لە سەد و بیستەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی و بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەین، هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە کاری پیشەییانە و گەیاندنی پەیامی دروست و نیشتیمانیانەدا بۆ خزمەتکردنی زیاتر بە کۆمەڵگا، داکۆکیکردنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیش لە ماف و خواستەکانی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بەرز دەنرخێنین.
مایەی شانازییە لە هەرێمی کوردستاندا دەیان دەزگای ڕۆژنامەوانی و میدیایی بە جیاوازیی بیروڕا و پەیامی سیاسییەوە لە کەشێکی ئازاددا کار دەکەن. ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ڕێگەی پێڕەوکردنی میتۆدێکی دروستی پیشەییانە و مەدەنیانەی متمانەدار و دوورکەوتنەوە لە هەر کردە و ڕەفتارێک زیان بە شکۆ و ناوبانگی میدیای کوردی و ئاشتی و سەقامگیریی کۆمەڵگا بگەیەنێت، دەتوانن ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت لە پاراستنی ئەم ئازادییەی کە مافی خۆیانە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پەرۆشی ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو و شارستانیانەیە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی بەپێی پرەنسیپەکانی ئازادیی بیروڕا. لەگەڵ پاراستنی هەموو ئەو مافانەی وەک دەسەڵاتی چوارەم بە میدیا ڕەوا بینراوە، هاوکات چاوەڕوانیشی لە دەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانی کوردستان هەیه وێڕای ڕۆڵی کاریگەریان لە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی، ڕۆڵێکی کاریگەر لە هاوکاریکردنی دەزگا حکوومییەکان بگێڕن لە میانەی چاودێریکردن و بەدواداچوونی کار و پرۆژە جیاجیاکانەوە و ببنە پردی نێوان هاووڵاتیان و حکوومەت.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان کەشێکی ئازاد و ئارام ڕەخسێنراوە بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نیشتیمانیی عێراق کە خوازیارین لە کەشێکی مەدەنیانەی دروست و سەقامگیردا بەڕێوە بچێت، لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانی کوردستانیش داواکارین ڕۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەریان هەبێت لە پاراستنی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێشکەشکردنی ئەزموونێکی جوانی دیموکراسی کە شایانی ناو و ناوبانگی کوردستان و مێژووی خەبات و قوربانییەکانی بێت.
لەم یادەدا سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی ئەو ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانەی کوردستان دەنێرین کە لە بەرەکانی جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش لەپێناو گەیاندنی زانیاری و ڕاستیدا گیانیان بەخشی، لەگەڵ ڕێز و پێزانینمان بۆ سەرجەم ئەو دەزگا میدییانەی لەو ئەرکە نیشتیمانیەدا ڕۆڵی خۆیان بینیوە. بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەسەر دەستی ڕەوانشاد مامۆستا (میقداد مەدحەت بەدرخان).
ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان
#22-04-2018#
Este artículo ha sido escrito en (کوردیی ناوەڕاست) Lenguaje, haga clic en el icono de
para abrir el artículo en el idioma original!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Este artículo ha sido visitado veces 2,414
Escriba su comentario sobre este artículo!