ئازادی ڕاستەقینە) وابەستەنەبوونە بەو شتانەوە کە ئینسانەکان یەکتری لەسەر ئەکوژن. ئینسانەکانیش بەگشتی لەسەر (نان و پیرۆزیی) یەک ئەکوژن، کەواتە ئازادیی ڕاستەقینە ئازادبوونە لە نان و پیرۆزیی!
بەڵام ئینسان نە بێ نان ئەژی، نە بێ حیکایەت، ئەی چۆن ئازادبێ لێیان؟ ئاخر ئینسان وەکو جەستە مادەیە، وەکو ڕۆح و بیرکردنەوەش نامادەیە، ئیتر چۆن دابڕاوبێ لە مادەو نامادە؟
وەڵام: ئازادبێ لێیان بەو مانایە نا کە پەیوەندی نێوانیان نەمێنێ، بەو مانەیە کە چیتر پەیوەندی نێوانیان کۆیلایەتی نەبێت. پەیوەندیەکەش کاتێ کۆیلانە نیە، کە لە وجودی ژیانێکی کەرامەتمەندانەدا بێت، نەک ئەوەی نانەکە لەبری کەرامەت و حیکایەتەکانیش لەبری ژیانەکە دابنرێن!
ئینسانێک بە تەنیا ناتوانێ ئەو نانە بەرهەمبێنێ کە ئەیخوا، ناتوانێ بە تەنیا ئەو جلە بەرهەمبێنێ کە لەبەری ئەکات.. بەهەمان شێوە ناشتوانێ لە دەرەوەی حیکایەت و خەیاڵاتە دەستەجەمعیەکاندابێت، چونکە جۆرێک لە ئارامی و دڵنیایی تیابەدەست دێنێ..
ئاڵاش بەشێکە لەو حیکایەتانەو تازە بمانەوێ و نەمانەوێ هەر کۆمەڵە ئینسانێک ئاڵایەکیان هەیەو دڵیان پێیخۆشە، تازە ئاڵا حیکایەتێکە کە ئەوانیتر هەیانەو عەدالەت وایە کە ئێمەش هەمانبێت!
ستەمکاری ناوخۆش وجودو ماهیەتی ئاڵا بەتاڵ ناکاتەوە، ئاڵا وەکو حیکایەتێک و هاوبەشییەک باشە کە هەیە، چونکە حیکایەت و هاوبەشیی ڕەگەزێکی گرنگی بوون و مانەوەن و ئەوانە نەبن ئینقراز ئەکەین.
تیجارەتی گروپێکیش بە هاوبەشییەکانەوە، ناکاتە ئەوەی کە خودی هاوبەشییەکان پێویست نەبن، خۆی ئەسڵەن تیجارەت هەر بەو شتانەوە ئەکرێ کە پێویستن!
خۆی ئەسڵەن نوسخەی تەزویر هەر بۆ ئەو شتانە دروست ئەکرێ، کە ئەسڵەکانی گرنگ و مانادارن.
جا وەکچۆن ستەمە، ئەوانیتر ئاڵای ئێمە زەوت بکەن، ئاواش هەر ستەمە ئێمە خۆمان بە خۆمانی ڕەوا نەبینین و داخی شتەکانی تر بە ئاڵا بڕێژین!
بەڵام ئاڵا کە لە حیکایەتێکی هاوبەشەوە بووبە ڕەمزێکی ستەمکاریی، ئیتر ئاڵا هەر پێویستە، بەڵام ئیتر ستەملێکراوان ئاڵای خۆیان لە ئاڵای ستەمکاریی جیائەکەنەوە!
وەکئەوەی گەلانی سوریا کردیان و بە ئاڵایەکی ترەوە هاتنە سەر جادە.
یان وەکئەوەی کە بارزانی نەیهێشت ئاڵا سێ ئەستێرەکەی عێراق لە هەرێم هەڵبکرێ چونکە لە ژێریا ستەم و جینۆسایدمان بەرامبەرکراوە..
جا ئێمە هێشتا لەو دۆخەداین کە ئەوانیتر ئاڵاکەمان ڕەت ئەکەنەوە، بۆیە هێشتا بە توندی دەستی پێوەئەگرین!
تا ئەوەش هەبێ ئەم ئاڵایە هەر ڕەمزەو هەر حیکایەتێکی گشتییە، خۆ ئەوە نەبووایە 29ساڵ ستەمکاریی بەسبوو بۆئەوەی ئەمە داگرین و دانەیکی تر هەڵکەین و پێش هەر شتیش بیکەین بە چاوی بارزانیدا بە هەمان ئەو پاساوانەی کە خۆی هەیبوو بەرامبەر ئاڵاکەی عێراق!!
باشترین ئاڵاش کە خەڵکی ناڕازیی بەرامبەر ستەمکاریی کوردی بەرزیکەنەوە، خودی ئاڵای کوردستانە، چونکە وەک وتم ئەو ئاڵایە تا نەیاری دەرەکی هەبێت، هێزو ڕەمزییەتی ناوخۆی هەیە، کاتێکیش بەجێ ی ئەهێڵین بۆ ستەمکاریی، لەڕاستیدا خاڵێکی هێزی بۆ بەجێدێڵین.
ئاڵا نە بتێکە بۆ پەرستن، نە پەڕۆیەکە بۆ فڕێدان، بەڵکو بەقەت ئەوەی کە حیکایەتێکی هاوبەشە، گرنگەو ڕێزلێگیراوە. جا خۆزگە فێرئەبووین شتەکان وەک خۆی ببینین نەک وەکو (لەگەڵ و دژ) کە هیچیان وێنە ڕاستەکەت نادەنێ!!
.................
دواجار (ئاڵای یەکەمی وڵات ئینسانەو نیشتمانی یەکەمی ئینسان ژیانەو ڕەمزی یەکەمی ژیان عەدالەتە.) ئەمە حیکایەتی یەکەمەو هەموو حیکایەتەکانی تر با هەبن، بەڵام پلە دوون!
کە حیکایەتە پلە دووەکانیش بوون بە جێگرەوەو بەدیلی حیکایەتی یەکەم، ئیتر ڕەمزیەت و پیرۆزییەک لەئارادانیەو شتەکان لە جۆری فریودانن نەک لە جۆری هاوبەشیی[1].