ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 27-05- 2024، #نێچیرڤان بارزانی# ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناساندنی (ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور) کرد کە لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا نێچیرڤان بارزانی وتارێکى پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، نهێنی مانەوەی کورد و گەلی کوردستان وێڕای ئەو هەموو کارەسات و نەهامەتییەی لە مێژوودا کە بەسەرمان هاتوون، خواست و ئیرادە و خۆشەویستی بووە بۆ پاراستنی زمان و کولتوور و هونەر و وێژەی خۆی.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتیشی: سەرکوتکاری، چەوساندنەوە، قەدەخەکردن، نکۆڵی، زەبر و زەنگ و چەک، هەرچی بە درێژایی مێژوو، بەشێوەیەکی ڕێکخراوە، وەک پلان و سیاسەتی سڕینەوە بەرانبەر بە کورد و کوردستان و کولتووری ئەم گەلە و ئەم وڵاتە کراوە، نەیتوانیوە کولتووری جوان و دەوڵەمەندی ئەم وڵاتە لەناو ببات.
دەقی وتاری نێچیرڤان بارزانی:
ئامادەبووانى بەڕێز،
ئێوارەتان باش..
خۆشحاڵم ئەم ئێوارەیە لە بۆنەیەکى جیا پێکەوە دوور لە سیاسەت باس لە هونەر و کولتوور و دنیای زمان و ڕۆشنبیری دەکەین. زۆر سوپاسى ئەو گەنجە ئازیزانە دەکەم کە بۆ ڕێوڕەسمى ناساندنى (ناوەندى کوردستان بۆ هونەر و کولتوور) بانگهێشتیان کردم.
لەناو ئەو هەموو هەرا و ڕووداوە سیاسییەکان کە بەردەوام دەورەیان داوین، هەموو بۆنەیەکى ئاوا، دەرفەتێکە بۆ ئەوەى لەبیرمان نەچێتەوە: ژیان تەنیا سیاسەت نییە و هونەر و کولتوور لایەنێکى گرنگ و جوان و مانادارى ژیانن. بەتایبەتى بۆ گەلى کوردستان، زۆر گرنگە پارێزگارى لە کولتوور و هونەر و زمان و وێژە و کەلەپوور و مێژووى خۆى بکات، کە ناسنامەى نەتەوەیى و نیشتمانی پێک دەهێنن.
لە دڵمەوە و زۆر بە گەرمى دەست خۆشى و پیرۆزبایى لەو بەڕێزانە دەکەم کە بیرۆکەى دامەزراندنى ئەم ناوەندەیان هێناوەتە ئاراوە، بەردەوام کاریان کرد و کۆڵیان نەدا تا گەیشتە ئەم ڕۆژە و ناوەندەکەیان خستە سەر پێ. بە ڕێز و پێزانینەوە لەم ڕەنج و ئەرکەیان دەڕوانم و هەموو هاوکارى و پشتگیرییەک بۆ سەرخستنى کار و پەیام و ئامانجی پڕۆژەکەیان، لێرەوە دووپات دەکەمەوە.
بەڕێزان..
کورد و کوردستانییان، خاوەن مێژوو و کولتوورێکى زۆر دەوڵەمەند و فرەڕەنگن. سەرکوتکارى، چەوساندنەوە، قەدەغەکردن، نکۆڵى، زەبروزەنگ و چەک، هەرچى بە درێژاییى مێژوو بە شێوەیەکى ڕێکخراو، وەک پلان و سیاسەتێکى سڕینەوە بەرانبەر بە کورد و کوردستان و کولتوورى ئەم گەل و ئەم وڵاتە کراوه، نەیتوانیوە کولتوورى جوان و دەوڵەمەندی ئەم وڵاتە لەناو ببات.
نهێنیی مانەوەى کورد و گەلى کوردستان وێڕاى ئەو هەموو کارەسات و نەهامەتییە لە مێژوودا کە بەسەرمان هاتوون، خواست و ئیرادە و خۆشەویستى بووە بۆ پاراستنى زمان و کولتوور و هونەر و وێژەى خۆى. کورد و گەلى کوردستان لەم پێناوەدا نموونەیەکى بێوێنەیان نیشان داوە.
لێرەدا، قسەیەکی شاعیری گەورە (حاجی قادری کۆیی) دەهێنمەوە بیرمان کە زۆر بە کوورتی و بە چەند وشەیەک ئەم بابەتە گرنگەی باس کردووە:
حاجی قادر دەڵێت:
پەرتووک و دەفتەر و تاریخ و کاغەز
بە کوردی گەر بنووسرایە زوبانی
مەلا و پیر و شێخ و پادشامان
هەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانی
ئێمە ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، بۆمان دەردەکەوێ تەنیا لە هەل و دەرفەتى هەبوونی ئازادیدا، گەلی کوردستان توانیویەتى خاوەنی زمانی نووسین بێت، بۆ نموونە مەلای جزیری و ئەحمەدی خانیمان نەدەبوو ئەگەر میرنشینی بۆتان نەبوایە، نالی و سالم نەدەبوون ئەگەر بابان نەبوایە، هەروەها چەندان نموونەی دیکە.
لە ماوەی حوکمداریی شێخ مەحموودی نەمردا، ڕۆژنامەگەری و نووسینی کوردی کەوتنە گەشە، لە کۆماری کوردستان ماوەی تەنیا یەک ساڵ، شۆڕشێک بۆ زمان و ڕۆشنبیریی کوردی بەرپا بوو، دوای ڕێککەوتنی ئاداری ساڵی 1970، هەروەها دوای دامەزرانی حکوومەتی هەرێمى کوردستان لە ساڵی 1992، هەموو دەروازەیەک بۆ زمان و هونەر و ڕۆشنبیریی کوردی کەوتنە سەرپشت.
جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بە شێخ عەبدولسەلامی بارزان بکەین کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە و لە یاداشتێکدا بۆ کاربەدەستانی عوسمانی، داوای بەکارهێنانی زمانی کوردی کردووە. ئێمە ئەم هەموو نموونەیەمان بۆ ئەوە هێنایەوە تا بڵێین زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیری و هونەر و پەرتووک و فیلم و شانۆ، بریتی بوون لە بڕبڕەی پشتی ماف و داخوازی و داواکاری و نەخشە و پلانی بەردەستی ئێمە، دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئێمە لەم بوارانەدا ئەرکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ دەکەین.
بەڕێزان
ڕاستە سەردەمێکى دوورودرێژ بەهۆى بارودۆخى دژوار و نەبوونى تواناى تۆمار و ئەرشیفکردنەوە، سامان و گەنجینەى دەوڵەمەندى هونەرى و کولتووریمان لەدەست داوە، لە هەزاران بەرهەمى موزیکەوە، تا سەدان ئەفسانە و دەقى ئەدەبى و دەستنووسى بەنرخى زانایان و نووسەران و تابلۆ و نیگارى هونەرى، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هێشتا خاوەنى یەکێک لە دەوڵەمەنترین هونەر و کولتوورى مرۆڤایەتین.
بەڵێ، دۆخى سیاسى هەمیشە کارى لەپێشینەى دیکەى درووستکردووە، کەچى وێڕاى ئەوەش ماوەى زیاتر لە سى ساڵى دواى ڕاپەڕین لە هەرێمى کوردستان، هێندەى لە توانادا بووە خزمەت بە بوارى کولتوور کراوه. بەڵام بە دڵنیایییەوە هێشتا زۆر ماوە کە بکرێت و دەبێبایەخ و گرنگیى زۆر زیاتر بە هەموو لایەنەکانى ئەو بوارە بدرێت و لە هەموو ئاستەکاندا پێش بخرێت.
بۆ ئەم مەبەستە لە هەرێمى کوردستان پێداچوونەوەیەکى جددى بە سیاسەتى کولتووریدا زۆر پێویستە. هەروەها لایەنە فەرمییەکان و هەموو ئەوانەى لە بوارى کولتووردا کار دەکەن، هەر لە کەسانەوە بگرە تا دەگاتە دەزگا و دامەزارەوەکانى تایبەت بە بوارى هونەر و کولتوور، زۆر گرنگە بەردەوام پێکەوە هاریکارى و هاوبەشى بکەن. هونەر و کولتوورى دەوڵەمەندمان، دەتوانێت سیماى جوانترى کوردستان، بە جیهان پیشان بدات.
دەستپێشخەرى و بوونى دەزگا و دامەزراوەیەکی وەک ئەم ناوەندە بۆ گرنگیدان بە هونەر و کولتوور، دەتوانێت خزمەتێکى گەورە بکەن و سامانێکى کولتووریى زۆر بەنرخى کوردستان بپارێزن. ئەرشیفکردن و بەدیجیتاڵکردنى دەستنووس و بەڵگە و پەرتووکى کۆن و دەگمەن کە لە پەرتووکخانە تایبەتییەکان و لە کونجى ماڵەکاندا کەوتوون، کارێکى تا بڵێى پێویست و گرنگە و ناهێڵێت بفەوتێن و لەناو بچن.
تەکنەلۆژیا و زیرەکیى دەستکرد، ئێستا دەرفەت و تواناى زۆرى ڕەخساندووە و دەتوانێت لە باشترین پڕۆسەى تۆمار و هەڵگرتن و بەئەرشیفکردنى میراتى کولتووریماندا، زۆر هاوکار و یارمەتیدەر بێت و ئاسانکارییەکى باش بکات. ئەوەى تا ئێستا لەم بوارەدا ئەم ناوەندە لە ناوچە جیاجیاکانى کوردستاندا کردوویەتى، بە ڕاستى سەرەتایەکى زۆر باشى کارەکانیانە و مایەى دەست خۆشى و پێزانینه، دەبێت بە هەموو شێوەیەک پشتگیرییان بکرێت.
پێشتریش دەبێت ئەوە بڵێین مامۆستاى بەڕێز مەزهەرى خالقى و تیمەکەى لە ئینستیتیوتى کەلەپوورى کوردى، کارێکى خەمخۆرانەى زۆر گەورە و بەهاداریان ئەنجام داوە. ساڵانێکە بەردەوامن و گەنجینەیەکى دەوڵەمەندیان لە موزیک و بەرهەمى هونەریى کوردى بە ئاست و کواڵیتییەکی بەرز و بە ڕێکخراوى پاراستوویانە کە لێرەوە لەگەڵ ڕێزمدا دەست خۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم. هیوادارم جەنابیان بەردەوام و سەرکەوتوو بێت.
هەر لەم بوارەدا، وەرگێڕانى بەرهەمە کوردییەکانیش بۆ زمانەکانى دیکە، کارێکى گرنگ و پێویستە. بۆ ئەمەش دیسان تەکنەلۆژیا هاوکارێکى باشە و وا دەکات بە ئاسانى بگاتە هەموو شوێنێک. وەک بیستم، لێرە بە شاکارى مامۆستا هەژارى موکریانى (چێشتى مجێور) دەستیان پێکردووە و کردوویانەتە ئینگلیزى. کارێکى زۆر باشە و دیسانەوە دەست خۆشیتان لێ دەکەم.
لێرەوە دووبارە پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى ئەم ناوەندە لە هەموو لایەک دەکەم، لە هەموو ئەو گەنجانە دەکەم کە خەمخۆری کولتوور و پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی کوردین. سوپاسی هەموویان دەکەم چ ئەوانەی لەناوخۆن و چ ئەوانەی لە دەرەوە هاتوون و یارمەتییان داون لە کوردستان و لە دەرەوە، ئێمە دەبێت بتوانین خزمەتێکى باشترى ئەم بوارە بکەین و ببێتە پردێک لەگەڵ هاوتاکانیان لە جیهان، ئێمەش هاوکار و پشتیوان دەبین.
دیسانەوە دەست خۆشیتان لێ دەکەم و ڕۆژێکی خۆش بۆ هەموو لایەک..
زۆر سوپاس.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!