بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین و کەسایەتی ناسراوی کوردستان، فەرماندە و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان کاک قادر خەبات ڕائەگەیەنین، کە ئێوارەی ڕۆژی 30-09-2013 لە شاری سلێمانی دڵەگەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ تاهەتایە ماڵئاوایی لەکەس و کار و دۆست و هەڤاڵانی کرد.
قادر خەبات لە ساڵی 1937 لە گوندی خەزێنەی بناری چیای قەندیلیی دەڤەری باڵەکایەتی لەدایکبووە. ساڵی 1955 چۆتە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1961 بۆتە پێشمەرگە و چەندین پلەی پێشمەرگایەتی بڕیوە. دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول قادر خەبات وەک پێشمەرگەیەک لە چیای قەندیل دەمێنێتەوە و درێژە بەخەبات دەدات.
لە سەرەتای شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، لەسەر داوای سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 14-04-1976 یەکەم مەفرەزەی پێشمەرگە پێکدەهێنێت و بارەگای لە بناری قەندیل دەکاتەوە.
لەبەر لێهاتوویی و قارەمانیەتی چەندین پلەی پێشمەرگایەتی دەبڕێت و لە ساڵی 1979 دەبێتە جێگری هەرێمی 7ی باڵەک و دوای ساڵێک دەکرێتە فەرماندەی ئەو هەرێمە.
دوای پێکهێنانی تیپەکان، دەکرێتە سەرتیپی 74ی باڵەک و 93ی سەفین و 91ی پشدەر. ساڵی 1988 پلەی ئەندامی مەکتەبی عەسکەری پێدەبخشرێت. لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991 دەورێکی باڵا ئەبینێت لە ڕزگارکردنی شارو شارۆچکەکان و شاری هەولێرو ڕزگارکردنی کەرکووک و لە دوا ساتەکانی ڕزگارکردنی کەرکووکیشدا بەسەختی بریندار دەبێت.
لە دوای ڕاپەڕینیش وەک کادرێکی سەربازی لێهاتوو درێژە بەخەباتی پێشمەرگایەتی دەدات و دوا پلەی ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە.
قادر خەبات لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداری و سەرپەرشتی دەیان داستان و نەبەردی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە.
ئەندامی هەرسێ کۆنفرانسی کۆمەڵە و هەرسی کۆنگرەی ی.ن.ک بووە و مەدالیای ڕێزلێنانی وەک پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێی پێبەخشراوە.
بەداخەوە ئێوارەی ئەمڕۆ دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا دڵەگەورەکەی لە لێدان کەوتو ماڵئاوایی لە هەموو لایەک کرد. بەم بۆنەیەوە مەکتەبی سیاسی وێڕای ڕاگەیاندنی هەواڵی کۆچی دوایی ئەو تێکۆشەرە، پرسەو سەرەخۆشیش ئاراستەی کەسوکارو دۆست و هاوڕێ و هەڤاڵانی دەکا هیوادارین ئەمە دوا ناخۆشی ئەو بنەماڵە بەڕێزە بێت و گیانی نەمری کاک قادر خەبات-یش هەمیشە شادو ئارام بێت.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
30-09-2013