مەتەڵزان پیری مێژووناس
لە چاوان خەو بتارێنە
ئەوەی من لێتی دادێنم
هەڵی دە و پێم بناسێنە
ئەوە چێ قەت بنەی نایە
گەلێک پرسیاری تێدایە
وەکوو گوڵشەن هەزار ڕەنگە
وەکوو شایی پڕ ئاهەنگە
وەکوو یوسف لە جوانیدا
وەکوو دەریا لە پانیدا
وەکوو جەننەت لە لەززەتدا
وەکوو دۆزەخ لە مەینەتدا
وەکوو فێرعون لە قودرەتدا
وەکوو قاروون لە سەروەتدا
وەکوو کەسرا لە شەوکەتدا
وەکوو حاتەم لە نیعمەتدا
وەکوو ڕۆستەم لە هەیبەتدا
وەکوو دیلان لە زیللەتدا
وەکوو خوسرەو لە عیشرەتدا
وەکوو شیرین لە زینەتدا
جەفای زۆرە و بەقای نابێ
شەیدای زۆرە و وەفای نابێ
وەکوو باران لە هاتندا
وەکوو چۆم لە هەڵاتندا
لە گەڕدایە وەکوو ئاشێک
لەبەر چاوان وەکوو لاشێک
وەکوو کێو هەر لەجێی خۆیە
وەکوو ئەسپێک لەبن تۆیە
هەزاران سوار و سوارچاکی
بە پڕتاو بردە بن خاکی
مەتەڵزان ڕەنگە نەیزانی
ئەگەرچی پیر و زۆرزانی
ئەوە دونیایە ئاوایە
شتی ئاوا بەکار نایە
ئەگەر خوا هۆشی پێداوی
نەکەویە شوێن و پێناوی
بڕۆ ڕێی پیاوەتی بگرە
بە سەربەرزی بژی و بمرە. [1]
#1988-11-02#
#مەهاباد#
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#
Denna post har skrivits in (کوردیی ناوەڕاست) språk, klicka på ikonen
för att öppna objektet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Denna post har tittat 55 gånger
Skriv din kommentar om den här artikeln !