دواڕۆژ، هانا #چۆمان#ی
ماوەی چەند ساڵێکە نەخۆشیەکی تر بەرۆکی کچانی کوردستانی گرتووە دوای هاوسەرگیری درەنگ منداڵیان دەبێت لەکاتێکدا کێشەی نەزۆکییان نییە، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی ژنانیش دەڵێت زۆرجار کێشە سەرەکییەکە لای پیاوە نەک ژن.
سەردانیکردنی نۆرینگەی پزیشکی منداڵان و ئافرەتان لە هەڵکشانە، زۆربەی ئەوانەی سەردانیان دەکەن ئەوانەن ماوەی چەند ساڵێکە هاوسەرگیرییان کردووە، تا ئێستا منداڵیان نییە، لە پشکنینە پزیشکییەکانیش دەردەکەوێت کەنەزۆک نین.
دواڕۆژ سەردانی یەکێک لە نۆرینگە پزیشکییەکانی شاری #هەولێر#ی کرد، لەوێ ژمارەیەک هاوسەر لەچاوەڕوانیدان بۆ بینینی پزیشکی پسپۆڕ، یەکێک لەوانە ئازاد و ژینۆی هاوسەری بوون، ئازاد تەمەنی 26 ساڵە و ژینۆش 24 ساڵ و ماوەی 3 ساڵە هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئێستا مناڵیان نەبووە سەردانی پزیشکیان کردووە.
ئازاد ڕوونیدەکاتەوە، سەرەتا پشکنینی نەزۆکیمان کرد، دکتۆر وتی هیچ کێشەتان نییە، ئەندامی زاوزێی هەردووکتان ئاساییە و و سپێرمت کێشەی نییە، بەڵکو دەبێت پشکنینی تر بکەن، بۆیە دوای دووجار پشکنین، هۆکارەکەمان زانی بۆ مناڵمان نابێت.
بەپێی پشکنینەکان ژینۆی هاوسەری ئازاد، دەرکەوتووە کە هۆکاری مناڵنەبوونی زۆریی کێشیەتی بەهۆیەوە کاریگەری دەروونی دروستکردووە و سپێرمەکان ناپیتێن.
ئازاد بۆ دواڕۆژ ئەوەش دەڵێت دکتۆرەکە پێی وتین، ژینۆ کێشی 89 کیلۆگرامە، بیردەکاتەوە نائارامە هەروەها چەند کێشەیەکی تری هەیە لە ئەندامی زاوزێیدا کە ئەوان سادەن چارەسەریان هەیە.
ئازاد ئەوەش دەخاتەڕوو، خۆ ئەگەر مناڵیشمان نەبێت کێشەمان نییە ئێمە یەکمان هەر خۆش دەوێت، بەس بەردەوام خەڵک دەڵێن بۆ مناڵتان نابێت ئیدی ئەوە زۆر قسەیەکی ناخۆشە.
ئێمە لە نۆرینگەکە پرسیارێک ڕووبەڕووی دکتۆرە قورینگ محەمەد پسپۆڕی تایبەتی نەخۆشییەکانی ژنان دەکەینەوە بۆچی ئێستا بەشێک لەوانەی هاوسەرگیری دەکەن درەنگ مناڵیان دەبێت؟
دکتۆرە قورینگ، دەڵێت، ئەوە پرسێکی گرنگە و دەبێت میدیا کاری لەسەر بکات، چونکە ڕۆژانە دەیان کەس پەیوەندیمان پێوە دەکەن و دەپرسن کە ماوەی چەن ساڵە هاوسەرگیرییان کردووە، کەچی منداڵیان نەبووە، لە پشکنینەکانیش دەرکەوتووە کە هیچ کێشەی نەزۆکی و هێلکەدان و سپێرمیان نییە، بەڵام بێگومان هۆکار زۆرە.
کێشەکان لە وڵاتێکەوە بۆ یەکێکی تر گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، دکتۆرە قورینگ لەبارەی هۆکارەکان لە کوردستان دەڵێت لە کوردستان زۆرجار کێشەکە لە پیاواندایە، نەک لە ژنان، بەڵام ژنانیش بەشێکی هۆکارەکەن هەرچەندە هی ئەوان جۆراوجۆرن.
ئەو دکتۆرە بۆ دواڕۆژ دەشڵێت کێشەی ئێرە ئەوەیە تۆوی پیاو ناگات بە هێلکەکانی ئافرەت، لاوازی تۆوی پیاو، ناشارەزایی لە سێکس لەکاتی جوتبوون، لەبەرامبەردا زۆرێک لە ژنانیش قەڵەون، بۆیە ڕووبەڕووی ئەوە دەبنەوە، جگە لەوەی ئێستا کێشەیەکی گەورە هەیە ئەویش لاوازی ڕەحمی ژنە.
هۆکاری زیاتر هەیە، بەڵام زیاتر لە هەرێمی کوردستان ئەوانەی سەرەوەن جگە لەوەی (بەکارهێنانی حەپی ڕێگری (مەنع)، پاک ڕانەگرتنی ئەندامی زاوزێی مێینە و هەوکردنی ئەندامی زاوزێی، بوونی کیس، جگەرە کێشان و نێرگەلە، خواردنی ناتەندروست و تێکچونی هۆرمۆنەکان لە ژناندا هۆکاری سەرەکین.
لەنجە ڕەشید، یەکێکی ترە لەو ژنانەی مناڵی نەبووە، 3 ساڵ و 4 مانگە هاوسەرگیری کردووە، تەمەنی 28 ساڵە، لەنجە بۆ دواڕۆژ دەڵێت زۆر قەلەقم و جگە لە قسە و نیگەرانی ماڵی خەزورم خۆشم نیگەرانم و ئاخۆ بۆ هیچ کێشەم نییە کەچی مناڵم نابێت؟.
لەنجە دەڵێت، دکتۆر پێی وتووم کیسی ناو ڕوحمت هەیە، تا کیسەکە کۆتایی نەیەت، مناڵت نابێت، ئەویش دوو ڕێگای هەیە دەرمان و نەشتەرگەری سەرەتا من دەرمان بەکاردەهێنم، ئەگەر کۆتایی نەیەت دەبێت نەشتەرگەری بکەم.
دکتۆرە شیرین پاشا، باس لە ڕێگاکانی چارەسەری دەکات و بۆ دواڕۆژ دەڵێت چارەسەری کێشەی دواکەوتنی مناڵبوون کەمێک قورسە، بەڵام پەیوەستە بە جۆری هۆکاری دواکەوتنەکە و نەخۆشییەکە، چونکە هەندێکیان پێویستیان بە ڕێنمایی هەیە و هەندێک دەرمان و هەندێکیش نەشتەرگەری، بۆیە جیاوازی هەیە.
وتیشی چارەسەری سروشتی پێویستی بە هۆشیاری و ڕێنمایی هەیە و ماوەی نزیکەی 6 مانگی دەوێت، بۆ چارەسەری تەواو و هەروەها چارسەری حەپ و دەرمان بۆ ماوی 1 بۆ 3 مانگ درێژە دەخایەنێت و نەشتەرگەریش جۆری هەیە و ماوەکانی جیاوازن.
هەروەها دەشڵێت، دەمەوێت هەموو هاوسەران دڵنیا بکەمەوە کە ئەگەر ژن یان پیاوەکە نەزۆک نەبن، بەدڵنیایی درەنگ یان زوو دەبن بە دایک و باوک و مناڵیان دەبێت.[1]
#16-08-2018#