بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هەڤاڵ و برای خۆشەویست، تێکۆشەر و ڕۆشنبیری ناسراوی گەلەکەمان کاک (فەلەکەدین کاکەیی)م پێگەیشت و زۆر خەمباری کردم.
ئەو پیاوە هەڵکەوتووەی گەلەکەمان، بە درێژایی تەمەنی خۆی لە پێناو نەتەوەکەیدا لە خەبات و تێکۆشاندا بوو، ڕۆڵی گەورەی ئەو لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، وەک پێشمەرگە و سیاسەتمەدار و وەک ڕۆشنبیر و میدیاکار لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژووی گەلەکەماندا تۆمار دەکرێت.
لەو ڕۆژانەدا کە بە ئاگر و ئاسن هەوڵی بێدەنگکردنی کورد دەدرا، جێ پەنجەی فەلەکەدین کاکەیی لە ڕۆژنامەکانی (التاخی) و (خەبات)دا بۆ گەیاندنی پەیامی کورد، زۆر دیار و بەرچاو بوو. کاک فەلەکەدین وەک ڕۆڵەیەکی هەڵکەوتووی برایانی کاکەیی، لە شۆڕشی گوڵانیشدا بەشدارییەکی چالاک و کاریگەری هەبوو.
دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەشمان، کاک فەلەکەدین وەک ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمان و دواتر وەک وەزیری ڕۆشنبیری و وەک سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرێکی گەورە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەکەی کردووە. بە درێژایی ساڵانی ڕابردوویش ڕاوێژکارێکی متمانە پێکراوی ئێمە بوو و بەشدارییەکی گرینگی لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی لە کوردستان هەبووە.
لە دەستدانی ئەو ڕۆشنبیر و تێکۆشەرە ناودارەی گەلەکەمان، خەسارەتێکی گەورەیە. بەم بۆنە خەمناکەوە، سەرەخۆشی لە خۆم و خانەوادە بەڕێزەکەی و سەرجەم هەڤاڵانی ئەم ڕۆشنبیر و تێکۆشەرە گەورەیە دەکەم و لە خوای گەورە داواکارم سەبووریی و دڵنەوایی بە هەموو لایەکمان ببەخشێت و گیانی خوالێخۆشبوویش بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.
انا للە و انا الیە ڕاجعون
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
31-07-2013
Este artículo ha sido escrito en (کوردیی ناوەڕاست) Lenguaje, haga clic en el icono de
para abrir el artículo en el idioma original!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Este artículo ha sido visitado veces 12,293
Escriba su comentario sobre este artículo!