ڕاگەیانراوێک لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ڕوماڵ کردنی ڕاستەوخۆی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی وێنە ڕێگە پێ نەدراوەکان.
دوای ئەوەی هێزی پیشمەرگەی کوردستان ماوەی دوو ساڵە لەشەرێکی قورس دایە لەگەڵ گروپی تیرۆریستی داعش، وە تۆمارکردنی سەدان سەرکەوتن و ئازاد کردنەوەی چەندان ناوچەو شوێن هەمو ئەوانە بە قوربانی دان و گیان فیدایی پێشمەرگەکان بەدەست هاتوە، پێشمەرگەش بەئاکاری جوان و مرۆیی خۆی و ئازایەتی و تۆمار کردنی سەرکەوتنەکانی بوە جێگەی سەرنجی هەموو جیهان و تا کار گەیشتۆتە ئەوی ئێستا پیشمەرگە لەجیاتی هەمو جیهان شەری داعش دەکات و مرۆڤایەتی چاوی لەسەریەتی و بۆ کۆتایی هێنان بەتیرۆریستان.
لەبەرامبەر ئەوەشدا ئەگەرچی زۆرجار لێرەو لەوێ هەواڵ و ڕاپۆرت لەسەر هەندێ کردارو وێنە بڵاو کراوەتەوە لەسەر پێشمەرگە لەبەرەکانی جەنگ و بەناوی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەندێ جاریش بە مەبەستی ناوزراندنی پیشمەرگە هەوڵ دراوە هەواڵی ناڕاست لەسەر پێشمەرگە بڵاو بکرێتەوە بێ ئەوەی سەرکەوتنەکان و بارودۆخی بەرەکانی جەنگ لەبەرچاو گیرابێت. ئێمە ئەکاتانەو ئێستاش دووپاتی ئەوە دەکەینەوە کە پێشمەرگە جگە لەوەی هێزیکی ڕزگار کەرەو لەهەمان کاتدا پابەندیشە بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و یاساکانی جەنگ و ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکان و بەهیچ شێوەک ڕەفتارو کرداری یەک کەس لەبەرەیەکی جەنگ نابێتە کرداری هەمو پێشمەرگەو هێزە بەرگریکارە خۆبەخشەکان.
بەلام ئەوەی لەئێستا بۆتە جێگەی سەرنج و پێچەوانەی یاساکانی ڕۆژنامەنوسی و یاسای جەنگ کاردەکات و زەرەری گەورەی بە ئاراستەی پێشکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەو پلانە سەربازیەکان گەیاندوە بریتی لە ڕۆماڵی ڕاستەوخۆی کەناڵەکان و پیشاندانی پلانەکانی جەنگ و دیاری کردنی کاتی هێرش کردن و وە پیشاندانی وێنەی ڕاستەوخۆی کوشتن و تەقاندنەوەو تەرمی تیرۆیستان و تەنانەت چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ لاشەکان و فرێدان ولەناوبردنیان، بێ ئەوەی ئەو کەناڵانە ڕەچاوی لایەنی دەررونی هاوڵاتیان و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و هەستی بینەرەکانی خۆشیان بکەن کە بریتین لەژن و منداڵَ و پیرو پەککەوتەو نەخۆش و چین و تویژەکانی تری کۆمەڵگە هەرچەندە لەوڵاتی ئێمە هیچ پێوەرێک نیە بۆ کات و بینەری کەناڵەکان و ئەو جۆرە ڕۆماڵ و پیشاندانی ئەو جۆرە وێنەو گواستنەوەش ڕێگە پێدراو نیە.
ئێمە لەدەستەی مافی مرۆڤ وێڕای دەستخۆشی و بەبەرز زانینی ماندو بون و شەونخونی پەیامنێروکەناڵەکان لەبەرەکانی جەنگ بۆ ڕوماڵ کردنی سەرکەوتنەکان، لەهەمان کات پێمان وایە ئەو جۆرە ڕوماڵە هیچ خزمەتێک بەپرۆسەی سەرکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگە ناکات و بەهیچ شێوەیەک بەشێک نیە لە پلانی سەربازی و پێچەوانەی بنەماو کاروئیتیکی ڕۆژنامەوانی و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤیشە، چونکە ڕوماڵ کردنی بەرەکانی جەنگ و سەرکەوتنەکانیش پێویستی بە ڕێکخستن و چوارچێوە یاساکارپێکراوەکان و ڕێنمایی تایبەت هەیە زۆرجار یەک وێنەو هەواڵ لە ئاستی جیهانی بۆتە مایەی سەرنج و ڕەخنەو تۆمار کردنی وەک پێشێلکاری لەلایەن پێشمەرگەوە ، بۆیە لێرەوە ئەوە ڕادەگەیەنین کە پێویستە سەرجەم کەناڵەکانی ڕوماڵی ڕاستەوخۆ دەکەن پێداچونەوە بەچۆنیەتی ڕۆماڵ و گواستنەوەی هەوال َ و وێنەکانی بەرەکانی جەنگ بکەن و چیتر بەو شێوە بەردەوام نەبن، وە بەهەمان شێوەش داوا دەکەین پێشمەرگەو هاوڵاتیانیش بەگشتی خۆیان بەدوور بخەن لەوێنە گرتنی لاشەو دیمەنی نەشیاو و بڵاو نەکردنەوەی لەتۆرە کۆمەڵایەتیەکان کە دواتر بە زەرەر دەگەرێتەوە بەسەر ناوو ناوبانگی پێشمەرگەو میللەتەکەمان و لەبنەڕەتیشدا ڕێگە پێدراو نیە، و لایەنی پەیوەندیداریش ڕێو شوێنی پێوست بگرێتە بەر بۆ ڕێکخستنی کاری دەزگاو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەشێوەیەک کە ڕەچاوی لایەنە سەربازیەکان و بەها کۆمەڵایەتیەکان و مرۆیییەکان و پرۆفیشناڵی کار بکرێت، وخودی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنوس و پەیامنێرەکانیش پابەندی ئەو ڕێنمایی و یاسایانە بن کە بۆ ڕۆژنامەنوسی بەرەی جەنگ پێویستن لەپێناو پاراستنی گیانی خۆیان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
23-10-2016
Este artículo ha sido escrito en (کوردیی ناوەڕاست) Lenguaje, haga clic en el icono de
para abrir el artículo en el idioma original!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Este artículo ha sido visitado veces 9,358
Escriba su comentario sobre este artículo!