دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران، چاوەڕێدەکرێت ئەو گەمارۆیانە لە ئاستێکی زۆر بەرز و بەربڵاو ئەو وڵاتە بگرێتەوە، هاوکات کاریگەریی ئەو گەمارۆیانە بۆ کوردانی خۆرهەڵات دوو ئەوەندەیە.
ئەو سزایانەی کە بەگوێرەی پلانەکانی ئەوروپا و ئەمریکا بڕیار بوو زیرەکانە بێت و تەنیا حکومەت و دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران بگرێتەوە، یەخەی بە دانیشتووانی ئێران و ژیانی ڕۆژانەی ئەوانیش گرتووە و تەنگی پێهەڵچنیون.
لەم نێوانەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەر چوار پارێزگاکانی #سنە#، #کرماشان#، #ئیلام# و #ورمێ# لە ڕێژەی پارێزگا هەژارەکانن بەتایبەت پارێزگای سنە، پشکی شێریان بەرکەوتووە لەو سزایانە.
ئەو گەمارۆیانە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەریی نەرێنی زۆری بەدواوە بووە، لەوانە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەک، زۆربوونی نرخی وزەکان (کارەبا، گاز)، داخرانی ژماریەکی زۆر لە کارگەکان و تەنانەت کەمکردنەوەی کارمەند لە فەرمانگەکان و زیادبوونی ڕێژەی بێکاریی، هاوکات کەمبوونی شمەکە پێویستەکانی ژیان بەتایبەت دەرمانی نەخۆشییە دەگمەنەکان.
لەم بارودۆخەدا ئەو کەسانەی زۆرترین زیانیان لە ئابڵوقەکان بەردەکەوێت، بریتین لە کرێکاران، کارمەندان، مامۆستایان، ژنان، منداڵان بەساڵاچووان و خانەنشین کراوەکان و ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشییە مەترسیدار و دەگمەنەکانن کە بەهۆی گرانی و نەبوونی دەرمان و چارەسەر دەبنە ئامانجی سەرەکی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
د. مەهدی تەقەوی مامۆستای دەرونناسی لەزانکۆی سنە و تاران بە سایتی ئێران خەبەری وتووە لەو بارودۆخەدا باری دەروونی هاوڵاتیانی کورد زیاتر لە چینەکانی دیکەی ئێران تووش ئاڵۆزی بووە، ئاماری خۆکوشتن بەرزبووەتەوە، مادە هۆشبەرەکان زیاتر لە ڕابردوو یەخە بە لاوانی کورد دەگرێت، نائۆمێدی و خەمۆکی و نەخۆشییەکانی دیکەی دەروونی بەخێرایی ڕووی لەزیاد بوون کردووە زۆربەی لاوان لە هەوڵی چوون بۆ تاراوگە و هەندەراندان.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە سایتی ئیران خەبەر بڵاوکراوەتەوە خەڵک لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیانوایە ئێران وڵاتێکی پر سەروەت و سامانە، بەڵام بەشی ئەوان لەو هەموو سەروەت و سامانە تەنیا هەژاری و نەهامەتییە.
پیشەی کۆڵبەریش کە لە چەندین ساڵی ڕابردوودا سەرەکی ترین و پڕ مەترسیترین پیشەی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بووە، بەهۆی داخرانی سنوورەکان و یاسا نوێکانی پەرلەمانی ئێران، یان ڕاوەستاوە، یان لە ئاستێکدایە کە ناتوانێت دابینکەری بژێوی ژیانی هاووڵااتیانی کورد بێت.
لەو نێوانەشدا چالاکی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچە کوردنشینەکاندا زیادیکردووە کە لە هەوڵی هاندانی هاووڵاتیانی کورد دان بۆ چوونە ناو سوپای پاسداران.
لەلایەکی دیکەشەوە چوون بۆ وڵاتانی دراوسێ بۆ کارو دابینکردنی بژێوی ژیان، بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان بە هۆی زیادکردنی ڕسومات و گومرک وەکوو ڕابردوو ناکرێت و بە کورتی بارودۆخی هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو لایەکەوە نالەبارە.[1]
#13-08-2018#