە کوردەکان زانیارییەکی باشیان لەسەر هونەرمەندە بیانییەکان هەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا تەنانەت ناوی زۆرێک لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی کورد نازانن. پاراستنی ڕەسەنایەتی و کولتووری کۆنی کوردەواری، ئەرکی هەموو کوردێکە.[1]