تیپی مۆسیقای #سلێمانی#؛ زیاتر لە نیو سەدە لە پێگەیاندنی هونەری کوردیدا
نووسینی: #حەسەن فەلاح#
#تیپی مۆسیقای سلێمانی#، تیپێکی ئۆرکێسترای ڕۆژهەڵاتییە لە شاری سلێمانی، مێژووی درووستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1967 و بە دەستپێشخەریی ژمارەیەکی دیار لە لاوە موزیکژەنەکانی شارەکە دامەزراوە.
خاوەنی پێکهاتەیەکی دەوڵەمەندە لە ئامێرە موزیکییە ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتییەکان، بەشێوەیەکی گشتی، 30 بۆ 40 ژەنیاری ئامێرە موزیکییەکان تیایدا کار دەکەن و چالاکییەکانی ئەم تیپە پێشکەشدەکەن.
ساڵی 1967 بۆ یەکەمجار لەسەر دەستی ژمارەیەک لاوی هونەرمەندی شاری سلێمانی، بیرۆکەی درووستکردنی ئەم تیپە بۆ یەکتری پێشنیاز دەکەن و بەشێوەیەکی نافەرمی، چالاکییە هونەرییەکانیان ئەنجامداوە، لەوانە: سازکردنی ئاهەنگ، بەشداریکردن لە یاد و بۆنە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان و ئەنجامدانی کاری خێرخوازی.
ڕێکەوتی #02-04-1969# ئەم تیپە موزیکییە، لەگەڵ شانۆکاراندا یەکدەگرن و تیپی نواندن و مۆسیقای سلێمانی بەشێوەیەکی فەرمیی دادەمەزرێنن، بەڵام ماوەی کارکردنیان زۆر ناخایەنێت و پاش یەک ساڵ، جیادەبنەوە و ئاڕاستەیەکی سەربەخۆ دەگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی کارە هونەرییەکانیان.
ئەندامانی سەرەکیی تیپی مۆسیقای سلێمانی، پێش دامەزراندنی تیپەکەیان، بەشێوەی جیاجیا، لە ژمارەیەک گرووپی موزیکیی دیکە کاریان کردووە، لەوانە: هیوا، خۆشی و بەختیاری، کە لە ڕادیۆی بەغدا، بەرهەمیان تۆمارکردووە.
وەزارەتی ڕاگەیاندنی ئێراق، ڕێکەوتی #23-05-1973#، بەشێوەیەکی فەرمی مۆڵەتی بەم تیپە موزیکییە داوە و ئەم ڕێکەوتەش بووەتە هەوێنی ئاماژەدان و یادکردنەوەی ڕۆژی دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی و هەریەک لە هونەرمەندان: ئەنوەر عومەر محەمەد قەرەداغی، فەرەیدوون سەعید جەعفەر دارتاش، فەرید عیسا نەزەر سەرافیان، یوحەنا خنا نیشو و محەمەد ئەمین حسێن، مۆڵەتەکەیان بۆ وەرگرتووە.
چەندین گۆرانیبێژی دیاری کورد، لەم تیپەدا گۆرانییان پێشکەشکردووە، لەوانە: #کەریم کابان#، #ئیبراهیم خەیات#، #قادر کابان#، #حەسەن گەرمیانی#، #عوسمان عەلی# و دەیان گۆرانیبێژی دیکە، هاوکات توانیویانە بەشداربن لە تۆمارکردنی چەندین گۆرانی بەناوبانگی کوردی، لەوانە:
ڕوومەتی وەک گوڵی بێگەرد
قەت نەدەی ئازاری گیانی
گیانەکەم بۆ وات لێ کردم
دە مەگری مەگری
زیاتر لە نیو سەدەیە، تیپی مۆسیقای سلێمانی، ڕۆڵ و کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر گەشەپێدانی هونەری موزیک و فۆلکلۆری کوردی، هاوتای دانانی ئاواز و شێوازی نوێ بۆ ئامادەکردن و دابەشکردنی موزیکەکان، کارکردن لەسەر شێوازی کۆڕاڵ و بەکارهێنانی ئامێرە میللیی و ڕۆژاواییەکان.
ئەم تیپە، سوودی لە میتۆدی موزیکی جیهانیی و ڕۆژهەڵاتیی وەرگرتووە، هاوکات، ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە لە دەرخستن و پێگەیاندنی توانا و شێوازی نوێ.
لە سەرەتای دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانییەوە تاوەکوو ئێستا 2024، زیاتر لە 500 موزیسیان و گۆرانیبێژ، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات و سەرتاسەری کوردستاندا، بەشدارییان لە کار و چالاکییەکانیدا کردووە، زۆرێک لە گۆرانیبێژە کوردەکان، ڕۆڵیان لە بەڕێوەچوونی چالاکییەکان گێڕاوە، لە میدیاکانی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆندا، سەدان بەرهەمی هونەریی موزیک، گۆرانی و تۆماریان پێشکەش بە هونەری کوردیی کردووە.
دیارترین خەسڵەتەکانی تیپی مۆسیقای سلێمانی بریتین لە:
فێرگەیەکە بۆ هونەر و داهێنانی موزیکی
پێگەیەکە بۆ بەرز ڕاگرتنی هەڵوێستی نەتەوایەتی
قوتابخانەیەکە بۆ پەروەردەکردن و فێربوونی هونەری کوردی
گەنجینە و ئەرشیفێکی فراوانە بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتیی هونەری کوردی
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سایتی فەرمیی تیپەکەدا ئاماژەی پێدراوە، تیپی مۆسیقای سلێمانی خاوەنی چەندین ئامانجی سەرەکییە لە بۆ موزیکی کوردی، لەوانە:
بەشداریکردن لە هاندان و پەرەپێدانی هونەری موزیک و فۆلکلۆری کەلەپووریی میللیی و هەڵپەڕکێی کوردی
هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی نوێگەریی و بەهاوچەرخکردنی هونەری موزیک و گۆرانی کوردی
بەتینکردنی ئامانج و ئاواتە بەرزەکان و پتەوکردنی لە دەروونی کەسایەتی ناو کۆمەڵگەی کوردی.[1]