دوای خۆپیشاندانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە ڕۆژی هەینی 17ی ڕەزبەر، 9ی ئۆکتۆبری 2015، خۆپیشاندانی خەڵکی شاری قەڵادزێ لە کوردستانی عێراق کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە خراپی وەزعی ئابووری و بێهیوایی خەڵک لە ئاکامی کۆبوونەوەکانی لایەنە سیاسییەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم وەڕێخرابوو، لە ڕێڕەوی ئارام و ئاشتیخوازانەی ترازا و توندوتیژیی لێ کەوتەوە و، بەداخەوە لە ئاکامدا کوژران و برینداربوونی خەڵک و پۆلیس و زەرەردان و سووتاندنی بنکە و بارەگای حیزبی و حکوومەتی لێ کەوتەوە و دواتر چەند شارو شوێنی دیکەی کوردستانی عێراقیشی گرتەوە.
ئەم ڕووداوە نەخوازراوانە لە هەلومەرجێکدا ڕوو دەدەن کە کورد وەکوو هێزێکی ئازادیخواز و دژی تیرۆر لە هەموو جیهاندا ناسراوە و لە ناوەندەکانی بڕیاری نێونەتەوەییدا بە ئەرێنی دەکەوێتە بەرباس، بۆیە کوردەکانی باشووری کوردستان دەتوانن بە پێڕەو کردنی سیاسەتی دروست و دێموکراتیک داهاتوویەکی گەش بۆ خۆیان دابین بکەن، لە لایەکی دیکەوە دوژمنانی کورد کە چاویان بە ئارامی، ئاسایش و گەشەکردنی کوردستان هەڵنایە، توانیویانە زەربەی ئەمنییەتی و ئابووری لێ بدەن و بەرەوڕووی شەڕ و گەمارۆی ئابووری و نانبڕینیان بکەنەوە، لە ئێستاشدا بە دڵنیاییەوە هەوڵ دەدەن کە لە ناڕەزایەتی دەربڕینی ڕەوای خەڵک و گرفتەکانی ژیانیان کەڵکی نابەجێ وەربگرن و بە ئاژاوەنانەوە لە نێوهێزە سیاسییەکانی کوردستاندا، ئەوەندەی دیکە زەربە لە ئەزمونی کوردستانی عێراق بدەن و لەو دڵنیاییە جیهانییەی کە بەرامبەر بە کورد پەیدا بووە کەم بکەنەوە و کورد لە چاولەدەستیی هێزە ئیقلیمیەکاندا ڕابگرن، بەداخەوە کێبەرکێی نادێموکراتیک و دواکەوتووانە، سیاسەتی تۆڵەکردنەوە و بەهێندنەگرتنی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵک لە لایەن هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشەی کوردستانەوە، فەزایەکی گونجاوی بۆ پلانڕێژی ناحەزانی کوردستان پێکهێناوە.
ئێمە بەداخبوونی خۆمان بۆ ئەو ئاڵۆزییە و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە خەڵک و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و حیزبی ڕادەگەیەنین. وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کوژراوەکان و هیواخواستن بۆ چاکبوونەوەی هەرچی زووتری بریندارەکان، داوا لە خەڵک و هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی باشوور دەکەین کە هێمنی و مەنتیقی سیاسەتی نەتەوەیی و خەڵکی بپارێزن، هەوڵ بدەن کە هەموو ناتەبایی و گرفتەکان و جیاوازیی بۆچوون و سیاسەتەکان لە ڕێگای دیالۆگ و شیوازی مەدەنی و ئاشتیخوازانەوە چارەسەر بکەن، چوونکە لە ئاگرتێبەربووندا، ماڵی هەموان دەسووتێ.
ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، زۆر دڵخۆش بووین بە پێکهاتنی هەرێمی کوردستانی باشوور و لە پێناوی سەرکەوتن و پاراستنی ئەو ئەزموونەدا هەزینە و باجی زۆرمان داوە، چاوەڕوانیمان لە خوشک و براکانمان لە کوردستانی عێراق ئەوەیە کە بە پاراستن و گەشەپێدانی ئەو دەسکەوتە، دڵی هەموو کوردێک خۆش بکەن، چوونکە سەرکەوتنی کورد لە کوردستانی عێراق، دڵی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر شاد دەکا و تێکچوونی ئەو وەزعیەت و دەسکەوتە، تۆوی بێهیوایی لە نێو هەموو کورددا دەچێنێ و هەموان لێی داخدار و زەرەرمەند دەبین.
بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ کوردستان و چارەسەری ئاشتیانە لە ڕێگای دیالۆگەوە، پێشتر چی لە دەستمان هاتووە کردوومانە، ئێستاش بۆ قسەی خێر و داواکاری لە لایەنەکان بۆ هەوڵی ئاشتیانە و مەدەنی لە پێناوی پێکهاتن و چارەسەریی کێشەکاندا، بە دڵفراوانیەوە ئامادەین. هیوادارین کە هێزە سیاسییە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستانی باشووریش لە پێناوی باشترکردنی ژیانی خەڵک و چارەسەریی کێشەکان و لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا چاو لە بەرژەوەندی و داخوازییە حیزبییەکان بپۆشن، تاکوو کەشێک بێتە ئاراوە کە هەموان تێیدا سەرکەوتوو بن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
18ی ڕەزبەری 1394ی هەتاوی
10-10-2015
Este artículo ha sido escrito en (کوردیی ناوەڕاست) Lenguaje, haga clic en el icono de
para abrir el artículo en el idioma original!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Este artículo ha sido visitado veces 7,114
Escriba su comentario sobre este artículo!