بەناوی ئاهورا مەزدا
بەڕێزان/ خۆشهاتنتان لێ دەکەین
بۆ ڕای گشتی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان
ئێمە، زەردەشتیانی کوردستان، لەژێر سایە و سێبەری ئاڵا و حکومەت و دەستووری کوردستاندا مافەکانی خۆمان پیادە دەکەین. ئەم ئازادییەی لێرە، هەموومان لەژێر باڵی درەختەکەیدا دەژیین، بەرو ڕەنج و خوێنی خەڵکی ستەمدیدەی کوردە. بۆیە، مەرجە هەموومان پابەند بین بە هەوڵ و تێکۆشانی خەڵک و قوربانییەکانمانەوە. لێنەگەڕێین کەسانێک بەئەنقەست هەستن و لەجێگا و دامەزراوە حکومییەکانەوە بەتایبەت مینبەری مزگەوتەکان و پەرستگا ئاینیەکانەوە هێرشی ناڕەوا بکەنە سەر کۆمەڵێک و توهمە و بوختانیان بۆ هەڵبەستن و لەسەر ناشیرینکردنی ئەوانیتر خۆیان هەڵبچنن و پەرە بە خۆیان بدەن.
لەو بارەیەوە و لێرەوە، ڕایدەگەیەنین کە مەلا (عەبدول لەتیف ئەحمەد) کە سەر بەوەزارەتی ئەوقافە و لەمزگەوتی (بەهەشت) لەشاری سلێمانی وتارخوێنە. لە ناو حەرەمی مزگەوتدا سوکایەتیی بەزەردەشتییەکان کردووە و ئاینەکەمانی بەگوتەی خۆی ناشیرین کردووە و خەونی دوژمنانی پیادە کردووە کە هەرچۆن لەمێژوودا دوژمنانی نەتەوەی کورد ئەو کارەیان کرد و بەئاگر پەرست و زۆر بوختانیتر ناوزەدیان کردین.
وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم ئیدیعایانە سەبارەت بە ئاین و بیروباوەڕی پیرۆزی زەردەشتی و پاکێتی، بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین ئەم سوکایەتیکردنە بە پشتبەستن بە ڤەندیداتی فارسەکان، کە لە سەردەمی داریوسی یەکەمدا نوسراوەتەوە و دوور و نزیک پەیوەندیی بەگاتاکانی زەردەشتەوە نییە، ئەوپەڕی سوکایەتیکردنە بە ئاینەکەمان و بە نەتەوەی کورد و بە مێژووەکەمان. بۆیە، بۆ هەموو لایەکی ئاشکرا دەکەین کە هەم لەوەزارەتی ئەوقاف و هەم لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین و داواش لە داواکاری گشتی دەکەین کە ئەم کەیسە بجوڵێنێت و بەزووترین کات سزای ئەو کەسە بدات. چونکە لەڕێگای ئەو خیتابەوە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی کوردستان تێکدەچێت و ئازادی کەوتووەتە بەر خەتەر و ئەگەر پێشی پێنەگیرێت ئەوا ڕەنگە لەوە زیاتر سنوور ببەزێندرێت.
لەگەڵ ڕێزماندا
ناوەندی زەردەشتیانی کوردستان
ڕێکخراوی فەرهەنگ و فەلسەفەی زەردەشتیی کوردستان
پەرستگای زەردەشتیانی کوردستان/ سلێمانی
14-01-2016
Este artículo ha sido escrito en (کوردیی ناوەڕاست) Lenguaje, haga clic en el icono de
para abrir el artículo en el idioma original!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Este artículo ha sido visitado veces 11,563
Escriba su comentario sobre este artículo!