تا چاو بڕ دەکا
ئاڵقەی پرسیارم
بە هەودای ڕێدا هەڵپەساردووە.
بەڵام ئاڵقەکان
تەنافی دارن،
تەرمی وەڵامم
پێ نیشان دەدەن.
ئەرێ ئەمن کێم؟
تا زیاتر لە خۆم نزیک دەبمەوە
زیاتر لە بوونم،
دڵسارد... ناهومێد.
بڵێی ڕۆژێک بێ
بەو ڕاستیە بگەم:
من تراویلکەم!
2
هەر تەنیا من نیم
زمانیش کاتێک سەرەڕۆیی کرد
لە نێو چوارچێوەی سەعاتیان خست و
وەک کەڵی گیرە
خولیان پێ لێدا.
هەر تەنیا من نیم!
3
ئاوێنەی ڕۆحم
قوڕ و چڵپاوی ڕێگەی دژواری
پێدا پڕژاوە.
ترپەی دڵیشم
دەنگی دەفێکە
لە نێو چەمەریی
ناشتنی تەرمێک
4
دەزانن خوێنم
لەگەڵ چ ئاوێ،
تێکەڵ کردووە؟
ئاوی ئەو بەفرەی
لە لەپی دەستما
گیانی بەخت کرد
تا تێراوم کا.
چاوم بە دەشتی قاقڕ هەڵنایە،
خوێنم پێشکەشتان،
ساڵی داهاتوو
ڕۆحم دەنێرم
بۆ باغەوانیی
گوڵزاری لالە.
5
لە ڕۆژی ڕوونیش
چرای دڵ هەڵکەن
بە گڕی برووسکە
ئەو دەم تێدەگەن
چەندە بێ تیشکە. [1]
هۆنەر: #مارف ئاغایی#
پەرتووکی: #زەوی سەخت و ئاسمانی دوور#
ساڵی: 1992
Denna post har skrivits in (کوردیی ناوەڕاست) språk, klicka på ikonen
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
för att öppna objektet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Denna post har tittat 29 gånger
Skriv din kommentar om den här artikeln !