1- گرتن و لێدان بۆ ئازادیخوازان بەشێکە لە ڕێگاکە، بەڵام بۆ سوڵتە بەشێکە لە ستەمکاریی.
لە ڕێگەی ئەو گرتن و لێدانەشەوە، ستەمکاریی بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ، ڕێگاکە بۆ ئازادیخوازان تەواوئەکات، بۆیە ڕەوتی ستەم، قەت ڕەوتی ئازادی ناوەستێنێ!
2- دنیاکە هی هەمووانەو تەنیا عەدالەت و دیموکراسیش ئەتوانن بیکەن بە هی هەمووان، لەوە بترازێ یان دیکتاتۆرە دنیای هەمووانت بۆ دائەتاشێ، یان ئایدۆلۆژیایە وەهمی دنیای هەمووانت لا دروست ئەکات!
3- دنیاکە هی هەمووانەو کێشەی ستەمکار ئەوەیە، وائەزانێ هێز ئەتوانێ ئەو حەقیقەتی بۆ بگۆڕێت!
لەکاتێکا مرۆڤ ئەو کاتەی کە هێزو زەبری ستەمکاری بەرئەکەوێ، لە هەموو کات زیاتر تێئەگات لەوەی، کە دنیایەک هەیە (هی هەمووانە) بەڵام زەوت کراوە!
4- گشتاندن پشکی ئێمەیە لە ستەمکاریدا، ئەو کۆڵانەیە کە بە نەشارەزایی لێوەی ئەچینەوە سەر ستەمکاریی!
ئازادیخوازان تا ڕێژەیی نەبنەوەو خۆیان لە گشتاندن دانەماڵن، ناکەونە سەر ڕێچکەی دروست، چونکە ئازادیخوازی پاساونیە بۆ ستەمکاریی، بەڵام ناستەمکاریی مەرجە بۆ ئازادیخوازی.
5- مرۆڤی ئازادیخواز بۆئەوەی نەکەوێتە داوی گشتاندنەوە، ئەبێ وریابێت لە شەپۆلەکانی حەماسەت، چونکە گشتاندن چەکی کاریگەری پۆپۆلیزمە!
مەسەلەن جوملەی (پێشمەرگە دزبوون.) بتەوێ و نەتەوێ ستەمکارییە دەرهەق بەو پێشمەرگانەی کە دزنەبوون. ستەمکاری و ئازادیش کۆنابنەوە، تۆ ناتوانی ستەمکاریش بیت و ئازادیخوازیش بیت.
6- (بەرەی خەڵک) دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵەو ستەمی پارتی یەکێتییە کە بەناوی هەموو نەوەتەوە قسەئەکەن.
لەڕاستییا (هەموواندن) درۆیەکی ئایدۆلۆژی پۆپۆلستییەو هیچ هێزێک نوێنەری هەموو نیە، چونکە حەقیقەت ڕەنگاوڕەنگە.
7- پێشمەرگە پیرۆزنیەو قابیلی قسە لەسەر کردنە، بەڵام ڕاگەیاندنیش پیرۆزنیەو ئەویش قسە زۆر هەڵئەگرێ!
ئاخر بەرامبەر (شەرعیەتی شۆڕشگێڕی) کە خەتێکی سور نافامێ و تا ئەوپەڕی نابەرپرسیارێتی ڕۆشتووە، جۆرێک لە (شەرعیەتی موعارەزەیی و ڕۆژنامەنوسی)ش پەیابووە، کە ئەمیش هەر خەتی سوری نیەو تا هەمان شوێن ئەڕوا!
دەی ئەوەش هەر ستەمکارییەو ناشێ ئازادیخوازیی بێت، چونکە هەردولا هەر پەتەکە ڕائەکێشن و لەو بەینەشا هەر منو تۆ ئەپچڕێین.
8- تەسەوراتە جەماعییەکان، ئەوانەی کە کۆمەڵگاو دین و حیزب و ڕاگەیاندن و ئایدۆلۆژیا.. بۆتی دروستی ئەکەن، هەمووی ستەمکارانەن، چونکە مافی عەقڵ و بیرکردنەوەی تۆی تیا پێشێڵکراوە.
تا لە دەرەوەی دیدە جەمعییەکان، بیرێکی تاکانەو خۆتانە نەکەیتەوە، ناتوانی لە ستەمکاری لادەیت و بچیتە سەر خەتی ئازادی، چونکە ئازادیی یەکەم ئازادی عەقڵە.
ئازادی بەرهەمهێنانەو لە بیرکردنەوەی خۆتدا بەرهەم دێ، ئەوەی لە گروپی وەرئەگریت بەکاربردنەو وەهمی ئازادی و تەوقێکی ترە نەک ئازادی خۆی.
9- خوارییەکان لە ئومێدەوە ڕاست ئەکرێنەوە، چونکە بەبێ ئومێد هەنگاو نانرێ.. ئومێدیش لەو وێنەیەدایە کە خۆت ئەیبینیت، نەک لەو وێنەیەی کە قەرەباڵغیی بۆتی دروستئەکات!
حەشامەت بیرکردنەوەت لێوەرئەگرێتەوەو لە بیرنەکردنەوەشدا، هەمیشە تۆ دوای وێنەیەک ئەکەویت کە دواتر بۆت دەرئەکەوێ وانیە، ئیتر نائومێد ئەبیت، یەعنی ئەوسەری قەرەباڵغیی هەمیشە نائومیدییە!
بەڵام بیرکردنەوە بەرەو وێنە ڕاستەقینەکەت ئەبات، ئیتر تێیئەگەیت و ڕێکارو پلانی دروستی بۆ دائەنێیت، ئیتر گەشبین و ئومێدەوارئەبیت.
10- مرۆڤ بە دوو قۆناغ ئەگات بە مرۆڤایەتی، خۆبوونەوەو خودناسی، ئەو قبوڵکردن و ئەو دۆستی.
تاکو تاکنەبیتەوە نابی بە خۆت، تا نەشبیتەوە بە خۆت، ناتوانی ئەو قبوڵبکەیت، چونکە لە غیابی خۆتدا، ئەسڵەن تێناگەیت (ئەو) چیە بە مانا فەردییەکەی!
لەناو سیاقە جەماعی و باوەکاندا، لە دیدی تۆوە، ئەو تەنیا ڕەقەمێکە بۆ قەرەباڵغی ئەوکاتەی لەگەڵتا دێتەوە. ئەو تەنیا شتێکە بۆ سڕینەوە ئەو کاتەی لەگەڵتا نایەتەوە.
بەڵام کاتێ خۆت ئەچیتە دەرەوەی سیاقە باوەکان و عەقڵی خۆت لە کۆمەڵ وەرئەگریتەوەو ئەبیتە کائینێکی بیرکەرەوە، ئیتر لەوەش تێئەگەیت کە هەموو (ئەو)ێکی تریش وەکو تۆ، هەر پرۆژەی کائینێکی بیرکەرەوەیەو کە جیاوازیشە تاوانێکی نەکردوە، تەنیا بیری کردۆتەوە، بۆیە ئاسایی قبوڵی ئەکەیت!
بەڵام لەناو جەمعدا، تۆ تەنیا بە شەرتی لێکچوون قبوڵئەکرێیت، کە ئەوەش شەرتێکی ستەمکارانەیە.
11- تەلەفزیۆنەکەت خامۆشکەو عەقڵت داگیرسێنە، پێش هەرشت لە ماهییەتی خودی تەلەفزیۆن تێئەگەیت، کە چ تلیاک و بەربەستێکە لەبەردەم بیرکردنەوەی تۆدا.
سەیرکە چونکە تلیاکەکە لە بێ هۆشکردنی ئێمەدا نەجاحەتی هێناوە، دنیایەک قەناتی خەبەریمان هەیەو کۆمەڵێکی تریش بەڕێوەن! هەمووشیان هەر (هۆشیارمان ئەکەنەوە)!! لەکاتێکا خودی هۆشیاربوونەوە، هەر ئەوەیە کە ئەو قەناتانە لێگەڕێن و مەجالێک بدەن بیربکەینەوە.
واز لە تلیاکی خەبەریی بێنە، تۆ بێئاگابیت لە خۆت ناتوانی ئاگات لە دنیابێت.
12- بایکۆتی قەناتە خەبەری و سیاسییەکان بووە بە زەرورەت، چونکە بەردەوام لە شەپۆلێکەوە ئەتدەنە دەست شەپۆلێکی ترو لەنێو شەپۆلیشدا، تاکە شتێک کە ناکرێ بیرکردنەوەیەو لە غیابی بیرکردنەوەشدا تاکە شتێک کە میوانە ڕقە.
13- دوژمن دەسەڵات موعارەزە شاشە پەرستگا.. لەوەدا سەرکەوتوبوون کە تاک و کۆمەڵی ئێمە بخەنە دۆخی بیرنەکردنەوە.
دۆخی بیرنەکردنەوەش هەر ئەوەیە کە توندوتیژی تیایدا ئەگەری یەکەم و تاکە ئەگەرە، بۆیە دوو سایەقی ئێمە لەسەر هۆڕنێک یەکتری ئەکوژن!
تاکی ئێمە بووە بە ڕومانەیەک، کە بەسیتترین بەرکەوتن لەگەڵیدا، وەکو وایە ئەڵقەکەیت ڕاکێشابێت!
جا بۆ ئەوەی توندوتیژی ببێتەوە بە ئەگەری ئەخیرو ناچاریی، ئەبێ تاک بخەینەوە بیرکردنەوە، بۆ ئەوەش سەرەتا ئەبێ بڕێک هێوری بکەینەوەو لە شەپۆلەکانی وەرگرینەوە.
14- جا لە پێناو ئەو هێوربوونەوەیە (نا بۆ ئیخبار بەڵێ بۆ تۆم و جیری) !
ئاخر تۆ لەکاتی سەیرکردنی ئەفلامکارتۆندا، ڕقت لە هیچ نیە، بەڵام لەکاتی موتابەعەی هەواڵ و چەلەحانێ و هاشوهوشدا.. تەنانەت ڕقت لە خۆشتە چجای ئەوانیتر[1].