دواڕۆژ، #عیماد جەباری#
ماوەی چەند مانگێکە دزینی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل لە #کەرکووک# تۆمارکراوە و چەند باندێک دەستگیرکراون، پۆلیسیش دەڵێت باندەکان هیچ پێشینەیەکیان لەتاواندا نییە.
موقەدەم عەبدولقادر فەخرەدین، بەڕێوەبەری نوسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێل لەکەرکووک بە دواڕۆژی وت لەماوەی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکان توانیان چەند باندێک بەتۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل لەکەرکووک دەستگیربکەن و ئەوەیش بووە هۆی کەمبوونەوەی ئه و جۆرە تاوانە.
وتیشی چەند ڕۆژێکە جارێکیتر ژمارەیەک ڕووداوی دزینی ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، تەنها یەکێکیان لەژێر فشاری چەکدابووە.
سێشەممەی ڕابردوو 2ی کانونی دووەم، دزینی دوو ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، یەکێکیان ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ بووە کە خاوەنەکەی خوێندکارە و لەبەردەم پەیمانگەی تەکنیکی کەرکووک دزراوە، ئەوەی دیکەیش ئۆتۆمبێلێکی جۆری توێتا دەبڵ مەرزی بووە لەگەڕەکی عەسکەری شارەکە لەلایەن 3 چەکداری نەناسراوەوە ڕێگای لێگیراوە و لەژێر فشاری چەکدا دزراوە.
بەپێی ئامارێکی پۆلیس کە دەستی دواڕۆژ کەوتووە، لە 7 ڕۆژی ڕابردوودا 6 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر لەناو کەرکووک دزراون.
سەبارەت بەناسنامەی باندەکان، ئەفسەرەکەی پۆلیس ڕونیکردەوە سێ باندی تایبەت بەدزینی ئۆتۆمبێل دەستگیرکراون، سەرجەم دەستگیرکراوەکان پێشینەی تاوانیان لەلای پۆلیس نییە و تازە دەستیان بەم جۆرە تاوانانە کردووە.
موقەدەم عەبدولقاد، ئەوەشی خستەڕوو، ئۆتۆمبێلە دزراوەکان دەبرێنە دەرەوەی کەرکووک و مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت.
لە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بەپێی ئامارەکانی پۆلیس 36 ئۆتۆمبێل دزراون، لەدوایین کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیشیدا لیوا موعن سەعید، فەرماندەی فیرقەی دووی دژەتیرۆر گەڕاندنەوەی 27 ئۆتۆمبێلی ڕاگەیاند کە ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە.[1]
#05-01-2018#