دانەری ئاوازی ئەی ڕەقیب و کەسایەتی خزمەتگوزار و هۆشیار و ناو بزر، لە ساڵی 1905 لە#کۆیە# لە دایک بووە، لەگەڵ دڵداری شاعیر خزم و نزیک بووە، لای مەلا سەعد لە سوختەخانە، دوایی چووەتە قوتابخانە، سوختەیی و سەرەتایی لە کۆیە خوێندووە، خانەی مامۆستایانی لە#کەرکووک# تەواوکردووە.
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1925 لە بەسرە دامەزراوە بە مامۆستا! دوایی داوایان کردووە و گەڕاوەتەوە کۆیە، کە هاتۆتەوە لەسەر ڕێگای گوندی شیلە و کانی قەرە لە کۆیە جەنابی مەلای گەورە و جەمیل ئاغای حەوێزی قایمقامی ئەو دەمی کۆیە و عەبدولڕەحمان شەرەف بەڕێوەبەری قوتابخانە بووە لەگەڵ ئاپۆرەیەکی خەڵک لەپێشوازی دابووین. ئەو ڕێزدار و ئازیزە لە کۆیە، خۆشەویست و کەسایەتی بووە بۆیە، بەو شێوازە پێشوازی لێکراوە، شایستەبووە بۆیە ڕێزی لێنراوە، بەمامۆستایەتی گەڕاوەتەوە، لە شاری خۆی حەساوەتەوه.
لە ساڵی 1930-1932 بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئولا بووە، لە کۆیە چالاکی هونەری هەبووە نواندنی (کچی کوردستان) ی ڕێکخستووە (کورد چییەتی) کردووە، ئەو دەم بە کوردایەتیان وا وتووە، مامۆستای (کاکە زیاد ئاغای غەفوری و مستەفا خۆشناو نافیز جەلال و مەسعود محەمەد و بەکر ئاغای حەوێزی و عەلی عەبدوڵڵا و نەجیبەخانی کچی مەلای گەورە و یونس ڕەئوف دڵدار و عومەر جەلال و مەجید شێخ نوری و چەندین ناوداریی دیکەبووە) .
دوایی گواستراوەتەوە بووەتە بەڕێوەبەری فەرمانگەی (ئینحساری توتن) لە کەرکووک و بەسرە و ئەوجا هاتۆتە #سلێمانی# لە ساڵانی 1947-1957 لە سلێمانی ژیاوە، لەگەڵ کەسایەتییە ناودارەکەی سلێمانی ئاشنایەتی و تێکەڵاوی هەبووە، ناسراو بووە سەرسام بووین بەهەڵوێست و ئاکاری، بەخۆشەویستی و ڕێزداری، هەرچەندە دوور کەوتووەتەوە و لە کۆیە بەڵام لەگەڵ خەڵکی کۆیە دانەبڕاوە، دۆستایەتی بەهێزی لەگەڵ کاکەزیاد ئاغا غەفوری و عارف ڕەشید سەقا و مەسعود محەمەد و عەبدولڕەزاق بیمار و سەمەد بەنا و محەمەد بەکر بەناو لەگەڵ ناوداران هەبووە! زۆر سەرسام بووە بەدەنگی تایەر تۆفیقی نەمر حەزی زۆر لەمەقام و دەنگی بووە، بەبیر و یادگار و خەیاڵ هەر لە کۆیە بووە گەرچی بە جەستە لەوێ نەبووە، ساڵی 2001 مامۆستا محەمەد داریاس لە بەغدا سەردانی کردووە و بەدیداری شاد بووە بۆیە لە گۆڤاری (ئاسۆی پەروەردەیی ژمارە (5) ئاداری 2001) دیمانەکەی بڵاوی کردووەتەوە و نووسیویەتی: مامۆستا فەرمووی: (من کۆیەی وەفا و زانست و ناوداران هەرگیز لەبیر ناکەم، کۆیە شاری خۆمە من منداڵی کۆیەم لە کۆیە گەورەبووم و ئێستاش بەو هەوایە دەژیم کە لە کۆیەوە دێت)
مامۆستا عەبدولخالق قوتب زاوای مامۆستای ناودار ڕفیق خادم سجادە بووە سێ کوڕ و سێ کچی هەبووە، لە ڕۆژی 102-06-2002 لە تەمەنی 97 ساڵی گیانی سپاردووە لە بەغدا.[1]
Este artículo ha sido escrito en (کوردیی ناوەڕاست) Lenguaje, haga clic en el icono de
para abrir el artículo en el idioma original!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Este artículo ha sido visitado veces 20,041
Escriba su comentario sobre este artículo!